كۆمسیۆن: ئەو هاوڵاتیانەی كێشەی ناوەكانیان هەیە بەبێ پشتڕاستكردنەوە مافی دەنگدانیان نامێنێت

کوردستان

17/07/2018‌ 393 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
ئەندامێكی ئەنجومەنی كۆمسیۆنی باڵای ھەڵبژاردنەكان و راپرسی لە ھەرێمی كوردستان داوای لە هاووڵاتییان كرد سەردانی بنكەكانی تۆماری دەنگدەران بكەن بۆ دڵنیابوون لە ناوەكانیان، وتیشی، دەیان هەزار ناو سڕ كراون و بەبێ پشتڕاستكردنەوە مافی دەنگدانیان نامێنێ.

 جووتیار ئاكرەیی لە لێدوانێكدا بۆ ماڵپەری پارتی رایگەیاند، "كۆمسیۆن دەیان بنكەی تۆماری دەنگدەرانی لە هەرێمی كوردستان كردووەتەوە تا هاووڵاتییان بۆ پشتڕاستكردنەوەی ناوی خۆیان سەردانی ئەو بنكانە بكەن، تا ئێستا ڕێژەی سەردانیكردنی ھاووڵاتییان وەك پێویست نییە و ساردییەكی  پێوە دیارە، لەبەر ئەوەش داوكارین لایەنە سیاسییەكان ھاوكارمان بن لەوەی ئەندام و لایەنگرانیان ھان بدەن بۆ ئەوەی سەردانی ناوەندەكانی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بكەن."

ئاماژەی بەوەشكرد، "هەر ھاووڵاتییەك سەردانی ناوەندی تۆماری دەنگدەران نەكات لە كاتی بوونی ھەر كێشەیەك مافی دەنگدانی دەفەوتێت، كۆمسیۆن ماوەی مانگێك مۆڵەتی داوە بۆ تۆماری دەنگدەران و 200 هەزار دەنگیش هەن سڕ كراون، ئەگەر ھاووڵاتییان سەردانی كۆمسیۆن نەكەن ناوەكانیان لە لیستی تۆماری دەنگدەران دەسڕدرێتەوە."

بڕیارە 30ی مانكی (ئەیلول/9)ی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەبچێت و دوێنێ دووشەممە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێم تیروپشكی بۆ 31 لیست و قەوارەی سیاسی ئەنجامدا.
ه.م