چەند كۆبوونەوەیەك بێئەنجام بووە
سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان دوو مەرج بۆ گەڕانەوە دادەنێن

کوردستان

15/08/2018‌ 10187 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
هەریەك لەعوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی، كە ڕێبەرایەتی ڕەوتی ناڕازیی نێو بزووتنەوەی گۆڕان دەكەن، دوو مەرجیان هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ ناو ئەو بزووتنەوەیەو وەرگرتنەوەی بەرپرسیارییەتی تێیدا، ئەوەش لەكاتێكدایە چەند جارێك سەردانیان كراوە بەبێ ئەوەی بگەنە ڕێككەوتن.

بەپێی زانیارییەكانی هەفتەنامەی ״ئاژانس״، كە لەچەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی نێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووە، هەریەك لە قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود مەرج و داواكاریی زۆریان هەبووە بۆ گەڕانەوە، بەڵام تا ئێستا لەگەڵ بەرپرسانی باڵای گۆڕاندا نەگەیشتوونەتە ڕێككەوتن.

عەبدوڵڵای كوێخا موبارەك ئەندامی دەستلەكاركێشاوەی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״ئیستقالەم كردووە، بەڵام ئیستیقالەكەم قبووڵ نەكراوە، قسەمان زۆر كردووە، نامەوێ لەسەر گۆڕان قسە بكەم״.

هاوكات سەرچاوەیەكی بەرپرسی گۆڕان، كە لەبەر هەستیاریی بابەتەكە نەیوست ناوی بڵاو بكرێتەوە بە ״ئاژانس״ی وت: ״بەرپرسە ناڕازییەكانی گۆڕان دوو مەرجی سەرەكییان هەیە، كە ئەوانیش بریتین لە گەڕانەوەی دەسەڵات بۆ جڤاتی نیشتمانی و دەركردنی هەموو بڕیارەكان لە لایەن جڤات و پابەندبوونی گۆڕان پێوەی و مەرجی دووەمیش گواستنەوەی خاوەندارییەتی كەناڵی كەی ئێن ئێنە لە كۆمپانیای وشەوە بۆ سەر بزووتنەوەی گۆڕان״.

فەیسەڵ حەمەساڵح ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان بە ״ئاژانس״ی وت: ״فشارێك هەیە لەسەر خانەی ڕاپەڕاندن لە لایەن هەڵسووڕاوان و باژێروانەكانەوە، لێكنزیكبوونەوەیەكیش هەیە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، باژێروانەكان لەگەڵ كاك قادر و كاك عوسماندا دانیشتوون،  چەند جارێكیش لەگەڵ جەلال جەوهەر و مستەفای سەید قادردا دانیشتوون״.

ناوبراو وتیشی: ״ئەو سەركردە ناڕازییانە تێڕوانینی جیاوازیان هەیە لەسەر سیاسەتی گۆڕان و مەرجیان بۆ گەڕانەوە پابەندبوونە بە پڕۆژەی گۆڕانەوە״.

هـ ـ ح