ئەردۆغان پێشنیار دەكات مامەڵەی بازرگانیی بە دراوی وڵاتەكەیەوە بكرێت

جیهان

03/09/2018‌ 946 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆك كۆماری توركیا رایگەیاند،  وابەستەبوونی بازرگانیی بە دۆلارەوە وەك بەربەستێكی لێهاتووە لەبەردەمیاندا، هاوكات پێشنیار دەكات مامەڵەی بازرگانی بە دراوی وڵاتەكەیەوە بكرێت.

لەمیانی وتارێكدا لە شەشەمین لوتكەی سەرۆك دەوڵەتانی كۆنسەی تورك-دا ئەردۆغان وتی، "ئاسیای ناوەڕاست جوگرافیایەكە كە خاوەنی نزیكەی 70 ملیۆن دانیشتوانە، توانای وەبەرهێنانیان بەرزە، خاوەنی سەرچاوەی مرۆیی پێگەیشتووی بەرزە و داهاتی نیشتمانیی دەگاتە 350 ملیار دۆلار".

هەروەها وتیشی، "جیهانی توركی بەهەمان قورسایی جوگرافی و دیمۆگرافی، نەیتوانیوە ئەو توانا ئابوورییە نیشان بدات."

لە پێناو بەرەوپێشبردنی تواناكان و بەرزكردنەوەی قەبارەی بازرگانیدا وڵاتەكەیدا ئەردۆغان رایگەیاند، "وابەستەبوونی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە دۆلارەوە ئیدی وەك بەربەستێكی لێهاتووە لەبەردەمماندا، ئێمە لەم بابەتەدا پێشبینی دەكەین تواناكانمان لەسەر دراوی خۆماڵی چڕبكەینەوە".

ئەوەشی خستەڕوو، "دۆخی ئێستا هەلی گرنگمان پێدەبەخشێت لە بەرەوپێشبردنی تۆڕەكانی گەیاندن و پەیوەندیدا، لەوڕووەوە گرنگی بەڕێڕەوی رۆژهەڵات-رۆژئاوا دەدەین كە قەفقاس و ئاسیای ناوەڕاست تێدەپەڕێنێت و دەگاتە چین".
ه.م