بژاردەكانی روسیا، چین، توركیا، ئێران.. ترامپ جەنگی لەدژی هەمووان راگەیاندووە

جیهان

12/08/2018‌ 7877 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردن: حلمی رەسوڵ رەزا
پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو ئەمەریكا چوە قۆناغێكی نوێی گرژ بوون لەپاش دادگایی كردنی قەشە "ئەندرۆ برۆنسن" بە تۆمەتی تیرۆر لەلایەن توركیاوە، ئەمەش كاریگەری نێگەتیڤی هەبوو لەسەر بەهای لیرەی توركی و دابەزینی بۆ ئاستێكی زۆر نزم. 

لەكاتێكدا ئەنقەرە بەدوای رێگایەكدا دەگەڕێت بۆ دەرچوون لەو كێشەیە، كەچی دۆناڵد ترەمپ سەرۆكی ئەمەریكا لە تویتێكی نوێیدا ئەوەندەی تر كێشەكانی بەرەو قوڵبونەوە برد كە تیایدا رایگەیاندوە رێژەی رسومی گومركی لەسەر پۆلاو ئەلەمنیۆم كە لە رێگای توركیاوە دێت دوو هێندە زیاد دەكات بكات، بەجۆرێك لەسەر پۆڵا 50% و لەسەر ئەلەمنیۆم 20% زیاد كراوە و لە كۆتاییشدا نوسیویەتی پەیوەندیمان لە كاتی ئێستادا لەگەڵ توركیا باش نیە.

لەبەرانبەردا، ئۆردوگان رایگەیاند ئەوەی روو دەدات "جەنگێكی ئابوریە" و داوای لە خەڵكی توركیا كرد بەهەموو رێگایەك رووبەرووی ئەم كێشەیە ببنەوە و " دۆلاری ئەمەریكی رێگامان لێناگرێت و بە دراوی نیشتمانی وەڵامی هەموو ئەو لایەنانە دەدەینەوە كە جەنگیان بەرانبەرمان بەرپا كردوە" و پەیمانی دا بەرگری لە وڵاتەكەی بكات لە بەرانبەر ئەو هێرشانەو گوتی " زیاد كردنی بەرهەم و ناردنە دەرەوە و كار باشترین وەڵامە بۆ ئەو ئاڵینگارانەی رووبەرووی وڵات دەبنەوە"

لەگەڵ ئەم هێرشە راگەیانراوەدا‌ دژی توركیا، جێبەجێكردنی سزای ئابوری بۆ سەر ئێرانیش دەستی پێكردوە، پاشان دژی روسیا و پیش ئەوەش دژی چین، هەموو ئەمانە ئەوە دەردەخات ئەمەریكا جەنگیكی ئابوری دژی ئەم وڵاتانە بەرپا كردوە، و تەنها پرسیارێك دەمێنێتەوە؟ ئەو بژاردانە چین بۆ رووبەرووبونەوەی سزاكانی ترەمپ و ئەم جۆرە نوێیە لە جەنگ كە گەلان دەگرێتەوە پێش گەلەكانیان؟

توركیا هۆشداری دەدات:
لەیەكەمین كاردانەوەیدا، ئەنقەرە هۆشداری دایە واشنتن كە سزاكان تەنها زیان بە پەیوەندییەكان دەگەیەنێت لە نێوان هەردوولادا لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی، و بەردەوام دەبێت لە وەلامدانەوە لەكاتی پێویستدا لە بەرانبەر رسومە گومركیەكان. وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی توركیا "حامی ئەكسۆی" لە راگەیەنراوێكدا گوتی "توركیا دەیەوێ بە گفتوگۆی دیبلۆماسی و نیەتی چاك و پەیوەندیی دوو قۆڵی كێشەكان یەكلایی بكاتەوە و هیچ قسەیەكیش نیە دەربارەی وەڵامدانەوەی یەكلاییكەرەوە هەروەك هەندێ باسی دەكەن كە لەماوەی چەند كاتژمێری داهاتودا یەكلایی دەبێتەوه. بەڵام گوتە بێژی سەرۆكایەتی توركیا " ابراهیم كالن" رایگەیاند هیچ هەرەشەو گوڕەشەیەك كاریگەری لەسەر توركیا نابێت و هەموو پلانەكان هەرەسیان هێنا پاش هەوڵی كودەتاكەی تەموزی 2016 و ئەم پلانەش دووبارە هەرەس دەهێنێتەوە.

وتەبێژی سندوقی نەختینەیی نێو دەوڵەتیش " راندا النجار" رایگەیاند، توركیا داوای هیچ هاوكارییەكی دارایی نەكردوە و ئاماژەشی بەوەدا ئەگەر داوای هاوكاری بكات، ئەوا دیراسەی دەكەن، سندوقەكەش بەوەی بە دوای جوڵانی رۆژانەی دراوەكاندا ناڕوات، بەهەمان شێوە بەدوای دابەزینی نرخی لێرەوە نەرۆشتوە.

بازاڕەكانی جیهان دەشڵەژێن:
بەهۆی راپۆرتێكی بانكی ناوەندی ئەوروپیەوە كە تیایدا دڵە راوكێی پێوە دیارە لە بەرانبەر ئەو دابەزینە زۆرەی لیرەی توركی لە بەرانبەر یۆرۆ كە ماوەی ساڵێكە ئەو دۆخەی بە خۆیەوە نەبینیوە، و وەبەرهێنەكان دەیانەوێ شوێنێك بدۆزنەوە بۆ "دۆلارو یەن و فرەنكی سویسری"، و لەو دراوانە رزگاریان ببێت كە مەترسیان لەسەرە لە نمونەی دراوی بازارە تازە پێگەیشتوەكان. هەروەها رۆژی هەینی پشكەكانی ئەوروپی كشانەوەی بەخۆیەوە بینی بەهۆی شلەژانی بازارەوە، لەم بارەیەوە "كیت جوكیس" كە شیكرەوەیەكی ئابوریە‌ لە "سوسیتیە جنرال" دەربارەی ئەم كێشەیە دەڵێ " بازارەكان چاوەڕوانی وەڵامی توركیا دەكەن دەربارەی دراوی بێگانە، بەهیوای ئەوەی زیاتر سیاسەتی نەختەینەیی باوەڕپێكراو پەیرەو بكات، سەرەرای دەستپێشخەریە دیبلۆماسیەكان"، ئەوەشی نەشاردەوە " هەرچەندە چاوەڕوانی بازار درێژە بكێشێ، كێشەكان فراوان دەبن، ئەمە نەك كاریگەری لەسەر بازاڕە تازە پێگەیشتوەكان دەبێت بەڵكو كار دەكاتە سەر بازەڕە پێشكەوتوەكانیش".

جەنگێكی ئابوری گشتی:
لەگەڵ هاتنە سەر دەسەڵاتی ترەمپ، چاوی خستۆتە سەر بەتاڵ كردنی كیانە سیاسی و ئابوریەكانی جیهان بەو شێوەیەی ئەو دەیەوێ، ئەوانەی بە جۆرێك سەربەخۆن لە بڕیاری ئەمەریكی، و ئەو سیاسەتە دوژمنكارانەیەی ترەمپ بنیادی ناوە، پرۆگرام و باوەڕێكە رۆاڵەتەكانی سیاسەتی دەرەوەی واشنتن لەم ساڵانەی دواییدا دەردەخات.

جەنگی راگەیەنراو دژی توركیا تەنها بەرە نیە كە ئەمەریكا رایگەیاندوە، بەڵكو هاوكاتە لەگەڵ سزا نوێیەكانی سەر ئێران، ئەمەش بە پێچەوانەی لێكەوتەكانە لەسەر روسیا كە پەیوەندی ئابوری ستراتیجی لەگەڵ تاران هەیە، لەسەروی هەموشیانەوە ناردنی نەوت كە كاریگەری زۆری بەسەر ئەو كۆت و بەندانەوە‌ هەیە،  كە ئەمەریكا لەسەر هیڵەكانی ناردنی نەوتی ئێرانی داناوە.

تێكچونی پەیوەندی ئەمەریكا بەهۆی دادگایی كردنی "برۆنسن"، بە پێچەوانەی رێگریەكانی توركیایە بۆ ویستەكانی ترەمپ لەناوچەكە، ئەمانە هۆكارێكی گەورە بوون وەبەرهێنەكان متمانەیان بە بازاڕی توركی نەمێنێ، بەتایبەتی پاش هەرەشەی واشنتن بە سەپاندنی سزا بەسەر لێپرسراوە حكومیەكان و كەرتە داراییەكان و بانكیە توركیەكان.

توركیاو هاوبەشەكانی (ئیران و روسیا)، بە شێوەیەكی روون و راستەوخۆ لەبەردەم ئاگرەی جەنگەكەی ئەمەریكادان، ئەمەش وای لە هەندێك كردوە باس لە ستراتیجیەتی نوێ بكەن كە ئەو وڵاتانە هەیان بێت بۆ روبەروبونەوەی ئەو جەنگە كە هەموو شێوە دیبلۆماسیە باوەكانی تێپەڕاندوە، پرسیارەكە ئەوەیە، گرنگترین بژاردە چیە لە ماوەی چەند كاتژمێری داهاتودا، ئەمەش لەو پەیوەندیە تەلەفۆنیەدا دەردەكەوێت كە سەرۆكی توركیا لەگەڵ سەرۆكی روسیا ئەنجامیدا، تیایدا باس لە رەهەندی پەیوەندیە ئابوریەكان كرایەوە، سەرەرای چالاك كردنی رێگای بەرلێگرتنی هەر مەترسیەكی دەرەكی.

بژاردەكان چین ؟
بۆچی حكومەت و بانكی ناوەندی توركی رێكاری یەكلایی كەرەوە و بڕیاری خێرای نەدا بۆ پاڵپشتی كردنی لیرە لە بەرانبەر دراوە بیانیەكان؟ ئەم پرسیارە لێكدانەوەی زۆری بۆ كرا، هەندێك پێان وایە كە دامەزراوە ئابوریەكان لە توركیا تاكو ئێستا پێیان وایە كێشە پەیوەندی بەلایەنی ئابوریەوە نییە، بەلكو پەیوەندی بە دەسكەوتەكانەوە هەیە‌ بە نمرەی یەكەم، وەڵامدانەوەشی دەبێ لە هەمان رێگاوە بێت.

توركیا دوو بژاردەی لەبەردەمە بۆ روبەروبونەوەی جەنگەكەی ئەمەریكا لە دژی، یەكەمیان تەنها رێكارەكانی خودی خۆیەتی، لە وردەكاری و دەرگای بەدەستهێنانی سەركەوتنەكانیو ئەوەی تریان لەسەر ئەو توانای داڕشتنی تێگەیشتنەكانی لەگەڵ هاوپەیمانیەكانیدا دەوەستێت "روسیا- ئێران- ئەوروپا"، بۆ یەك هەڵوێستی لەبەرانبەر ترەمپدا.

مامۆستایەكی زانكۆ لە توركیا، ئاماژەی بە ژمارەیەك رێكاری بە پەلە كرد كە پێویستە ئەنقەرە بیگرێتەبەر لەبەرانبەر دابەزینی نرخی بەكاربەری لیرە، گرنگترینیان، بڵاوكردنەوەی متمانەیە لای هاولاتیان بەتایبەتی لە رێگەی لێپرسراوی سیاسەتە نەقدیەكانەوەو بەوەی پارێزگاری كردن لە دۆخی لیرە ئەركێكی نیشتمانی و شەرعیە و لەهەمان كاتدا كۆت و بەند دابنرێ لە راكێشان و هەواڵە كردنی دۆلار و چالاككردنی سیستەمی چاودیری نەختینە، بەتایبەت لە فرۆكەخانەكان و بەرزكردنەوەی سوو بە شێوەیەكی كاتی. ئەمەو سەرەرای دانانی سنورێك بۆ دراو و سنورنەبەزاندنی و بەكارهێنانی یەدەگ بۆ زیاد كردنی دەرخستەی دۆلار و چالاككردنی سیستەمی ئاڵوگۆڕكردنی دوو لە دۆلار و پێدانی قازانج و ئیمتیاز بە وەبەرهێنەكان بەتایبەتی ئەوەی پەیوەندی بە پێدانی رەگەزنامەو ئاسانكاریەوە هەیە بۆ گەشتیارەكان.

شارەزایەكی بواری ئابوری پێی وایە داواكاری سەرۆك كۆمار لە خەڵكی بۆ ئەوەی شمەك و پارە بیانیەكانیان بكەن بە لیرە، لەلایەن ژمارەیەك لە خەڵكەوە كاریگەریەكەی ماوە ك، بۆیە پیویستە حكومەت رێكاری تر بگرێتەبەر بۆ چارەسەركردنی كیشەكانی لەگەڵ ئەمەریكا، چونكە كێشەكە زیاتر سیاسیە نەك ئابوری. سەرەرای ئەمە، كە رێكاری خێران، توركیا وەرەقەی تری بە دەستەوەیە لەسەر ئاستی هەرێمایەتی و جیهانی ، و بژاردەی زۆری لەبەردەستە، لە روی سیاس-ئابوری –دیبلۆماسی، بەتایبەتی واشنتن تاكو ئێستا وەلامدانەوەیەكی توندی لە ئەنقەرە نەبینیوە، و تاكو ئێستاش دەیەوێ كێشەكە بە رێگای سیاسی و دیبلۆماسی چارەسەر بكات، ئەم بژاردەیەش لە بەشی بەكەمی كێشەكەدا، توركەكان بەباشی دەزانن.

پەیوەندیە تەلەفونیەكەی نێوان پۆتین و ئەردۆگان و دەنگوباسی سەردانی كردنی وەزیری دەرەوەی روسیا بۆ ئەنقەرە، ئاماژەی هەبونی پلانێكە لە نێوان هەردوولادا بۆ قۆناغی داهاتوو و دۆزینەوەی رێگایەكە بۆ بەرپێگرتنی جەنگی ئابوری ئەمەریكا.

بەشداری كردنی سەرۆكی توركیاش لە ساڵی 2017 لە لوتكەی "رێگای حەریر" لە پەكین، دیدێكی رەسمیە لەو پرۆژەیەی كە توركیا لەلایەنی جیۆپۆلەتیكیەوە رۆڵێكی میحوەری تێدا دەبینێت، كە لەدوای ئەو دیدارە سەردانی كردنی هەردوولا بۆ لای یەكتری چڕبونەوە. 

توركیا ئەندامێكی بە هێزە لە هاوپەیمانی باكوری ئەتڵەسی و رێژەیەكی زۆری چەك تەقەمەنی لە ئەمەریكا دەكرێت، ئەمە مانای ئەوەیە ئەگەر بێت و پێداویستیەكانی لە وڵاتانی تری وەك چین و روسیاو ئەوروپا بكرێت، ئەوا ئەمەریكا زەرەرمەند دەبێت لەو هاوكیشەیەدا، ئەمەش وەرەقەیەكی فشاری ترە كە توركیا بەكاری دێنێ.

سەركەوتنی ئەنقەرە لە دروست كردنی كوتلەی نوێدا كە بەلای بەرەی رۆژهەڵاتدا بچێت "روسیا- چین- ئێران"، لەگەڵ پارێزگاری كردن لە زەمینەیەكی هاوبەش لەگەل وڵاتە ئەوروپیە میانرەوەكاندا كە بەدەستی سیاسەتەكانی ترەمپەوە دەناڵێننو وێنەی نەخشە نێو دەوڵەتیەكە لە رووی ئابوری و سیاسیەوە دەگۆڕی، و دۆخەكە جارێكی تر ئاسایی دەبێتەوە، بەتایبەتی بەشێكی زۆری لایەنە پەیوەندی دارەكان لە ئەمەریكا تێبینییان لەسەر ستراتیجیەتی ئیدارەی سەرۆكی ئەمەریكا هەیە لە مەلەفی پەیوەندیەكانی دەرەوە، بەوەی هەر رۆژەو دوژمنێكی نوێیان بۆ پەیدا دەبێت.

لە كۆتاییدا، دەردەكەوێ جەنگی راگەیەنراو بۆ سەر توركیا بەشێكە لە پلانی ئەمەریكا بۆ زاڵبون بەسەر ئەزمونی دیموكراتی تازەپێگەیشتودا، كە توانیویەتی خۆی بخاتە سەر هێڵی ململانێی جیهانی، ئەمەش هەرەشەیە بۆ سەر بەرژەوەندییەكانی ئەمەریكا لەناوچەكە، و پێویستی بەو هاوپەیمانانهی خۆی هەیە  كە بەبێ هیچ و گفتوگۆ پلانەكانی جێبەجێ دەكەن لە پێناو پاراستنی پۆست و كورسیەكانیان.