داوای پشتگیری بۆ بوون بەسەرۆك كۆمار كردووە
بەرهەم ساڵح دوو جار بەنهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەتەوە

عیراق

20/09/2018‌ 5431 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەپێی هەوڵی رۆژنامەی شەرقلئەوسەت، بەم دوایانە بەرهەم ساڵح كاندیدی یەكێتی نیشتمانی بۆ سەرۆك كۆماری عێراق لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆكی پارتی دیموكرات كۆبووەتەوە.

هەر بەپێی هەواڵی رۆژنامەكە بەرهەم ساڵح بەدوور لەچاوی میدیاكان ‌و بەنهێنی لەگەڵ مەسعود بارزانی كۆبووەتەوەو ئامانجی كۆبوونەوەكەش بۆ پرسی كاندیدبوونی بووە بۆ سەرۆك كۆماری عێراق.

رۆژنامەكە لەزاری سەرچاوەیەكی پارتی دیموكرات ئاشكرایكردووە، كە لەو كۆبوونەوانە بەرهەم ساڵح داوای لەمەسعود بارزانی كردووە، كە وەك پارتی دیموكرات پشتگیری بكەن بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق.

ئەمە لەكاتێكدایە رۆژی چوار شەممە ئەنجوومەنی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی بەرهەم ساڵحی بەفەرمی كاندید كرد بۆ پۆستی سەرۆك كۆمارو پارتی دیموكراتیش رایگەیاند، بەرهەم ساڵح تەنیا كاندیدی ئەو حیزبەیەو ئەوان خۆیان كاندیدیان دەبێـت.

هەروەها رۆژنامەكە ئەوەی ئاشكراكردووە، كە لەماوەی ئەم دوو رۆژەدا پارتی دیموكرات بەفەرمی هەڵوێستی خۆی لەسەر سەرۆك كۆمار یەكلادەكاتەوە، كە رەنگە كاندیدێك بۆ ئەو پۆستە دیاری بكات.

بەرهەم ساڵح دوای ئەوەی لەلایەن یەكێتییەوە كاندیدكرا بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق، گەڕایەوە ناو ئەو حیزبە، كە ساڵی رابردوو بەهۆی نیگەرانییەكانی لەو حیزبە هاتە دەرەوەو حیزبێكی بەناوی هاوپەیمانی بۆ دیموكراسی‌و دادپەروەری دروست كرد.

هـ ـ ح

بەپەلە