سزا بۆ سەر چین‌و روسیا.. ترامپ بە "ستراتیژییە گەمژەییەكەی" یاری بەئاگر دەكات

جیهان

25/09/2018‌ 1452 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
ترامپ بەسەپاندنی سزاكانی سەر ڕوسیا و چین، گەوەرتین ستراتیژی گەمژانە لەمێژوودا پیادە دەكات. 

بەسەپاندنی سزای ئابووری بەسەر ڕوسیا و چیندا ، ئیدارەی دۆناڵد ترامپ ئەو ڕێسا ستراتیژییە چەسپاوانە‌ دەشكێنێت، كە ئەمەریكا بە درێژایی مێژووی خۆی پیادەی كردوون، ئەمەش بێ سێ و دوو  و زیاتر و زیاتر ، ئەو دوو هێزە زەبەلاحە لێك نزیك دەكاتەوە و دەشچنە سەنگەرێكەوە دژ بە ئەمەریكا.

ئەو ستراتیژییە پەیڕەوكراوە بنچینەكەی لە لایەن سەرۆك (ڕیتشار نیكسۆن)ەوە و لەڕێگەی (هنری كەیسنجەر)ی ڕاوێژكاری ئاسایشی نەتەوەیی‌و وەزیری دەرەوەی پێشووترەوە داڕێژرابوو،‌ لە ئان و ساتی شەڕی ساردیشدا پیاده دەكرا‌ ، دیاترین بەندەكانی بریتی بوون لەجیاكردنەوەی چین لە یەكێتی سۆڤییەتی جاران بەوەی ئەمەریكا لەچین نزیك ببێتەوە و پشتیوانی ئابووری و سیاسەتەكەی بكات‌و ئەندامییەتیشی لە نەتەوە یەكگرتووەكان و ئەنجوومەنی ئاسایش برەو پێ بدات.

ڕۆژی هەینی (21/9/2018)  ، مۆسكۆ و پەكین بەیەكەوە، ناڕەزاییان بەرانبەر بەو سزا تازانە دەربڕی، كە ئەمەریكا سەپاندی بەسەریاندا لەئەنجامی كرینی چەكی ڕوسی لە لایەن چینەوە ، چەكەكانیش فڕۆكەی (سیخۆ 35)  پێشكەوتوو، موشەكی زەمین بە ئاسمانی جۆری (ئێس 400) بوون.

ئیدارەی سەرۆك ترامپ بڕیارێكی گەمژانەی دا بەهەڵگیرساندنی جەنگی ئابووری دژ بە چین و سەپاندنی باجیش بەسەر كەلوپەلە هاوردەكراوەكانی چینی، كە بەهایان 200 ملیار دۆلارە و زۆرینەشیان كەلوپەكی تەكنیكین، واش چاوەڕوان دەكرێت چەپكێك مزەی گومركی (رسوم جمركیە) تازەبە بەهای 300 ملیار دۆلار لە ئایندەدا بەسەر كەلوپەلەكانی چیندا بسەپێندرێت.

چین زلەكەی ئەمەریكا بە جووتە زلەیەك وەڵامدایەوە و مزەیی گومرگی بەبەهای 60 ملیار دۆلار  بەسەر  كەلوپەلە هاوردەكراوە ئەمەریكییەكاندا سەپاند و هەڕەشەی ئەوەشی كرد، كە لە ئایندەدا ڕێوشوێنی دیكەی هاوشێوە دەگرێتەبەر.

چین و ڕوسیا، كە بەرەنگاری باڵادەستی ئەمەریكا دەكەن بەسەر جیهانەوەو بەرەنگاری ئەو جەنگە بازرگانییەش دەكەن، كە هەڵیگیرساندووە، هەفتەی پێشوو،  مانۆڕێكی سەربازیی هاوبەشیان ئەنجامدا، كە بە زەبەلاحترین مانۆڕی سەربازی دادەنرێت لە میژووداو 300 هەزار سەرباز و ئەفسەر ، 1000 فڕۆكە ، 70 كەشتی جەنگی‌و هەزارەها تانك و زرێپۆش بەشداریان تێدا كرد.

سێرگی ڕیابكۆڤی جێگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیاش هەقی بوو كاتێك ئیدارەی ئەمەریكای بەوە تۆمەتبار كرد، كە ئەو سزایانە بە ئامانجی كردنەدەرەوەی ڕوسیان لەبازاڕی چەكسازیدا ، ووتیشی كە واشنتۆن "یاری بەشاگر دەكات".

لەئێستادا ترامپ یاری بە ئاگر دەكات ، بە سەپاندنی ئەو سزایانەش،‌ جەنگێكی بازرگانی دژ بە نیوەی جیهان هەڵگیرساندووە ، لەمەشیاندا جیاوازی بە دۆست و دوژمن ناكات ، بەشێوەیەك كە لەم پرسەدا كەنەداو یەكیەتی ئەوروپای بەلاوە وەك چین و ڕوسیا و ئێران وایە ، تۆ بڵێی ستراتیژێكی گەمژانەی لەمە گەورەتر‌ لە كوێ هەبێت؟