هەوڵی چارەسەری كێشە ناوخۆییەكان دەدەن
شارپرێس هەوڵێكی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا بۆ ئاشتكردنەوەی سەركردە ناڕازییەكانی گۆڕان ئاشكرادەكات

کوردستان

17/09/2018‌ 9150 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
"چیاو نما"، كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا، رێكخەری كۆچكردووی بزووتنەوەی گۆڕان دەستیان بەهەوڵێك كردووە، ئەوەش بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی بزووتنەوەكەیان‌و بۆ ئەوەش دەستیان بەگفتوگۆ لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكان كردووە.

بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەرچاوەیەكی ئاگادار دەست شارپرێس كەوتووە، "چیاو نما" لەچەند رۆژی رابردوو لەگەڵ قادری حاجی عەلی ، كە یەكێكە لەسەركردەكانی گۆڕان كۆبوونەوەیان كردووە، بڕیاریشە لەگەڵ عوسمانی حاجی مەحمود، كە یەكێكی ترە لەسەركردەكانی گۆڕان كۆبوونەوە بكەن.

هەر بەپێی زانیارییەكان، كۆبوونەوەو گفتوگۆكانی كوڕەكانی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ سەركردە ناڕازییەكان وەك هەوڵێكە بۆ ئاشتكردنەوەو ئەو سەركرداوەو چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكانی گۆڕان ، كە ماوەیەكە بەردەوامی هەیە.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە بڕیارە هەوڵەكانی چیاو نما بەردەوامی هەبێت، بۆ ئەوەی بەتەواوی كێشەكان چارەسەربكەن، بۆ ئەوەش پرۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ رێكخستنەوەی گۆڕان لەدوای هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.

قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود، كە دوو لەدامەزرێنەرانی بزووتنەوەی گۆڕانن لەگەڵ نەوشیروان مستەفا، ماوەیەكە ناڕازین لەشێوەی ئیدارەدان‌و سیاسەتكردنی بزووتنەوەی گۆڕان، بۆ ئەوەش داوایان كردووە، گۆڕانكاری لەهەیكەلییەتی گۆڕان بكرێت، بەڵام تائێستا گوێیان لێنەگیراوە.

هـ ـ ح