بەهۆكارێك دەزانرێت بۆ گەڕاندنەوەی بۆ ناو یەكێتی
دەستلەكاركێشانەوەكەی بەرهەم ساڵح لەسەركردایەتی یەكێتی پەسەندنەكراوە

کوردستان

16/09/2018‌ 4076 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی تائێستا دەستلەكاركێشانەوەكەی بەرهەم ساڵح سەرۆكی هاوپەیمانی پەسەند نەكردووە، ئەوەش بەهۆكارێك دەزانرێت بۆ گەڕانەوەی بۆ ناو حیزبەكە.

بەرهەم ساڵح لە 17/9/2017 بەفەرمی نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كرد، كە ئەوكات پۆستی جێگری سكرتێری گشتی حیزبەكەی هەبووە.

لەگەڵ ئەوەی بۆ ساڵێك دەچێت دەچێت بەرهەم ساڵح نامەی دەستلەكاركێشانەوەی پێشكەشی ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی كردووە، بەڵام تائێستا بەفەرمی دەستلەكاركێشانەوەكەی قبووڵ نەكراوە.

قبووڵنەكردنی دەستلەكارنەكێشانەوەكەی بەرهەم ساڵح لەكاتێكدایە، كە ئێستا هەوڵێكی جددی هەیە بۆ ئەوەی ناوبراو بگەڕێنرێتەوە بۆ ناو یەكێتی، قبووڵنەكردنی دەستلەكاركێشانەوەكەشی بەهۆكارێكی باش دەزانرێت بۆ گەڕانەوەكەی، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەكی ئاگادار بۆ شارپرێس.

هەر بەپێی سەرچاوەكە، بڕیارە پرسی گەڕانەوەی بەرهەم ساڵح‌و كاندیدكردنی بۆ سەرۆك كۆمار بخرێتە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتی‌و دەنگی لەسەر بدرێت، كە بڕیارە بەم نزیكانەش ئەو كۆبوونەوەیە ئەنجامبدرێت.

چەند ڕۆژێكە باس لەوە دەكرێت ، كە یەكێتی و هاوپەیمانی دیموكراسی دادپەروەری بەسەرۆكایەتی بەرهەم ساڵح دەیانەوێت لەسەر ئەوە ڕێكبكەون، كە بەرهەم ساڵح كاندید بكەن بۆ ئەو پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، بەڵام بەمەرجی گەڕانەوەی ناوبراو بۆ ناو یەكێتی.

هـ ـ ر