پارەی زیاتری دەوێت.. ترامپ بەقسەكانی بەرانبەر شا سەلمان مشتومڕ دروست دەكات

جیهان

06/10/2018‌ 2510 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
ئامادەكردن: حلمی رەسول رەزا
بۆ جاری سێیەم، سەرۆكی ئەمەریكا ئەو وردەكاریەی ئاشكراكرد، كە لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەكەیدا بە شا سەلمانی وتووەو جەختی لەسەر ئەوە كردووەتەوە دەبێ پارەی زیاتر بە ئەمەریكا بدات لە بەرانبەر پاراستنی وڵاتەكەی لەلایەن ئەمەریكاوە.

رۆژی پێنج شەمە ترەمپ لەبەرانبەر خەڵكێكی زۆردا لە ویلایەتی "منیسۆتا"، رایگەیاند: سعودیە داراییەكی زیاتر پێكشەش دەكات لەپێناو پاراستنی وڵاتەكەی لەلایەن ئەمەریكاوە. 

ترامپ هەر لەو بۆنەیەدا وتی: "ئەمەریكا بەرگری لە وڵاتە دەوڵەمەندەكان دەكات و هیچ لەبەرانبەریدا وەرناگرێت، ئەوەشی پێشكەشی دەكەن رێژەیەكی زۆر كەمە و ئێمە پەیوەندی زۆر باشمان لەگەڵیان هەیە، بەڵام ئێوە نموونەی سعودیە وەربگرن، ئایا بڕواتان وایە ئەوان دەوڵەمەندن؟ ئێمە بەرگریان لێدەكەین‌و ئەوانیش رێژەیەكی كەممان پێدەدەن.

كەس داوای لێنەكردوم
پاشان ئەوەشی وت: "بە شا سەلمانم راگەیاند، كە هاورێمە: ببورە، تۆ لاریت لەوە هەیە پارەمان پێ بدەیت لەبەرانبەر هێزەكانماندا؟ تۆ لاریت هەیە؟ ئەوان 30% پارەمان پێدەبەخشن، جارێكی تر دووپاتم كردەوە تۆ لاریت هەیە. 

ئەوەشی وت: "كەس ئەو بابەتەی پێ رانەگەیاندوم". منیش وتم جەنابی پاشا ئەوا من پێت دەڵێم، وتی: "تۆ بە راستیتە؟ منیش وتم: زۆر بە راستیمە، بۆیە لەمەودوا پارەی زیاترمان پێدەدەن، دیارە هەرگیز ئەم داوایەی لێ نەكراوە، ئێمەش باسی ملیارات دۆلار ئەكەین".

ترامپ لە كۆبوونەوەیەكی تردا لە ویلایەتی "ڤیرجینیا" لە مانگی ئەیلولی رابردوو باسی پەیوەندییەكی تەلەفۆنی دورودرێژكرد لەگەڵ شا سەلمان‌و پێی وتووە "لەوانەیە بە فڕۆكەكانتان نەتوانن پارێزگاری لەخۆتان بكەن، چونكە سعودیە روبەروی هێرش دەبێتەوە، بەڵام لە گەڵ ئیمەدا بە تەواوی پارێزراون، كەچی ئەوەی دەیكەین بۆ ئێوە لە بەرانبەردا ئێمە هیچمان وەرنەرگرتووە".

دیسان لەكۆبوونەوەیەكی جەماوەری تردا لە ویلایەتی "مسیسبی" لە 2ی ئەم مانگەدا رایگەیاند: "هۆشداریم داوەتە پاشای سعودیە بەوەی، كە ناتوانێت دوو هەفتە لە دەسەڵات بمێنێتەوە ئەگەر پشتگیری سوپای ئەمەریكا نەبێت".

هەر لەو بارەیەوە، رۆژنامەی واشنتن پۆست باسی لەوە كرد، سەرۆكی ئەمەریكا شانازی بەوەوە كرد، بەوەی ساڵی رابردوو لەسەردانیدا بۆ سعودیە سەری نەچەماندووەتەوە بەرانبەر پاشای سعودیە لە كاتێكدا سەرۆكی پێشووی ئەمەریكا "باراك ئۆباما" سەری چەمانەوە لە بەرانبەر پاشادا.