پارتی‌و یەكێتی لەسەر پرۆژە هاوبەشەكەیان نەگەیشتنە رێككەوتن

کوردستان

16/07/2018‌ 1366 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر ئەو پرۆژە هاوبەشەی بڕیارە ئامادەی بكەن نەگەیشتوونەتە رێككەوتن.

مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی ئەمڕۆ دوو شەممە كۆبوونەوە، كە ئامانجی كۆبوونەوەكە بۆ رێككەوتنبوو لەسەر پڕۆژەی هاوبەشی نێوانیان، كە بڕیارە بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە عێراقییەكان بۆ پێكهێنانی حكومەت ئامادەیبكەن.

لەدوای كۆبوونەوەكە، هەریەكە لەمەحمود محەمەد و سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژانی مەكتەبی سیاسی پارتی‌و یەكێتی لەكۆبوونەوەكە لەسەر پرۆژەكە نەگەیشتوونەتە رێككەوتن‌و بڕیارە لەو بارەوە كۆبوونەوەكانیان بەردەوامی هەبێت.

سەعدی ئەحمەد پیرە ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەكۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا رایگەیاند، كە پرۆژەكەیان پرۆژەیەكی هەمەلایەنەیەو داخوازییە دەستوورییەكانی خەڵكی كوردستان‌و مافی پێشمەرگەو شایستە داراییەكانی هەرێمی كوردستانە.

سەعدی پیرە ئەوەشی راگەیاند، بەهۆی ئەوەی دەیانەوێت پرۆژەكە دەوڵەمەندتر بكەن، لەسەری نەگەیشتوونەتە رێككەوتن، بڕیارە لەو بارەوە كۆبوونەوەكان بەردەوامی هەبێت.

لای خۆیشییەوە مەحمود محەمەد ئەندامی مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكرات رایگەیاند، كە كار دەكەن‌و كۆبوونەوەكانیش لەرێگەی لیژنەكانی نێوانیان بەردەوامدەبێت، بۆ ئەوەی لەسەر پرۆژەكە بگەنە رێككەوتنی كۆتایی.

هـ ـ ح