دەبێت بەرێككەوتن كەسێك بۆ ئەو پۆستە كاندیدبكرێت
سەركردەیەكی هاوپەیمانی: پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە نەك یەكێتی

عیراق

16/09/2018‌ 1789 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
شێخ محەمەد سەرگەڵوویی سەركردە لەهاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری رایگەیاند، پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە، نەك یەكێتی نیشمانی.

شێخ محەمەد سەرگەڵوویی لەمیانی لێدوانێكی بۆ رۆژنامەی شەرقئەوسەت راشیگەیاند، لەسێ‌ خولی رابردوو پارتی دیموكرات‌و یەكێتی نیشتمانی لەسەر بنەمای رێككەوتنی سراتیژی نێوانیان مامەڵەیان لەگەڵ ئەو پۆستە كردووە.

ئەو سەركردەیەی هاوپەیمانی ئەوەشی راگەیاندووە، بەهۆی ئەوەی پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كوردە نەك یەكێتی، دەبێت بەرێككەوتنی لایەنە سیاسییەكان كەسێك بۆ پۆستەكە كاندید بكرێت.

لەسێ‌ خولی رابردوو پۆستی سەرۆك كۆمار پشكی كورد بووەو لەناو كوردیش بەر یەكێتی نیشنمانی كەوتووە، كە ئێستا ئەو حیزبە چاوی لەسەر ئەوەیە جارێكی تر پۆستەكە وەربگرێتەوە.

جگە لەیەكێتی، ئێستا پارتیش چاوی لەوەیە لەخولی چوارەم پۆستی سەرۆك كۆمار بۆ كاندیدی ئەو بێت، لەگەڵ ئەوەش هەوڵێك هەیە بۆ ئەوەی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری بۆ ئەو پۆستە كاندید بكرێت.

سەرچاوەكان باس لەوە دەكەن، یەكێتی ئامادەیە بەگەڕانەوەی بەرهەم ساڵح بۆ ناو یەكێتی، كە پێشتر جێگری سكرتێری گشتی هەبوو، پشتگیری بكات بۆ سەرۆك كۆمار، بەڵام سەرگەڵوویی رەتیكردووەتەوە، هیچ رێككەوتنێك لەو بارەوە كرابێت.

هەروەها رایگەیاندووە، گفتوگۆكانی هەردوولا تەنیا بۆ ئەوەیە، كە هەردوولا لەسەر ئاستی باڵا رێككەوتنێكی سیاسی بۆ هەماهەنگی یەكتری ئەنجامبدەن، ئەوەش بۆ چارەسەری كێشە سیاسییەكان.

هـ ـ ح