توركیا داوای دەستگیركردنی سەدان كەس لە ئەڵمانیا دەكات

جیهان

19/09/2018‌ 997 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حكومەتی توركیا داوای لە ئەڵمانیا كردووە بە دوای هەزار كەسدا بگەڕێت و دەستگیریان بكات، هاوكات ئاندرەی هونكۆ، بەرپرس لە پارتی چەپی ئەڵمانیا ڕایگەیاند، توركیا بەخراپی پۆلیسی ئینتەرپووڵ بەكاردەهێنێت.

وەزارەتی دادی ئەڵمانیا لە وەڵامی پرسیارنامەیەكی پارتی چەپدا رایگەیاندووە، لە دوای كودەتاكەی ساڵی 2016ی توركیا بەدواوە دەوڵەتی توركیا زۆر جار داوای لە دامودەزگەی ئەمنی ئەڵمانیا كردووە، كۆمەڵێك خەڵك دەستگیر بكات.

 توركیا 848 جار لە ڕێی پۆلیسی ئینتەرپووڵەوە بەدواداچوونی كردووە و هەوڵی دەستگیركردنی ئەو كەسانەی داوە.

وەزارەتی دادی ئەڵمانیا زانیاری نەداوە دەربارەی ئەوەی چەند جار داواكارییەكانی توركیایان جێبەجێ كردووە، هەروەها وەڵامی پرسیاری ئایا وەزارەتی داد و دەرەوە دەستنیشانیان كردووە كە چەند ڕووداویان تۆمار كردووە، كه پۆلیسی ئینتەرپول بەخراپی بەكارهێنرابێت و‌ كەسانێك كە بەهۆی ڕامانی سیاسییەوە زەختیان لەسەر بووە، دواتر دەستگیركراون؟ نەداوەتەوە. 

ئاندرەی هونكۆ، وتەبێژی لیژنەی سیاسەتەكانی ئەورووپای پەرلەمانی ئەڵمانیا كە هاوكات ئەندامی پارتی چەپە ڕایگەیاند، "پێم وابێت زۆرینەی ئەو داواكارییانەی ڕەتكراونەتەوە دەربارەی بەدواداچوون و دەستگیركردنی داواكراوان بەبیانووی ئەوەی پۆلیسی ئینتەرپول-یان بەخراپی بەكارهێناوه، ‌داواكارییەكانی توركیا، ئۆكراینا و ئیسپانیان، دەزانرێت كە ئەو وەڵاتانە ئینتەرپول بۆ زەخت خستنەسەر ئۆپۆزسیۆنەكانیان بەكاردێنن".

نووسەر دۆغان ئاكهانلی، كە خاوەنی ڕەگەزنامەی ئەڵمانیایە و نووسەر هەمزە یاڵچین كە ڕەگەزنامەی سوێدی هەیە، ساڵی 2017 كاتێك بە سەردان چووبوونە ئیسپانیا لەسەر داوای توركیا لە ڕێی پۆلیسی ئینتەرپولەوە دەستگیركران.
ه.م