گۆڕان‌و كۆمەڵ‌و بەرەی ئیسلاح دەیانەوێت رێگری لەساختەكاری بكەن

کوردستان

15/09/2018‌ 678 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
چوار لایەنی هەرێمی كوردستان، كە لەبزووتنەوەی گۆڕان‌و كۆمەڵی ئیسلامی‌و یەكگرتووی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی پێكهاتوون، هەماهەنگی لەپێناو رێگریكردن لەساختەكاری لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان دەكەن.

بەپێی میدیای فەرمی گۆڕان بۆ ئەو مەبەستە لە شاری هەولێر هەرچوار لایەنی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتوی ئیسلامی و  بزووتنەوەی ئیسلامی ئەمڕۆ شەممە كۆبونەوەو رێكەوتن لەسەر هەماهەنگیكردن لەبانگەشەی هەڵبژاردندا.

كۆبوونەوەكە پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجامدرا، كە نوێنەری ئەو چوار لایەنە لە هەولێر كۆبوونەوە‌و دوای كۆبونەوەكەش، كەمال زراری، بەرپرسی مەڵبەندی هەولێری بزووتنەوەی ئیسلامی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: وەك چوار لایەنەكە رێكەوتوون رەخنەكانیان بە تەنیا ئاڕاستەی دەسەڵات بكەن، كە لە ماوەی 27 ساڵی رابردودا شكستیان هێناوە لەحوكمڕانی.

هەروەها چوار لایەنەكە، كاری هاوبەش و هەماهەنگی زیاتری نێوانیان لەهەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان تاوتوێكردوە‌و بۆ رێگریكردنی لە ئەنجامدانی ساختەكاری‌و پابەندبوونی خۆیان بەرێنماییەكانی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی هەرێم دووپاتكردووەتەوە.

هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە 30 ئەم مانگە بەرێوەدەچێت، كە یەكگرتووی ئیسلامی‌و بزووتنەوەی ئیسلامی بەیەك لیست‌و بەناوی بەرەی ئیسلاح بەشداری ئەو هەڵبژاردنە دەكەن‌و كۆمەڵ‌و گۆڕانیش بەجیاو لیستی سەربەخۆ بەشدارن.

هـ ـ ح