توركیا كارەكانی ھەڵكەندنی بیر لە دەریای سپی رۆژهەڵات دەستپێدەكات

جیهان

03/09/2018‌ 620 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بەمەبەستی پاراستنی مافەكانی وڵاتەكەی و كۆماری قوبرسی باكووری توركی و لە رۆژھەڵاتی دەریای سپی، رێوشوێنی پێویست گیراوەتە بەر و كارەكانی هەڵكەندنی بیر لە ناوچەی دەریای ناوەڕاستی رۆژھەڵات لەلایەن توركیا لە وەرزی پایزی داھاتوو دەستپێدەكات.

مەولود چاوشئۆغڵو لەگەڵ جێگری سەرۆكی كۆماری قوبرسی باكووری توركی و وەزیری دەرەوە، قودرەت ئۆزارسای لە تەلاری وەزارەتی دەرەوەی توركیا كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی سازكرد.

لەبارەی پرسیاری ئەوەی كە ئایا توركیا كەی دەست بە چالاكییەكانی گەڕان بە دوای ھایدرۆكاربون لە دەریای سپی رۆژھەڵات دەكات، چاوشئۆغڵو وتی، "لەم ناوچەیە، لە دەریای سپی رۆژھەڵات توركیا ناوچەی ئابووری ھەیە، ھاوكات كەناراوەكانی كۆماری قوبرسی باكووری توركی دەكەوێتە ئەو شوێنە. ئێمە لەسەر داوای كۆماری قوبرسی باكووری توركی بۆ پاراستنی مافەكانی ھەردوو لایەن رێوشوێنی پێویستمان گرتووەتەبەر".

چاوشئۆغڵو راشیگەیاند، توركیا ئێستا دەتوانێت دەست بەكارەكانی ھەڵكەندنی بیر لە ناوچەكەدا بكات و كارەكانی وەزارەتی وزەی توركیاش لەمبارەیەوە زۆر بە باشی بەڕێوە دەچێت.

وەزیری دەرەوەی توركیا ئەوەشی خستەڕوو، وڵاتەكەی لەوبارەیەوە تاوتوێی لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا و یۆنان كردووە و رۆژی سێشەممەش پرسی ھەڵكەندنی بیر لەو ناوچەیە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی یۆنان، نیكۆس كۆجیاس لە شاری ئیزمیر تاوتوێ دەكات.
ه.م