بەشێكی سەركردەكانی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردن نییە
یەكێتی ترسی هەیە پارتی زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان بەرێتەوەو لەگەڵ كۆتاكان حكومەت پێكبهێنێت

کوردستان

16/08/2018‌ 2029 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی ترسی هەیە پارتی دیموكرات زۆرینەی پەرلەمانی كوردستان بەرێتەوەو لەگەڵ كۆتاكان حكومەتی داهاتوو پێكبهێنێت.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی مەكتەبی سیاسی دراوە بەشارپرێس، لەئێستادا ئەندامانی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی دابەشی دوو ئاراستەی جیاواز بوون، كە ئاراستەكانیش پەیوەندی بەئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان هەیە.

هەر بەپێی زانیارییەكان، بەشێكی سەركردەكانی یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لەو وادەیە نین، كە بۆی دیاریكراوە، ئەوەش هۆكارەكەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، "دۆخی پارتی لەو هەڵبژاردنە باشەو ترسیان هەیە زۆرینەی پەرلەمانی بەرێتەوەو لەگەڵ كورسییەكانی كۆتا دەنگی 50+1 كۆبكاتەوەو لەو رێگەیەوە حكومەتی داهاتوو پێكبهێنێت".

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان وەك بڕیاری لێدراوە لە 30 ئەیلوولی داهاتوو بەرێوەدەچێت‌و بەشێك لەلایەنەكان لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە نین، بەڵام پارتی چەند جارێك جەختیكردووەتەوە هەڵبژاردن لەوادەی خۆی بەرێوەدەچێت.

شارپرێس ئەوەشی زانیوە، بەشێكی تری مەكتەبی سیاسی یەكێتی لەگەڵ ئەنجامدانی هەڵبژاردنن لەو وادەیەو مەترسییەكانی پارتی رەتدەكەنەوە، بەڵكو پێشیانوایە، كە جگە دۆخی پارتی ، دۆخی حیزبەكەشیان باشەو دەتوانن دەنگی زۆر بەدەست بهێنن.

هەروەها بۆچوونی ئەوەشیان هەیە، جگە لەباشی دۆخی خۆیان، دۆخی لایەنەكانی تری دەرەوەی دەسەڵاتی وەك بزووتنەوەی گۆڕان‌و ئیسلامییەكان خراپەو یەكێتیش بەو هۆیەوە دەتوانێت دەنگێكی زۆر بەدەست بهێنێت.

هـ ـ ح