چیرۆكی ئەو كچەی گەیشتووەتە زانیارییە نهێنییەكان.. روسیا بەئاسانی سیخوڕی بەسەر ئەمەریكاوە كردووە

جیهان

04/08/2018‌ 9567 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردنی: حلمی رەسوڵ رەزا
دەزگای هەواڵگری ئەمەریكا دەریخستووە،‌ كچێكی روسی لە بالوێزخانەی ئەمەریكا لەمۆسكۆ بۆ زیاتر لە دوو دەیە سیخوڕی بۆ وڵاتەكەی كردووەو زۆر بەئازادی گەیشتووەتە زانیاریە نهیێنیەكان.

رۆژنامەی "گاردیان" ی بەریتانی باسی ئەوە دەكات ئاژانسی "خزمەتی نهێنی" لەئەمەریكا  گرێبەستێكی لەگەل بریكارێكی كچدا كردوە لە روسیا كە توانای ئەوەی هەبوە بگاتە بەرنامەرێژیەكانی ئاژانسەكە و زانیاری و دۆكیۆمێنتە نهێنەكانیش بخوێنێتەوە، لەوانە خشتەی چاوپێكەوتنەكانی سەرۆك و جێگرەكەی.

بۆ یەكەمجار لە ساڵی 2016، گومان لەو كچە كرا كاتێك دوو لە لێكۆڵەرەوانی وەزارەتی دەرەوە لە پشكننێكی رۆتینیدا بوون و بۆیان دەركەوت بە شێوەیەكی‌ رێكخراو ئەندامانی ئاژانسی ئاسایشی فیدرالی لە روسیا (ئیف ئیس بی) دیدەنی ساز دەكەن لەگەڵ ئەو سیخوڕەدا.

رۆژنامەكە بەبێ ئەوەی ناوی سەرچاوەكەی بهێنێ، ئاماژە بۆ ئەوە دەكات، كە دەستەی خزمەتی نهێنی لێكۆڵینەوەی وردی لەو گومانەیان نەكرد، تەنها چەند رێكارێكیان گرتە بەر، و كچەكەیان لە كارەكەی دەركرد‌، پاش ئەوەش 750 فەرمانبەری تری ئەمەریكی لە كۆی 1200 فەرمانبەر  دوورخرانەوە  لە تەموزی 2017، پێدەچێت دەستەكە لەو رێكارانەی بەرانبەر فەرمانبەرە روسیەكان گرتبێتیە بەر ویستبێتی كێشەی ئەو سیخوڕە داپۆشێ. سەرچاوەیەكی هەواڵگری بە گاردیانی گوتوە " هەواڵگری دەیەوێ بە دەركردنی ئەو كچە كێشەكە بشارێتەوە" . ئاماژەش بەوە دەكرێ  "زیان هەبوەو روویداوە بە دڵنیایەوە" بەڵام قەبارەی زیانەكان نازانرێ، بەوەی ئایا ئەو سیخوڕە هیچ فەرمانبەرێكی تری لەگەڵدا بوە یاخود نا.

گاردیان دەڵێ دروستكردنی ئەو سیخوڕە بە كاریگەری ئاژانسی ئاسایشی فیدراڵی روسی لە مۆسكۆ زیانێكی زۆر بە ناوبانگی ئاژانسی خزمەتی نهێنی  ئەمەریكا دەگەیەنێ و لێكەوتەی مەترسیداری دەبێت لەسەر پاراستنی ژیانی كارمەندانی دەزگا ئەمنیەكانی ترو ئەوانەی دەیانپارێزن. هەروەها رۆژنامەكە ئاماژە بۆ ئەوە دەكات كاری ئەو كچە روسیە بە هەواڵگری كۆنگرێس و هیچ لایەنێكی چاودێری رانەگەیەنراوە.

هەرچی ئەو سەرچاوەیەیە كە رۆژنامەكە پشتی پێ بەشتوە دەڵێت" ئاژانسی خزمەتی نهێنی پێویستە لەلایەن لیژنەیەكی حكومیەوە لێكۆلینەوەی لەگەڵ بكرێت" و ئاماژە بۆ ئەوەدەكات چالاكی ئەو كچە لە دزینی زانیاریەكان توانای روسەكان دەردەخات لەسەر ساختەكاریەكانی هەڵبژاردنەكانی ئەمەریكا لە ساڵی 2016 .

ئەمە لە كاتێكدایەو لیژنەی لێكۆڵینەوە بەسەرۆكایەتی لێكۆڵەر (رۆبەرت مۆلەر) كارەكانی دەستپێكردوە لە بابەتی ئەو گومانانەی لەسەر ساختەكاری و دەستێوەردانی روسیا و پەیوەندی بە هەڵمەتی هەڵبژاردنەكانی سەرۆكی ئێستای ئەمەریكا (دۆناڵد ترەمپ)ەوە هەیە.