100 ساڵ بەسەر لە دایكبوونی نێلسۆن ماندێلا تێدەپەڕێت

جیهان

18/07/2018‌ 487 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یادی 100 ساڵەی لە دایكبوونی نێلسۆن ماندێلا، رابەری ئەفسانەیی كۆماری باشووری ئەفریقا، كرایەوە كە لەسەر ئاستی جیهان بە "رابەری ئازادی و رێككەوتن" ناسراوە.

ماندێلا لە 18ی تەمووزی 1918 لە ناوچەی مڤەزای ویلایەتی كەیپی باشوور لە بنەماڵەی سەرۆك هۆزێك لە دایكبووە و ژیانی خۆی لە پێناو نەهێشتی جیاكاری و رەگەزپەرستی و شادبوونی هەموو كەس بە مافەكانی بە یەكسانی و بۆ خەبات لە دژی رژێمی ئاپارتید تەرخانكرد، كە خەڵكی سپیپێستی وەك رەگەزی سەروو دەبینی.

ماندێلا كە ناوی نرابوو رۆلهلاهلا دالیبهینگا، وەك نەریتی ئەو كاتە كە دەچێتە قوتابخانە یەكەم رۆژ لە لایەن مامۆستاكەیەوە ناوی دەندرێت نێلسۆن.

ماندێلا لەگەڵ ئۆلیڤەر تامبۆی هاوڕێی لە ڕێگای هەڵمەتێكی نێودەوڵەتییەوە لە هەشتاكانی سەدەی رابردوو دژی رەگەزپەرستی وەستانەوە و لەم رێگایەوە ناوی ماندێلا لەسەر ئاستی جیهان دەنگی دایەوە و بوو بە هێمای خەباتی ئازادیخوازانەی ئەفریقییەكان.

دوای 27 ساڵ لە زیندانیكردن بە هۆی زیادبوونی گوشارەكان، ماندێلا لە 11ی شوباتی 1990 ئازاد كرا.

دوای ئەوەی ماندێلا بەشداری یەكەمین هەڵبژاردنی دیموكراتیانەی كرد لە كۆماری باشووری ئەفریقا لە ساڵی 1994 وەك یەكەم سەرۆكی رەشپێست هەڵبژێردرا.

ماندێلا لە هەڵبژاردنێكدا بەشداریكرد كە هەموو چین و توێژەكانی وڵاتەكەی بەشدارییان تیادا كرد و بە نزای كریستیان، موسڵمان، جوولەكە و هیندووەكان دەستبەكار بوو.

ماندێلا دوا سەرۆكوەزیرانی رژێمی رەگەزپەرستی، فرێدەریك ولیام دی كلێرك-ی كردە جێگری سەرۆك و جەختیكردەوە كە كۆتایی بە رق و كینە دێت و ئاشتەوایی باڵ دەكێشێت بەسەر وڵاتەكەیدا.

بە هۆی خەباتی ماندێلا و دی كلێرك لە پێناو ئاشتی و یەكسانیدا لە ساڵی 1993 خەڵاتی نۆبڵیان بۆ ئاشتی پێدرا.

دوای پێنج ساڵ لە بەڕێوەبردنی ئەركەكانی ماندێلا جارێكی دیكە خۆی بەربژێر نەكردەوە بۆ پۆستی سەرۆكایەتی و ئەو پۆستەی بۆ تابۆ مبێكی هاوخەباتی بەجێهێشت.

دواتر ماندێلا ژیانی خۆی لە پێناو پڕۆژە كۆمەڵایەتییەكان تەرخانكرد و دەستیكرد بە رووبەڕووبونەوەی نەخۆشی ئایدز كە هۆكاری سەرەكی هەژارییە لە وڵاتەكەیدا و بە هۆی ئەو نەخۆشییەوە كوڕێكی گیانی لەدەست دا و لەڕێگای وەقفەكەیەوە بەردەوام بوو لە هەوڵەكانی بۆ بەرەوپێشتربردنی وڵاتەكەی لە هەموو روویەكەوە.

ماندێلا سێ جار هاوسەرگیری كردبوو و شەش منداڵی هەیە. دوای ئەوەی ساڵی 2011 رەوشی تەندروستی تێكدەچێت لە پێنجی كانوونی یەكەمی 2013 بەیەكجاری چاوەكانی لێك دەنێت و كۆچی دوایی دەكات.
ه.م