هاوپەیمانییەكەی بەرهەم ساڵح ئامادەیی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان رادەگەیەنێت

کوردستان

17/07/2018‌ 816 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
عوسمان گوڵپی، ئەندامی ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی هاوپەیمانی دیموكراسی‌و دادپەروەری، رایگەیاند، بەشداری هاوپەیمانی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بە ئامانجی گۆڕانكارییەو بەتەواوی ئامادەن بۆ ئەو قۆناغە و پشودرێژن.

عوسمان گوڵپی بۆ میدیای فەرمی هاوپەیمانییەكە راشیگەیاند "هاوپەیمانی ساز و ئامادەیە بۆ هەڵبژاردنەكە، پێمان وایە هەنگاوی گۆڕانكاری لەسەرەتادایە بۆ ئەو رێگایە پشوودرێژین، هیوادارین دەسەڵات رێگەیەك نەگرێتە بەر بۆ ئەوەی وڵات توشی ئابڕوچوونێكی دیكە بكات".

ئەو ئەندامەی ئەنجوومەنی بەرێوەبردنی هاوپەیمانی ئەوەشی راگەیاندووە "ترسی گەورەی هاوڵاتیان و هێزەكانی دووبارەبوونەوەی ساختەكاری ١٢ی ئایارە و تەمەنا دەكەن كۆمسیۆن لە ئاستی متمانەدا بێت، وەك هاوپەیمانی بۆ قۆناغێكی گرنگ و سەخت خۆمان ئامادەكردووە".

ئەمە لەكاتێكدایە، 30ی ئەیلوولی داهاتوو هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەرێوەدەچێت، كە لەئێستادا لایەنەكان ئامادەكاری بۆ ئەو هەڵبژاردنە دەكەن.

گوڵپی باسی لەوەشكرد، هاوپەیمانی لەدوایین كۆبوونەوەی خۆی كۆمەڵێك رێوشوێنی بۆ كاری ئایندەی خۆی تاووتوێكردووە لەپێناو هەڵبژاردنێكی سەركەوتوودا بۆ ئەوەی بتوانن رێگری لەو ساختەكارییە بكەن، كە دەسەڵات هەمیشە بۆ درێژەدان بەتەمەنی خۆی درێژەی پێدەدات.

هـ ـ ح