فازڵ میرانی: بڕوام نییە یەكێتی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار كاندیدبكات

عیراق

18/09/2018‌ 846 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
فازڵ میرانی سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت: "بڕوام نییە یەكێتی بەرهەم ساڵح بۆ سەرۆك كۆمار كاندیدبكات، چونكە یەكێتی ناكۆكی هەیە، كە بچێتەوە ناو یەكێتی".

فازڵ میرانی دەشڵێت: ئەگەر بەرهەم ساڵح بچێتەوە ناو یەكێتی ئەی ئەو ئیسلامییانەی لەگەڵیدابوون (كاك محەمەد ڕەئوف و كاك ئارام قادر) بۆ كوێ دەچن؟ ئینجا دوای ئەوە ئەو هۆكارانەی وای بەرهەم ساڵح كرد یەكێتی بەجێ بهێڵێت هۆكارەكان چاك بوون و نەماون یا خۆی چاك بووە؟ چونكە ئێـمە ئەگەر وتەكانی كاك بەرهەم بهێنیەوە، كە دەیوت بۆ حورمەتی خۆم‌و ئەخلاقی خۆم ناگەڕێمەوە ئەمە بابەتی گەندەڵییە، ئەمە بابەتی موناقەشەیە، یا بڵێین بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار دەچێتەوە ناو یەكێتی؟ یا بۆ یەكێتی دەچێتەوە ناو یەكێتی؟ ئەمە بابەتی برادەرانی یەكێتییە؟".

هەروەها دەڵێت: "سەبارەت بەوەی ئێمە پشتگیری دەكەین ئەوە دەكەوێتە سەر ڕێكەوتنی نێوان ئێمـەو یەكێتی هیوادارین ئەوە ڕوونەدات."

قسەكانی  سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان لەمیانی گفتوگۆیەكی بووە لەگەڵ دەنگی ئەمریكاو ڕایگەیاند" ئێمە و یەكێتی پڕۆژەیەكی هاوبەشمان بردە بەغداد حەزمان دەكرد ئەو پڕۆژەیە هی هەموو لایەنەكان بێت بەڵام بەداخەوە لەگەڵ ئەوەی لەپێشوتر بەڵێنم دابوو لە چاوپێكەوتنەكەی دەنگی ئەمریكا كەبچینە لای هەموو لایەنەكان ئەوكاتەی برادەرانی ئێـمە چوین نەمویست تێلفۆنتان بۆ بكەمەوە بڵێم ئەوە بەڵێنەكەمان جێ بەجێ كرد، بەڵام چوین و ئەوان نەهاتن لەم پڕۆژەیە كە پڕۆژەكە بۆ عیراق و كوردستانە نەهاتن لەگەڵمان بن داوامان لەلایەنە عیراقیەكان كرد كە بگەڕێنەوە سەر شێوەی كاركردنی جاران مافی پێشمەرگە و زیندانیانی سیاسی و شەهیدەكانمان لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەتی عیراق بێت خۆشبەختانە ئەو لیستانەی گەورەن لەبەغداد لەبارەی داواكارییەكانی كوردەوە دەڵێن شتی واتان داوا نەكردووە كە بە ئێـمە نەكرێت هەموو داواكارییەكانتان دەستورین و لەجێی خۆیدان."

سەبارەت بەوەی ئەی بۆچی تا ئێستا لایەنە كوردییەكان( پارتی و یەكێتی) نەگەیشتونەتە ڕێكەوتن لەگەڵ یەكێك لە دوو هاوپەیمانیە گەورەكەی كە پێكهێنراوە؟

فازڵ میرانی رایگەیاند "خۆی ئەو دوو جەمسەرەی هەیە دوو جەمسەری عیراقین ئێـمە نەماندەویست ببینە جەمسەری شیعە دژی لایەكەی تری شیعە، وەك كردارێكی بیركاری لێكمان دایەوە بۆمان دەركەوت ئەمانە زۆرینەی شیعە یا سوننە نین، ناكۆكی لەنێوان شیعەكان خۆیان هەیە ئەگەر ببوینایە تەرەفی هەر لایەك نە بۆ عیراق نە بۆ كورد باش نەبوو، هەتا بۆ داهاتووش ئەگەر ناكۆكی نێوان شیعەكان توند بێتەوە بێگومان كاریگەری لەسەر هاوپەیمانەكانیشیان دەبوو بۆیە نەمانویست ببینە لایەنێك لەو ناكۆكیانەی نێوان عیراقیەكان نەك باسی جەمسەری ئێرانی و ئەمریكی بێت."

میرانی ڕەتیدەكاتەوە بۆ كورد وەك نەتەوە تێپەڕبونی كات زیان بە داواكارییەكانیان بگەیەنێت بۆ بەشدارییان لەحكومەتی داهاتووی عیراق، لەو ڕوەوەوتی" كورد دووەم نەتەوەی عیراقە، لایەنێكی سیاسی نیە بتوانرێت حكومەتی عیراقی بە بێ ئەو پێكبهێنێت بەڵكو ئێمـە میللەتی دووەمین لەعیراقدا بەپێچەوانەوە ئاسان نیە حكومەتی عیراق بەبێ كورد پێكبێت چونكە ناتوانێت عیراق بەبێ یەكێك لە سێ كوچكەكە كە كوچكەی سوننە و شیعە و كوردە پێكبێت هەر كوچكێك لەمانە "غائیب" بێت ناتوانرێت دوو كوچكەكەی تر وڵات ڕابگرنەوە وڵات "ئیستقرار"نابێت، ئێستا بێ ئەوەی ئێـمە ببینە تەرەفی ئەو ناكۆكیەی نێوان لایەنە عیراقیەكان خەریكە كێشەكان بەرەو چارەسەر دەڕۆن ،لەكاتێكداهەردوو هاوپەیمانیە گەورەكەی ئێستا پیكهاتون لە ئێمە مەمنون بوون چونكە هەریەكەیان نەیدەویست بچینە لای ئەوی تر و خۆی زۆرینە بمێنێتەوە ئێـمە ئەوەمان نەكرد ئێستا ئێمـە قازانجمان كرد."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەوەی خستەڕوو" لە ئێستادا جۆرێك لەڕێكەوتن هەیە لەنێوان(فەتح-سائیرون-بەشێك لە سوننە، زۆرینەی كورد(ئێمە و یەكێتی) بەنیازین" فەزایەكی نیشتمانی" دروست بكەین چونكە كە ئەم "فەزایە"مان دروست كردەوە نەك لیستی گەورە چونكە ئەگەر لیستی گەورە بێت دواتر لەناو پەرلەمان دووبارە پێویستمان بە(50+1) دەبێت بۆ دەنگدان بە كاندیدی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عیراق."

هەروەها وتیشی" كوردی ئەمڕۆ هی پێشوتر نیە كە وەك كابینەی پێشوو هێشتا برادەرانی ئێمـە لەسلێمانیلەكۆبونەوە بوون ئەمریكا كابینەكەی پێكهێنا و ڕاگەیەنرا ئەگەر ئەمجارە هەرلایەك بیەوێت ئەو زۆرینەیە بەو شێوەیە پێكبێت ئەوا گوزارشت لەخۆی دەكات نەك لە عیراقیەكان"

لەبارەی فشاری لایەنە دەرەكی و هەرێمیەكان لەسەر لایەنە كوردییەكان بۆ ئەوەی بەشداری لەیەكێك لەهاوپەیمانێتیەكان بكەن؟ فازڵ میرانی كە ئەندامی شاندی دانوستانكاری كوردە لەبەغداد وتی" كورد بەدرێژایی مێژوو بەهۆكاری نێودەوڵەتی و هەرێمی لەژێر فشاردا بووە چونكە هۆكاری دۆخی جێگیری ناوچەكە بووە بۆ ئەمجارەش لەژێر هەم فشاری نێودەوڵەتی هەم فشاری هەرێمی بوین بەڵام نەكەوتینە ژێر كاریگەری هیچ كام لەو فشارانە، نەبوینە بەشێك لەهاوپەیمانێتی تا بكەوینە ژێر فشاری لایەنێك بەڵام ئاگری لایەكی تر لەخۆمان بەربدەین، ئێستاش بینیمان لێرەدا كورد قازانجی كرد."

وتیشی" بەبڕوای من فشارەكە زیاتر لەسەر عیراق بوو لەناو سوننە ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار هەبوو، لەناو كوردی بەدبەختیش ناكۆكی لەسەر پۆستی سەرۆك كۆمار، لەناو شیعەش ناكۆكیەكە لەسەر پۆستی سەرۆك وەزیرانە ئەوەی سوننە چارەسەر بوو، هی شیعەش وا بەرەو چارەسەر دەڕوات، هی كوردیش ماوە."

هەروەها وتیشی" ئێـمە چوینە لای لایەنەكان داوای كۆبونەوەی شەش قۆڵیمان كرد بەڵام ئەوان نەهاتن ئێـمە دەمانەوێت هاوپەیمانێتیەكی كوردی پێكبهێنین، چونكە تا یەكگرتوو بین سەنگ و قورسایمان زیاتر دەبێت."

سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕەتیكردەوە كورد ببێتە ئۆپۆزسیۆن لەحكومەتی داهاتووی عیراق و ڕایگەیاند" ئێـمە وەك پارتی و یەكێتی بەرپرسیارێتی میللەتێكمان لەملدایە ئەو بەرپرسیارێتیە بە ئۆپۆزسیۆن بون جێ بەجێ نابێت، میللەتێك نابێتە ئۆپۆزسیۆن ئێمە بەتەنها حیزبی سیاسی نین.'

میرانی پێشبینی كرد" تا ناوەڕاستی مانگی ئۆكتۆبەر حكومەتی نوێی عیراق پێكبهێنرێت." "نە مافە نە ویژدانیە لیستێك لەسەر حسابی كورد بە دوو كورسیەوە پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان وەربگرێت"

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی بۆچی كوردەكان كاندیدێكی هاوبەشیان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نەبوو لەدواتردا پارتی یەكێتی تۆمەتباركرد كە پەرلەمانتارەكانی دەنگیان بەكاندیدەكەی نەدا لەجاری یەكەمدا؟ فازڵ میرانی وتی" لەبەر ئەوەی برادەرانی یەكێتی چاویان لەسەر پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق بوو كاندیدییان بۆ پۆستی جێگری سەرۆكی پەرلەمان نەبوو ئێمە بۆیە كاندیدمان دانا نەدەكرا كەسێك لەسەر حسابی كورد بە دوو كورسیەوە ئەو پۆستە وەربگرێت هەرچەندە ئەمە مانای ئەوەنیە لەنرخی ئەو برادەرانە دابەزێنیین بەڵام ئێمە و یەكێتی دووو حیزبی گەورە و حكومڕانین ئەو پۆستە مافی ئێـمەیە نەك كەسێك و لیستێك بەدووكورسیەوە ئەوە ویژادانیش نیە ، ئەگەر برادەرانی یەكێتی بۆ ئەو پۆستە كاندیدییان هەبوایە بێگومان ئێمـە كاندیدمان نەدەبوو.'

پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق لەنێوان پارتی و یەكێتی، ئایا فازڵ میرانی لەبارەی كاندیدكردنیەوە چی دەڵێت؟

دەربارەی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق سكرتێری مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان وتی" هیواخوازم ئێـمە و یەكێتی لەسەر یەك كاندید وەك خولەكانی پێشوو ڕێك بكەوین چونكە ئێمە بەبرادەرانی یەكێتیمان وتووە سێ خولە ئەو پۆستە بۆ ئێوەیە با ئەمجارەش ئەو پۆستە بۆ كاندیدێكی پارتی بێت، ئەگەر ڕێك نەكەوین كە من ناخوازم ئەوە ڕوبدات ئەوا ئێـمە و یەكێتیدەبێت هەریەكەمان كاندیدی خۆی بهاوێژێتە ناو پەرلەمان بۆ بەردەم موقەدەری شیعەو سوننە كە بزانین دەنگ بەكێ دەدەین ئەویان ببێتە سەرۆك كۆمار، كە من خۆم وەك" فازیڵ" هیوادارم ئەوە ڕونەدات.'

سەبارەت بەوەی پارتی چەند كاندیدی بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار هەیە ؟ فازیل میرانی وتی" ئەگەر ڕاستگۆ بم لەگەڵتان"بەگۆڕی مەلا مستەفا" تا ئەم دەقەیە نازانم."

دەربارەی ئەوەی كە خۆی یەكێكە لە كاندیدەكان ؟ میرانی وتی" ناوی خۆمم لە ڕاگەیاندنە عەرەبیەكانەوە بیستووە، ناوی من لەگەڵ هەریەك لە هۆشیار زێباری-د.فوئاد حسێن كەوتۆتە ناوان، بەڵام نە كەس بەمنی وتووە وە نە سیڤیم ئامادەكردووە تەنانەت بیرم لێ نەكردۆتەوە خەیاڵیشم بۆی نەكردۆتەوە چی بكەم و نەیكەم؟"

هەروەها وتی" تەنانەت لەناوخۆی حیزبیش باس نەكراوە نەجەنابی سەرۆك نەكەس پێی نەوتوم تۆ یەكێكی لەكاندیدەكانی پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق، بەڵام هێشتا نزیكەی پانزە ڕۆژێكمان ماوە، من لەگەڵ ئەوەنیم یەكێتی زیاتر لەكاندیدێكی هەبێت باشترە یەك كاندیدی هەبێت هەتا لەگەڵ ئەوەش نیم ئەگەر مەجبور نەبین ئێـمە و یەكێتی دوو كاندیدی جیاوازمان هەبێت هیوادارم وەك جاران ڕێك بكەوین لەسەر یەك كاندیدی هاوبەش.ئەمە بۆ سەنگی كوردیش گرنگترە"

فازڵ میرانی وتیشی" لای من گرنگترە لەم هەڵبژاردنەی پەرلەمانی كوردستان هەوڵدەین وەك پارتی زۆرینە ببینەوە ئەوە لای من لەپۆستی سەرۆك كۆماری عیراق گرنگترە."

سەبارەت بەوەی چۆن دەوترێت پارتی لەبەرامبەر پۆستی سەرۆك كۆمار داوای پۆستی پارێزگاری كەركوك دەكات؟ فازڵ میرانی وتی" كەركوك پەیوەندی بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عیراقەوە نیە، ئێـمە و برادەرانی یەكێتی لیژنەیەكی هاوبەشمان بۆ ئاسایی كردنەوەی دۆخی كەركوك داناوە ئەگەر حكومەتی عیراق دۆخی كەركوكی ئاسایی كردەوە ئەوا ئێـمە و برادەرانی یەكێتی لەسەر پارێزگارێكی كورد دەگەینە ڕێكەوتن ئەوە بەگرفتێك نازانین."

لەوەڵامی ئەو پرسیارەی ئەگەر كاندیدی پۆستی سەرۆك كۆمار بێت ئەو پۆستەی بەدەستهێنا چ بەرنامەیەكی هەیە؟ میرانی وتی" (لكل ‌‌حاد پ حد پ ) بەڵام ئەگەر من ببمە سەرۆك كۆمار هەرچی دەستوری بێت بێ سێ و دوو ئەوە دەكەم، لەوێ دانانیشم بەتەنها "موخەسەسات" وەربگرم پارێزەری دەستور و مافی كورد دەبم، هەر فشارێك لەكورد كرا بێ دەنگ لەوێ دانانیشم، یا بۆ نمونە ئەو ڕیفراندۆمەی كرا فشار لەكورد كرا لەوێ دەستم لەكاردەكێشایەوە و دەهاتمەوە هەولێر ، وە پڕۆژە یاسا بۆ پەرلەمان بەپێی دەستور دەنێرم، دەسەڵاتەكانی خۆم پەیڕەو دەكەم چونكە دەسەڵات لەعیراق بریتیە لە سەرۆكایەتی كۆمار و حكومەت و داد، نەك دانیشم خۆم كەناربگرم بڵێم لای من خۆشە حەقی هیچم نیە، من ئەو سەرۆكایەتی كۆمارە ناكەم."

فازڵ میرانی وتیشی" ئێمە پێشتر لەبارەی پۆستی سەرۆك كۆمارەوە بەگوێێ برادەرانی یەكێتیمان چرپاند كە ئەمجارە ئێـمە كاندیدمان دەبێت بەڵام ڕای من وایە ئەوان پێشتر نەیاندەزانی ئێـمە بەجدیمانە وای بۆدەچوون ئەمە تەنها مامەڵەیەكە"معامەلەیەكە" دیسانەوە من هیوادارم ئەوە ڕونەدات كە پارتی و یەكێتی ڕێك نەكەون لەسەر كاندیدێك چونكە ئەوكات دەبێت پارتی و یەكێتی بەجیا كاندیدییان هەبێت ئەوەش "حەڵاڵێكی مەكروهە" جوان نیە بۆ كورد خەڵكی تر كاندیدی بۆ یەكلایی بكاتەوە و زیاتر لەكاندیدێكی هەبێت بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عیراق."

دەربارەی ئەو كاندیدە كوردانەی لەدەرەوەی پارتی و یەكێتی بەنیازی خۆ كاندید كردنن؟ فازڵ میرانی وتی" لە عیراقدا عورفێك هەیە ئەویش سێ پۆستە سیادییەكە كاندیدەكانیان لە سێ پێكهاتەكە زۆرینەكە دەبێت، كابرایەك بەتاقی تەنها ناتوانێت بچێت خۆی كاندید بكات چونكە ئەو ڕێكەوتنەی لەنێوان لایەنە عیراقیەكان و كورددا هەیە لایەنە عیراقیەكان بۆ كەسێك تێكی نادەن چونكە خودی كەسەكە ڕێكەوتنی كوردی لەسەر نەبێت چۆن هی عیراقیەكانی لەسەر دەبێت؟ جا كەوابێت سبەی شیعەش دەتوانێت كەسێكی سوننە لەبەسرەوە بهێنێت بیكاتە كاندیدی سوننە بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان، لەناو عیراقدا ئەو تێگەیشتنە هێشتا ماوە كە ڕێكەوتنی پێكهاتەكان خۆیان لەسەری نەبون دەنگی پێنادرێت.'

هـ ـ ح