گەمارۆكانی ئەمەریكا هەناردەكردنی نەوتی ئێرانی كەمكردووە

جیهان

15/09/2018‌ 826 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: 
گەمارۆكانی ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بۆ سەر كۆماری ئیسلامی ئێرا هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتەی بە رێژەیە لەسەدا 28 كەمكردووە، ئەوەش لە كاتێكدایە كەمتر لە دوو مانگی ماوە بۆ قۆناغی دووەمی گەمارۆكانی ئیدارەی واشتۆن بۆ سەر تاران.

هەناردەكردنی نەوت لە لایەن ئێرانەوە لە دوای كشانەوەی تاكلایەنەی ئەمریكا لە رێككەوتننامەی ئەتۆمی نێوان ئێران و كۆمەڵەی وڵاتانی پێنج كۆ یەك هەنگاو بە هەنگاو كەمبوونەوەی بەخۆیەوە دەبینێت.

لە مانگی نیسانەوە هەناردەكردنی نەوتی ئەو وڵاتە رۆژانە 810 هەزار بەرمیل كەمی كردووە و بەمەش بەرێژەی لە سەدا 28 نزمبووەتەوە.

گەمارۆكانی ئەمریكا بۆ سەر ئێران لە مانگی تەمووزدا زیاتر كاریگەری هەبوو لەسەر بازرگانی نەوتی ئەو وڵاتە، بەهۆی گوشارەكانی ئەمریكا لەسەر هاوپەیمانەكانی هاوردەكردنی نەوتیان لە ئێران كەمكردەوە و بەمجۆرەش لەو مانگەدا رێژەی هەناردەكردنی نەوت لەلایەن ئێرانەوە بۆ دوو ملیۆن و ٣٠٠ هەزار بەرمیل كەمی كردووە.

بەپێی ئامارەكانی وەزارەتی نەوتی ئێران، لە مانگی نیساندا رۆژانە دوو ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل نەوتی خاو هەناردەی دەرەوە كراوە و ملیۆنێك و 400 هەزار بەرمیلیشی كە نزیكەی نیوەی ئەو رێژەیەیە هەناردەی چین و هیندستان كراوە.

 هەر لەو ماوەیەدا لە سەدا 60ی دوو ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل نەوتە خاوەكە هەناردەی چین، هیندستان، ژاپۆن و كۆریای باشوور كراوە و رێژەكەی دیكەیشی هەناردەی وڵاتانی ئەندام لە یەكێتیی ئەورووپا، توركیا و ئیمارات كراوە. 

لە كاتێكدا ئێران لە مانگی ئایاردا رۆژانە دوو ملیۆن و 700 هەزار بەرمیلی هەناردە كردووە، لە مانگی حوزەیراندا ئەو رێژەیە بۆ دوو ملیۆن و 610 هەزار بەرمیل كەمبووەتەوە. 

ئێران كە ئەندامی ئۆپیكە لە مانگی نیسان رۆژانە دوو ملیۆن و 870 هەزار بەرمیل نەوتی خاو و 330 هەزار بەرمیل گازی هەناردە كردووە.
ه.م