عەشایرەكان كوژراویان هەیە
داعش بەستراتیژێكی نوێوە پەلاماری سەڵاحەدین دەدات

عیراق

14/07/2018‌ 3586 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: نیقاش
لەپەلاماری‌ دوو مانگی‌ رابردووی‌ داعشدا بۆ سەر سەڵاحەدین، بەدەیان كەسی‌ سەر بەعەشیرەتەكان كوژارن‌و رفێنران، ئەمەش بووەوە بابەتێكی‌ گەرمی‌ میدیایی.

رێكخراوەكە ستراتیژێكی نوێی پەیڕەو كردووە‌و تێیدا لە ڕێی كردەوەی سەربازییەوە فۆكەسی خستووەتە سەر بەتاڵكردنی ناوچەیەكی بەرفراوانی پارێزگاكە لە دانیشتووانەكەی لەوانەی كە لایەنگری نین یاخود هاوكاری دەزگا ئەمنییەكانی حكومەت دەكەن، بەمەش شوێنی خۆحەشاردان‌و مەشقكردن‌و نەخشەدانانی ئاسان بۆ پەلامارەكانی مسۆگەر دەكات لەو ناوچانەوە كە بەباشی شارەزایانە‌و ئۆپراسیۆنە سەربازییەكانی پێشوو تێیدا نەیانتوانی لەناوی ببەن.

ئەو ناوچانەی رێكخراوەكە هەوڵی چۆڵكردن‌و كۆنترۆڵكردنیان دەدات بە مۆڵگەی پێشو‌و حەشارگەی گرنگ‌و گۆڕەپانی مەشقكردن‌و هەڵاتن‌و خۆڕێكخستنەوەی رێكخروی قاعیدەی پێشوو دادەنرێن كە دواتر داعش لەكاتی كۆنترۆڵكردنی پارێزگا عێراقییەكان لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 بەكاری هێنان.

دیارترین ئەو ناوچانەش شاخەكانی حەمرین‌و باشووری خۆرهەڵاتی سامەڕان كە درێژدەبنەوە بۆ سنووری هەردوو پارێزگای دیالەو كەركوك لەگەڵ ناوچەكانی خۆرئاوای قەزای شەرگات (120 كم لە باكووری تكریت)‌و خۆرهەڵاتی قەزای خورماتوو (94 كم لە باكووری خۆرهەڵاتی تكریت).

ئەحمەد كەریم سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای سەڵاحەدین بە "نیقاش"ی وت: "رەوشی ئەمنی ناجێگیرە‌و دڵنیاكەرەوە نییە‌و هەڵكشانێكی بەرچاو لە رەوتی پەلامارەكانی داعش لە خۆرهەڵات‌و خۆرئاوای پارێزگای سەڵاحەدیندا لەئارادایە، پێشبینی دەكەین ژمارەیان بەسەدان كەس بێت، ئێستا رێكخراوەكە كات‌و شوێنی پەلامارەكان دیاری دەكات كە بەزۆریش بریتین لە بارەگای ئەمنی یان رێگای ستراتیژی یاخود بەئامانجگرتنی عەشایرەكانی سەر بە حكومەت‌و رژێم".

ئەحمەد كەریم هۆكارەكانی ئەو خراپبوونەی رەوشی ئەمنی دەگێڕێتەوە بۆ "فرەیی فەرماندە ئەمنییەكان لە پارێزگاكە‌و لاوازی پشتگیری حكومەتی ناوەندی بۆ هێزە خۆجێییەكان یاخود پێشكەشكردنی خزمەتگوزاری‌و ئاوەدانكردنەوەی شارە ئازادكراوەكان، هەروەك بواری هەواڵگری‌و پاڵپشتی ئاسمانی بە فڕۆكەی دیدەوانی‌و كۆپتەریش لاوازە".

ئەو شێوازانەی رێكخراوەكە لە زنجیرە پەلامارە نوێیەكانیدا بەكاریان دەهێنیت پشتدەبەستن بە پەلاماردانی شوانكارەی بێ چەك‌و رفاندن‌و كوشتن‌و سوتاندنی كێڵگەی دانەوێڵە‌و دەستبەسەرداگرتنی مەڕوماڵات‌و پاشان تەقاندنەوەی خانوو بەتۆمەتی ئەندامێتی یان یارمەتیدانی حەشدی شەعبی.

لە بواری سەربازیدا رێكخراوەكە پشت بە چاندنی بۆمب دەبەستێت وەك تەڵەیەك بۆ راكێشانی دەورییە ئەمنییەكان‌و راونانیان بۆ نێو بۆسەی دیكە‌و بۆمبی وێرانكەرتر كە پێشتر ئامادە كراون، شێوازێكی دیكەشی بریتییە لە دانانی بازگەی وەهمی لەسەر رێگا گرنگەكان لە درەنگانی شەودا یاخود لە بەرەبەیاندا، وەك ئەوەی لەسەر رێگای كەركوك – بەغدا روویدا كاتێك چەندین رێبوار‌و شۆفێری بارهەڵگر‌و ئەندامی هێزە ئەمنییەكان رفێندران‌و كوژران.

شێخ عەلی سائیر عوبەیدی بەرپرسی حەشدی عەشایری ناوچەكانی باشووری خۆرهەڵاتی سامەڕا كە پێكدادانی نیمچە رۆژانە لەگەڵ ئەندامانی داعشی بەخۆوە دەبینن‌و بەدەیان كەسی مەدەنی‌و چەكداری عەشایریان تێدا بوونەتە قوربانی، لە دیدێكی تاكەكەسییەوە كێشەكەی شیكردەوە‌و بە "نیقاش"ی وت: "(150 – 200) ئەندامی داعش لەو ناوچانەدا جێگیربوون كە لەنێوان هەردوو پارێزگای سەڵاحەدین‌و دیالەدا درێژبوونەتەوە‌و شێوازی بەتاڵكردنی ناوچەكان لە دانیشتووانەكەیان بەكاردەهێنن لەڕێی هەڕەشەلێكردن‌و پاشان دەستبەسەرداگرتنی موڵك‌و ماڵیان‌و ئەگەر ئەوەش سوودی نەبوو، ئەوا رفاندن‌و پاشان لەناوبردن بەكاردەهێنن بە پاساوی ئامادەكراو كە عەشایرەكان بە پشتیوانیكردنی حكومەت تۆمەتباردەكەن".

عەشایرەكانی نیشتەجێی ئەو ناوچانەش زۆربەیان پشت بە بەخێوكردنی مەڕوماڵات‌و كشتوكاڵ دەبەستن بەتایبەتیش عەشیرەتی شەممەر كە لەماوەی دوو مانگی رابردوودا لەسەر دەستی داعش زیاتر لە پەنجا كەسیان لێ كوژراوە‌و رفێندراوە.

سەعد شەممەری كە دانیشتووی خۆرئاوای شاری سامەڕایە، چیرۆكی رفاندنی حەوت خزمی لەلایەن رێكخراوەكەو دواتر كوشتنیان بۆ "نیقاش" گێڕایەوە‌و وتی: "پاشنیوەڕۆی رۆژێك هێزێكی پێكهاتوو لە چوار ئۆتۆمبێل كە هاوشێوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی بوون هەڵیانكوتایە سەر گوندەكەمان كە ناوی مالحەیە‌و هەر كە گەیشتنە ناو گوندەكە دەركەوت كە داعشن، بەڵام ئەو كاتە كار لەكار ترازابوو".

هەروەها دەڵێت: "توانیان گوندەكە كۆنترۆڵ بكەن‌و دەستیان كرد بە بانگكردنی گەنجانی گوندەكە بەپێی ئەو لیستانەی پێیان بوو، حەوت پیاویان برد‌و بە كەسوكاریان وتن چەند پرسیارێكیان لێدەكەن‌و دەگەڕێنەوە، بەڵام بۆ بەیانی رۆژی دواتر لە چۆڵەوانییەكدا دۆزرانەوە لەنزیك گوندەكە دەست‌و چاویان بەستبوونەوە‌و چەند گوللەیەكیان بە سەرو سنگیانەوە نابو‌ون‌و كوشتبویانن".

شێخ نەواف حەسان سەرۆكی ئەنجومەنی شێخانی عەشیرەتی شەممەر لە سەڵاحەدین بە "نیقاش"ی وت: "رەوشی ئەمنی لە ناوچەكانی بادیە لە سەڵاحەدین‌و باشووری خۆرهەڵاتی موسڵ‌و دەوروبەری دیالە‌و كەركوك لە خراپبوونی بەردەوامدایە‌و رێكخراوەكە خۆی رێكخستووەتەوە‌و دەستی بە پەلاماردانی هۆزەكەم كردووەتەوە كە زیاتر 200 كەسیان لێ بووەتە قوربانی".

وتیشی: "مەترسییەكان راستەقینە‌و نزیكن‌و ئەگەر بارودۆخ بەم شێوەیە بەبێ چارەسەرێكی راستەقینە بمێنێتەوە، چەند شارێك دەكەون‌و رێگا گرنگەكانیش دەكەونە دەستی تیرۆریستانی داعش، چارەسەركردنی ئەو بارەش بە دوو رێگا دەبێت، یان هێزی حكومی ناوچەكان بگرێتە دەست یاخود عەشایرەكان پڕچەك بكرێن‌و پێداویستیان بۆ دابین بكرێت لەژێر چەترێكی رەسمی حكومیدا كە بیانپارێزێت لە لێپرسینەوە‌و مافەكانیشیان بپارێزێت".

سەدان خێزانی كۆچەری‌و جووتیار ناوچەكانیان لە خۆرئاوا‌و خۆرهەڵاتی سامەرا بەجێهێشتووە‌و لە شاردا نیشتەجێبوون پاش ئەوەی پەلاماردانیان بووە شتێكی نیمچە رۆژانە، هەروەك حكومەتی خۆجێییش لەماوەی ئەمساڵدا تەقاندنەوە‌و سووتاندنی زیاتر لە 230 خانو‌و چوار خوێندنگە‌و دوو بنكەی تەندروستی لەلایەن ئەندامانی داعشەوە تۆمار كردووە.

سەرەڕای دڵنیاییدانی بەرپرسانی ئەمنی سەڵاحەدین سەبارەت بەوەی رەوشی ئەمنی كۆنترۆڵكراوە‌و دزەكردنەكان لەناوچە چۆڵ‌و دوورەدەستەكان‌و دوور لە ناوەندی شارەكانە، بەڵام ئەوە لە واقیعدا رەنگدانەوەی نییە‌و ژمارەی گەشتیاران لەسەر رێگاكانی بەغدا- كەركوك‌و تكریت – كەركوك‌و تكریت - خورماتوو بەشێوەیەكی مەترسیدار كەمبووەتەوە.