ژمارەی دەستبەسەركراوانی گروپەكەی بانگخوازەكەی توركیا گەیشتە 157 كەس

جیهان

19/07/2018‌ 1168 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ژمارەی ئەو گومانلێكراوانەی، كە لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە عەدنان ئۆكتاری بانگخوازی و گرووپەكەی دەستبەسەركراون بەرزبووەوە بۆ 157 كەس.

ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردەوە، كە لەچوارچێوەی ئەو لێكۆڵینەوەیەی لە لایەن سەرۆكایەتی داواكاری گشتی كۆماری ئیستانبوڵەوە بەڕێوەدەچێت، 14 گومانلێكراوی دیكە، كە لەلایەن داواكاری گشتییەوە ئیفادەیان لێوەرگیراوە و براونەتە بەردەم دادگای ئێشكگری سوڵح و سزا، بەتۆمەتی "دامەزراندنی رێكخراو لە پێناو ئەنجامدانی تاواندا، دەستدرێژی سێكسی بۆ سەر منداڵان، پەلاماردانی سێكسی، شانتاژكردن، بردنەدەرەوەی سەروەت و سامان، زەوتكردنی ئازادی تاكەكان، زەوتكردنی ئازادی تاكە كەسی بە بەكارهێنانی توندوتیژی و هەڕەشەكردن" دەستبەسەركران.

بەو شێوەیەش 157 گومانلێكراوی ئەو دۆسیەیە، كە عەدنان ئۆكتاریشیان لەنێودایە دەستبەسەركراون، كە ئەو گروپە بەشێوەیەكی جیاواز كاری بانگخوازی لەتوركیا دەكەن.

لەكۆی 187 گومانلێكراو، كە لەچوارچێوەی لێكۆڵینەوەكەدا دەستگیركرابوون، پێنجیان دوای تەواوبوونی كارەكانی ئاسایش ئازادكرابوون، 182 كەسیشیان رەوانەی دادگا كرابوون.

لەو گومانلێكراوانەش 14یان ئازادكراون، كە 13یان بە مەرج ئازادكراون، لێكۆڵینەوە لەگەڵ 11 گومانلێكراوی دیكەیان درێژەی هەیە.

هـ ـ ح