لەبەرانبەردا پارتی كاندیدی بۆ سەرۆك كۆمار دەبێت
یەكێتی ئامادەنییە گفتوگۆ لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك بكات

عیراق

15/09/2018‌ 3650 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی كوردستان ئامادەنییە گفتوگۆ لەسەر پۆستی پارێزگاری كەركوك بكات، ئەوەش بەهۆی ئەوەی ئەو پۆستە بەمافی بەركەوتەی هەڵبژاردنی خۆی دەزانێت.

لەكۆبوونەوەی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی جەختكراوەتەوە، كە نابێت گفتوگۆ لەسەر پرستی پارێزگاری كەركوك بكەن‌و سووربن لەسەر وەرگرتنەوەی ئەو پۆستە.

لەو بارەوە سامان گەرمیانی ئەندامی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بۆ شارپرێس وتی: یەكێتی لەپارێزگاری كەركوك شەش كورسی هەیە، لەكاتێكدا لایەنە كوردییەكان هیچ كورسییەكان نییە.

سامان گەرمیانی وتیشی: پۆستی پارێزگاری كەركوك بەركەوتەی یەكێتی نیشتمانییەو دەبێت لایەنە كوردییەكانیش پشتگیری بكەن بۆ ئەوەی پۆستەكە وەربگرینەوە.

پۆستی پارێزگاری كەركوك پێشتر لای نەجمەدین كەریم ئەندامی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بوو، بەڵام لەلایەن حكومەتی عێراقەوە دوورخرایەوەو لەو كاتەوە پۆستەكە لەلایەن راكان سەعید جبوری بەوەكالەت بەرێوەدەبرێت.

شارپرێس لەسەرچاوەیەكی ئاگادارەوە زانیویەتی، لەبەرانبەر ئەو سووربوونەی یەكێتی بۆ وەرگرتنی پۆستی پارێزگاری كەركوك، كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق دەبێت، كە ئەوەش پشكی كوردە.

هەر بەپێی زانیارییەكان پارتی پێشتر بەنیازبوو، پۆستی سەرۆك كۆمارو پارێزگاری كەركوك بكاتە یەك پاكێج‌و لەگەڵ یەكێتی لەسەری رێككەوتن بكەن، بەڵام لەو بارەوە تائێستا نەگەیشتوون بەرێككەوتن، بۆیە هەردوولا كاندیدیان بۆ سەرۆك كۆمار دەبێت.

هـ ـ ح