ئێسكەپەیكەرێكی مرۆڤی نیاندەرتاڵ لە ئەشكەوتی شانەدەر دۆزرایەوە

کوردستان

18/09/2018‌ 3450 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای زیاتر لە نیو سەدە گەڕان بەدوای دۆزینەوەی ئێسكەپەیكەری مرۆڤی نیاندەرتال، شوێنەوارناسان دەڵێن "بەم نزیكانە نهێنی مەزن لەسەر مرۆڤایەتی ئاشكرا دەكەین".

ئەشكەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان سەربە پارێزگای هەولێر، بە یەكێك لە شوێنەوارە مێژووییەكانی جیهان دەژمێردرێت، لە ساڵانی نێوان 1950 تا 1960 لە لایەن شوێنەوارناس (رالف سۆلكی) شوێنەوارناسی بەناوبانگی جیهان كاری دۆزینەوەی شوێنەوارەكانی لەنێو ئەشكەوتەكە دەستپێكردووە.

 رالف سۆلكی لە بیرەوەرییەكانی نووسیویەتی كە لەو كات ئێسكەپەیكەری مرۆڤێكی گەورەی دۆزیوەتەوە، بەڵام نەیتوانیووە سەری ئێسكە پەیكەرەكە دەربهێنێت، چونكە كەوتووەتە ژێر شاخێكی مەزنەوە.

 ئێستا نیو سەدە دوای هەوڵەكانی شوێنەوارناس رالف سۆلكی، تیمێكی شوێنەوارناسانی زانكۆی كامبریچ ماوەی سێ ساڵە كاری دۆزینەوە و ئاشكراكردنی شوێنەوارەكەی دەستپێكردووە و سەری ئێسكەپەیكەركەی مرۆڤی نیالدەرتال-یان دۆزییەوە.

محەمەد حاجی، شوێنەوارناس بە ئاژانسی ئانادۆل-ی راگەیاندووە، "دۆزینەوەی ئەم شوێنەوارە گرنگییەكی زۆری بۆ ئێمە هەیە، چونكە ئەمە ئاڕاستەمان دەكات بەرەو گەیشتن بەو راستییەی كە سەرەتا دروستبوونی مرۆڤایەتی لە كوێوە دەستیپێكردووە و بنەڤەی مرۆڤ چۆن بووە لەگەڵ ئاشكرابوونی سەدان نهێنی دەربارەی ژیانی مرۆڤایەتی لە جیهان، چونكە ئەمە یەكەمجارە لەسەر ئاستی جیهان ئێسكەپەیكەرێكی مرۆڤ بەو جۆر و شێوازە لە جیهان بدۆزرێتەوە".

هەروەها دەڵێت، "دۆزینەوەی دەستكەوتی دیرۆكی لە ئەشكەوتی شانەدەر لە دەڤەری بارزان دەمانگەنێتە راستیی سەلمێنراو چونكە ئامێری پێشكەوتوو هەن بۆ ئاشكراكردنی راستییەكان".

تا ئێستا گەڕان لەنێو ئەشكەوتەكەدا بەردەوامە و شوێنەوارناسەكان دەڵێن پێدەچێت زۆر نهێنی دیكە لەنێو ئەشكەوتەكە ئاشكرا ببن.
ه.م