ئێستا هاوكارییەكە راگیراوە
وەرگرتنی هاوكاری دارایی لەلایەن گۆڕانەوە لەیەكێتی مشتومڕ دروست دەكات

کوردستان

09/07/2018‌ 6137 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەقسەی دوو بەرپرسی بزووتنەوەی گۆڕان، ئەو بزووتنەوەیە، دوای ئەنجامدانی رێككەوتنی سیاسی لەگەڵ یەكێتی نیشتمانی، مانگانە وەك هاوكاری بڕێك پارەی لەو حیزبە وەرگرتووە.

هەر بەقسەی ئەو بەرپرسانەی گۆڕان، كە لە خەلیل سەركانی، ئەندامی جڤاتی گشتی گۆڕان‌و عەلی حەمەساڵح پەرلەمانتاری گۆڕان پێكهاتوون، ئەو هاوكارییە داراییە، مانگانە برەكەی "دوو سەدو پەنجا هەزار دۆلار بووە".

ئەو بەرپرسانەی گۆڕان لەدوو لێدوانی جیاوازدا، ئەوەشیان راگەیاندووە، كە ئەو هاوكارییە داراییە دوای رووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری رابردوو، هەڵپەساردنی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتی‌و گۆڕان راگیراوە.

یەكێتی‌و گۆڕان لەمانگی پێنجی ساڵی 2015 رێككەوتنی سیاسییان واژووكردو دواتر بەبیانووی جێبەجێنەكردن، گۆڕان رێككەوتنەكەی لەگەڵ یەكێتی لەساڵی 2017 هەڵپەسارد.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، پرسی وەرگرتنی ئەو هاوكارییە داراییە لەلایەن گۆڕانەوە لەیەكێتی، مشتومڕی لەناو بزووتنەوەكە دروستكردووەو مشتومڕەكەش بەردەوامی هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، مشتومڕەكە بەشێوەیەكە، كە نەدەبوو گۆڕان ئەو هاوكارییە داراییە لەیەكێتی وەربگرێت، لەكاتێكدا، سەرچاوەی ئەو پارەیە دیار نییەو گۆڕان خۆی دژی نادیاری سەرچاوە داراییەكانی پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانییە.

دوای دروستبوونی ئەو مشتومڕەش، كەناڵی كەی ئێن ئێنی ئۆرگانی فەرمی بزووتنەوەی گۆڕان، راپۆرتێكی لەسەر سەرچاوەی داهاتی بزووتنەوەكە بڵاوكردەوە، كە شارپرێس ئەوەشی زانیوە، ئەو راپۆرتە بۆ رەواندنەوەی مشتومڕەكان بووە.

هـ ـ ح