"بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سه‌رۆك كۆمار پارتی پێشنیازی عەدنان موفتی، بێگەرد تاڵەبانی‌و فوئاد مەعسوم بۆ یه‌كێتی كردووه‌"

کوردستان

16/07/2018‌ 4624 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
میدیای فه‌رمی بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاویكرده‌وه‌، پارتی دیموكراتی كوردستان سێ ناوی بۆ یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێشنیازكردوه‌، تا پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌ربگرن، ئه‌وانیش عەدنان موفتی، بێگەرد تاڵەبانی، فوئاد مەعسوم.

كه‌ناڵی كه‌ی ئێن ئێن-ی سه‌ر به‌بزوتنه‌وه‌ی گۆڕان بڵاویكرده‌وه‌، "پارتی پێشنیازی عەدنان موفتی ‌و بێگەرد تاڵەبانی ‌و فوئاد مەعسومی بۆ وه‌رگرتنی پۆستی سەرۆك كۆمار كردوە، له‌به‌رامبه‌ردا بنه‌ماڵه‌ی تاڵه‌بانی لەتیف رەشید‌و حەمە سابیری بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید كردوه‌".

هه‌ر به‌گوێره‌ی میدیای گۆڕان، "پارتی یەكێتی، لەسەر ئاستی ناوخۆو عێراق رێككەوتنی نهێنیان ئەنجامداوە، بەئاشكراش تەنها پرۆژەیەكی لاوەكی بەناوی بەرژوەندی نەتەوەییەوە ئامادەكردووە لەڕێگەی ڕاگەیاندنەكانی خۆیانەوە ئاشكرایانكردووە، هاوكات پارتی لەسەر چەند خاڵێك لەگەڵ یەكێتی ڕێككەوتووە گرنگترینیان رێككەوتنێكە لەسەر پۆستی سەرۆكی هەرێم بۆ دوای هەڵبژاردنەكانی پەرلەمان".

له‌به‌شێكی دیكه‌ی ڕێككه‌وتنه‌كه‌ی یه‌كێتی‌و پارتی ئه‌وه‌ هاتووه‌، "پارتی داوای كردوە پۆستی سەرۆك كۆماری لەنێوان هەردولایاندا بۆ دو ساڵ رێككەوتنی لەسەر بكەن. دوای دو ساڵە ئەگەر پارتی وەرینەگرتوە ئەوا هەر یەكێتی درێژە بەو پۆست بدات".

هاوكات یەكێتی پابەندكراوە بەوەی هەر كاتێك لەپەرلەمانی كوردستان لەبارەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم پێویستیان بەدەنگی یەكێتی بو، پێویستە تەواوی ئەندامانی فراكسیۆنەكەیان بەپێی خواست ‌و داواكارییەكانی پارتی دەنگ بدەن، هەركاتێك هەڵبژاردن بۆ پۆستی سەرۆكی هەرێم كرا یەكێتی كاندیدی نابێت.

ڕ . ج

بەپەلە