كۆژرانی ئێقباڵ مۆرادی لەپێنجوین.. خولێكی نوێی تیرۆری سیاسی لەهەرێم

کوردستان

19/07/2018‌ 737 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆژرانی ئێقباڵ مۆرادی لەپێنجوین بەخولێكی نوێی تیرۆری سیاسی لەهەرێمی كوردستان دادەنرێت، كە ئێران بەتیرۆرەكەش تۆمەتبار دەكرێت.

بەپێی ڕاپۆرتەكان، شەوی سێشەممە 17 مانگی 7، ئێقباڵ مۆرادی، چالاكی دژە ئێران‌و ئەندامی كۆمەڵەی مافی مرۆڤی كوردستان و باوكی بەندكراوی مەحكووم بەسێدارە زانیار مۆرادی، لەشاری پێنجوێن لەهەرێمی كوردستان لە لایەن كەسانی نەناسراوە ڕفێندراوەو دواتر كوژراوە.

بەپێی راپۆرتێكی دەنگی ئەمریكا، چالاكانی سیاسی كورد، هەروەها هەندێك لەحیزبە سیاسییەكانی كوردستان دەڵێن نیشانەكان وا دەریدەخەن، كە كۆماری ئیسلامی تاوانباری ئەو تیرۆرەن. 

ئەوە یەكم جار نییە، كە ئێقباڵ مۆرادی دەكەوێتە بەر هێرشی تێرۆریستی، پێشتریش لە مانگی 4 ساڵی 2011 لە دەورووبەری شاری پێنجوێن هێرشێكی لەو چەشنەی كرایە سەر و بەتووندی بریندار بوو ،بەڵام گەیەندرا نەخۆشخانە و لە مردن ڕزگاری بوو.

هەر بەپێی راپۆرتەكە چالاكان دەڵێن داوا لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن بەزووترین كات تاوانباران بدۆزرێنەوە و بە سزای شایستەی خۆیان بگەن.

ماوەی رابردووش چەندین كەسایەتی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان ، كە ئەندامی حیزبەكانی دژە ئێران بوون، كەوتنە بەر هێرش‌و كوژران، هەر ئەوكاتیش ئێران تۆمەتباركرا بەكوشتنی ئەو كەسانە.

هـ ـ ح