شارپرێس:
مه‌رجێكی كۆماری ئیسلامی ئێران له‌به‌رامبه‌ر فرۆشتنی كاره‌با به‌عێراق، بوه‌ته جێگه‌ی مشت‌ومڕ، چونكه جگه له‌وه‌ی ئێران پاره له‌به‌رامبه‌ر فرۆشتنی كاره‌باكه‌ی وه‌رده‌گرێت، هاوكات مه‌رجی دیكه‌شی هه‌یه.
ڕۆژنامه‌ی عه‌ره‌بی جدید ڕاپۆرتێكی له‌باره‌ی كێشه‌ی فرۆشتنی كاره‌بای ئێران به‌عێراق بڵاوكرده‌وه، كه له‌دواین كۆبوونه‌وه‌ی شاندی ئێران‌و ئه‌ندازیارانی عێراق له‌باره‌ی كێشه‌ی فرۆشتنی كاره‌با به‌عێراق، ئێرانیه‌كان مه‌رجی ئه‌وه‌یان هه‌بووه كه ئاڵای ئێران له‌سه‌ر ئه‌و وێستگانه‌ی كاره‌با دابنرێن، كه وێستگه‌ی بگۆڕن‌و پاش گه‌یشتنی كاره‌با له‌ئێرانه‌وه به‌و وێستگانه، ڕاسته‌وخۆ ده‌چێته نێو كاره‌بای نیشتمانییه‌وه، به‌ڵام شاندی عێراق ئه‌و مه‌رجه‌ی ئێرانیان ڕه‌تكردوه‌ته‌وه.
شاندی عێراق له‌به‌رامبه‌ر مه‌رجه‌كه‌ی ئێران‌دا ڕایانگه‌یاندووه، "ئه‌وه په‌یوه‌سته به سه‌روه‌ری خاكی عێراقه‌وه‌و ڕه‌تكراوه‌یه له‌لایه‌ن ئێمه‌وه".
له‌پاش ئه‌وه‌ی دانوستانی هه‌ردوو وڵات له‌باره‌ی فرۆشتنی كاره‌بای ئێران به‌عێراق شكستیهێنا، حكومه‌تی عێراق شاندێكی پێكهێنا بۆ ئه‌وه‌ی سه‌ردانی سعودییه بكات، پرسی ووزه‌و كڕینی كاره‌با له‌گه‌ڵ ئه‌و وڵاته تاوتوێبكات.
ئێران ده‌ڵێت عێراق تا ئێستا قه‌رزه كه‌ڵه‌كه‌بووه‌كانی فرۆشتنی كاره‌بای نه‌داوه‌ته‌وه به‌ئێران، بۆیه ئه‌وانیش ئاماده نین چیتر كاره‌با به‌عێراق بفرۆشن.
ڕ . ج