دادگایەكی توركیا بۆ سێیەمجار رەتیكردەوە قەشە ئەمەریكییەكە ئازادبكات

جیهان

18/07/2018‌ 880 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دادگایەكی توركیا بۆ جاری سێـیەم بڕیاریدا ئەو قەشە ئەمەریكیـیەی لە ساڵی 2016 وە لە وڵاتەكەیان بە تۆمەتی سیخوڕی و لایەنگری فەتحوڵڵا گولەن و پارتی كرێكارانی كوردستان دەسـتگیركراوە لە زینداندا بهێڵڕێتەوە.

دادگای دووەمی تاوانەكانی ئەزمیر رۆژی چوارشەممە لە دانیشتنێكدا داوای پارێزەری قەشە ئەندرۆ برەنسنی ڕەتكردەوە و بڕیاریدا لەسەر تۆمەتەكانی ئاڕاستەی كراون لە زیندان بیهێڵرێتەوە.

لەدانیشتنەكەی ئەمڕۆی دادگادا هاوسەری قەشە ئەندرۆ و فلیپ كۆسنێت، بریكاری باڵیۆزخانەی ئەمەریكا لە ئەنقەرە و ژمارەیەك لە ئەندامی دەستەی ئازادیـیە ئاینیـیەكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا ئامادە بوون.

ئەوە سێـیەم دانیشتنی دادگایە كە تیایدا رەتیدەكاتەوە قەشە ئەمەریكییەكە ئازادبكات، دانیشتنی پـێشتر لە 16 ی مانگی 4 و دانیشتنی یەكەم لە 7 ی مانگی 5 بەڕێوەچوون، ئەمڕۆش دادوەر بڕیاری دا دانیشتنی داهاتوو لە 12 ی مانگی 10 بەڕێوەبچێت.

فلیپ كۆسنێت، لە بارەی بڕیارەكانی دادگا لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان وتی، "دەقی سكاڵاكانم خوێندووەتەوە و هەرسێ دانیشتنی دادگاكە ئامادەبووم، هیچ شتێكم نەدی ئاماژەبكات بەوەی قەشە ئەندرۆ برەنسن كارێكی تاوانكاری یان تیرۆرستی كردبێت."

هاوكات جەم هەڵەورد، پارێزەری قەشە ئەندرۆ رایگەیاند، "ئەم كەیسە بۆ دادوەری جێی شەرمەزاریـیە، كەیسەكە تەنیا لەسەر گەواهی دروستكراوە و هیچ بەڵگەیەك نیـیە."

دەسەڵاتدارانی توركیا رایانگەیاندووە، ئەو قەشە ئەمەریكیـیە پشتیوانی لە ڕێكخراوی فەتحوڵڵا گولەن و پارتی كرێكارانی كوردستان كردووە و هانی كوردی بۆ جوداخوازی داوە و چووە بە تایبەتی لێكۆڵینەوەی لەسەر ناوچە كوردیـیەكان كردووە و لە شاری ئزمیر كڵێسایەكی دامەزراندووە تەنیا بۆ كوردەكان.

هەروەها دەڵێن، لە چوارچێوەی پشتیوانیـیەكەی بۆ پەكەكە چەندانجار چووەتە كۆبانی، هاوكات وێنەی پـێگیراوە كە لەگەڵ كەسانێك لە كۆبوونەوەدا بووە ئاڵای پەكەكەیان لە پشتەوە بووە.

جگە لەوانە لە مۆبایلەكەی نامەیەكی پـێگیراوە كە بۆ بەرپـرسێكی لەشكری ئەمەریكایی ناردبوو و تیایدا نیگەرانی خۆی دەربڕیوە لە بەرامبەر شكستهێنانی كودەتاكەی 15 ی مانگی حەوتی ساڵی 2016 ی توركیا.

بەڵام قەشە ئەندرۆ برەنسن بە توندی ئەو تۆمەتانەی رەتكردەوەو وتی، "جگە لە چاكە بۆ توركیا هیچ زیانێكم بۆ ئەو وڵاتە نەبووە".
ه.م