34 ساڵ بەسەر كۆچی دوایی هونەرمەندی سینەماكار یڵماز گونەی تێپەڕی

هەمەڕەنگ

08/09/2018‌ 667 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
34 ساڵ بە سەر كۆچی دوایی دەرهێنەر، ئەكتەر و سیناریست یڵماز گونەیدا تێدەپەڕێت، كە لە جیهانی سینەمادا بە "قەیسەری ناشیرین Çirkin Kral " ناوی دەركردبوو.

گونەی لە ساڵی 1937 لە گوندی یەنیجەی پارێزگای ئادانا لە دایكبووە. 

هەر لە قۆناغی ئامادەییەوە بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی ژیانی چەند جۆرە كارێكی كردووە هەر لەو قۆناغەدا گوتاری بۆ رۆژنامە و گۆڤارە لۆكاڵییەكان نووسیووە. هەروەها لە هۆبەی ناوچەیی كۆمپانیاكانی دابەشكردنی فیلمی ئاند فیلم و كەمال فیلم كاری كردووە.

گونەی لە ساڵی 1956 لە بەشی یاسای زانكۆی ئەنقەرە وەردەگیرێت لە ساڵی 1957 دابەزین دەكات بۆ كۆلێژی ئابووری زانكۆی ئیستانبوڵ.

فیلمی "رێگا Yol "كە یڵماز گونەی سیناریۆكەی داناوە لە ساڵی 1982 خەڵاتی زێڕینی پاڵمێی لە فێستیڤاڵی كان پێبەخشرا.

لە ساڵی 1984 رەگەزنامەی توركی لە یڵماز گونەی سەنرایەوە و لە ساڵی 1984 فیلمی "دیوار Duvar " كە ناوبراو لە ساڵی 1983 دەرهێنانی بۆ كردبوو پاڵێورا بۆ "خەڵاتی تایبەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن"ی فێستیڤاڵی كان.

هونەرمەند یڵماز گونەی 12 ساڵی تەمەنی لە زینداندا بەسەربردووە و سیناریۆی بۆ چەند فیلمێكی گرنگی وەك "رێگا Yol " و "دیوار Duvar " داناوە.

ناوبراو بەهۆی بەرهەمەكانییەوە بووەتە خاوەنی چەندین خەڵات لە ناوەوە و دەرەوەی توركیا، لە 114 فیلمدا رۆڵی ئەكتەری گێڕاوە، دەرهێنەری 26 فیلم بووە، پڕۆدیسەری 15 فیلمی كردووە و سیناریۆی 64 فیلمیشی نووسیووە.

گونەی دوا ساڵەكانی تەمەنی لە پاریس بەسەربردووە و لە 9ی ئەیلوولی 1984 بەهۆی تووشبوونی بە شێرپەنجەی گەدە لە فەڕەنسا كۆچی دوایی كردووە تەرمەكەیشی لە گۆڕستانی پرێ لاچایس لە پاریس بە خاك سپێردراوە.

دوای كۆچی دوایی هونەرمەند، بەمەبەستی پاراستن و بڵاوكردنەوەی بەرهەمەكانی گونەی، هاوسەری ناوبراو فاتۆش گونەی "وەقفی یڵماز گونەی" دامەزراندووە و كارەكانی وەقفەكەش ئەو بەڕێوەی دەبات.
ه.م