پارتی رەتیدەكاتەوە بۆ پۆستی پارێزگاری كەركوك رێككەوتنی لەگەڵ یەكێتی كردبێت

کوردستان

16/09/2018‌ 758 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پارتی دیموكراتی كوردستان جەختدەكاتەوە، هێشتا ھیچ بڕیارێكی فەرمی بۆ پۆستەكانی كەركوك ڕانەگەیەندراوەو رەتیشیدەكاتەوە باس لەدابەشكردنی پۆستی پارێزگاری كەركوك كرابێت، بەوەی دوو ساڵ بۆ پارتی و دوو ساڵ بۆ یەكێتی نیشتمانی بێت.

محەمەد خورشید بەرپرسی لقی ٣ی پارتی لەكەركوك رایگەیاند، تا ئێستا ھیچ ڕێككەوتنێك لەنێوان پارت‌و یەكێتیدا نییە بۆ دابەشكردنی ھیچ پۆستێك، تەنیا لیژنەیەكی ڕاوێژكاری دروستكراوە لەنێوان یەكێتی‌و پارتیدا، كە لیژنەیەكی چواركەسییەو تاوتوێی پێشنیازەكان دەكەن و تا ئێستا ھیچ بڕیارێكیش نەدراوە پۆستی پارێزگار بۆ یەكێتی یان بۆ پارتی بێت.

ئەو بەرپرسەی پارتی، ئەو دەنگۆیەی ڕەتكردەوە گوایە داوایەكی وا كراوە پۆستی پارێزگاری كەركوك دوو ساڵ بە دوو ساڵ لە نێوان پارتی و یەكێتیدا دابەش بكرێت و بۆ پێگەی فەرمی حیزبەكەی راشیگەیاند "بە ھیچ شێوەیەك باس لەوە نەكراوە پۆستی پارێزگاری كەركوك دوو ساڵ بۆ یەكێتی‌و دوو ساڵیش بۆ پارتی بێت، تەنیا لیژنەیەك پێكهێنراوە، كە پێشنیازەكان دەدەن بەمەكتەبی سیاسی ھەردوو لا و ھیچ باسێكی دابەشكردنی پۆستی كەركوك و سەرۆك كۆماری عێراقیش، بە فەرمی نەكراوە."

هـ ـ ح