كۆمپانیای تۆتاڵ 80 ملیار دۆلار زیان بە ئابووری ئێران دەگەیەنێت

جیهان

11/09/2018‌ 3403 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حوسەین عەلی حاجی دەلیگانی، ئەندامی كۆمسیۆنی بوودجە و پلاندانان لە پەرلەمانی ئێران رایگەیاند، ئێران بەدرێژایی 16 ساڵ بە هۆی كۆمپانیای نەوتی تۆتاڵەوە 80 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە.

ئاژانسی هەواڵیی میزان سەر بە دەسەڵاتی دادوەری ئێران لە زاری حوسەین عەلی حاجی دەلیگانی بڵاویكردەوە، "ئێران بەدرێژایی 16 ساڵ بە هۆی كۆمپانیای نەوتی تۆتالەوە 80 ملیار دۆلار زیانی بەركەوتووە".

حوسەین عەلی حاجی رەخنەی لە كۆمپانیای تۆتاڵ گرتووە كە لە ساڵی 2012دا بە هۆی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا لەو وڵاتە كشاوەتەوە، بەڵام دوای رێككەوتنی ئەتۆمی كە لە ساڵی 2015دا لە نێوان ئێران و كۆمەڵەی پێنج كۆ یەك واژۆكرا دووبارە لەگەڵ ئێران دەستیكرددووەتەوە بە كاركردن.

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "سەرەڕای ئەوەی ئەو كۆمپانیایە زۆرجار هاتووەتە ئێران و رۆیشتووە دووچاری هیچ زیانێك نەبووە، بەڵام وەزارەتی نەوت بەبێ ماوە سەرلەنوێ رێككەوتنی لەگەڵ ئەو كۆمپانیایە واژووكردووە".

ئەمریكا لە مانگی ئایاردا بە شێوەیەكی تاكلایانە كشانەوەی خۆی لە رێككەوتنەكە راگەیاندبوو، هەروەها وەزارەتی گەنجینەی ئەو وڵاتە ئاشكرایكردبوو لە رۆژی شەشی ئابەوە ئەو سزایانەی لە ساڵی 2015ەوە لەسەر ئێران هەڵگیراون، دووبارە بەسەریدا دەسەپێنرێنەوە.

كۆمپانیای تۆتاڵی فەڕەنسی بۆ نەوت و گازی سروشتیی ئاشكرایكرد، بە هۆی سزا نوێیەكانی ئەمریكاوە لە كێڵگەی گازی سروشتی پارسی باكوور لە كەنداو كارەكانی رادەگرێت.
ه.م

بەپەلە