عادل عەبدولمەهدی دوای 12 ساڵ دەبێت بەسەرۆك وەزیرانی عێراق

عیراق

07/10/2018‌ 739 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئامادەكردن: ئاسۆ عوسمان
عادل عەبدولمەهدی پیاوێكی سیاسی ناوداری شیعەكانە ، لەگەڵ رووخانی رژێمەكەی بەعس ، لەگۆڕەپانی سیاسی عێراق بەرچاو دەكەوێت.

لە حیزبی ئەوسای ئەنجوموەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق ، كاری دەكرد، كە ئەو حیزبە لە لایەن بنەماڵەی ئال حەكیم رابەرایەتی دەكراو بەپیاوی دووەمی حیزب دادەنرا لەپاش بنەماڵەی ئال حەكیم ، بەڵام لە راستیدا پیاوی یەكەم و بزوێنەری حیزبەكە بوو ، چونكە ئەو لە ئال حەكیم زیاتر لەگۆڕەپانەكە رۆڵی دەگێڕاو جموجۆڵە دیبلۆماسییەكانی بەرێوە دەبرد.

لە پاش هەڵبژاردنەكانی مانگی دووازدەی ساڵی ۲٠٠٥ ، كە حكومەتە كاتیەكەی ئیبراهیم جەعفەری بە كۆتا هات و بریار درا حكومەتی هەمیشەیی پێكبهێنرێ، بە پێی تەوافوقاتە سیاسییەكان ، پۆستی سەرۆك وەزیران درا بە شیعەكان ، سەركردایەتی كورد ، ، ڤیتۆی لەسەر ئیبراهیم جەعفەری ، سەرۆك وەزیرانی حكومەتە كاتییەكەو ئەمین عامی حیزبی دەعوە هەبوو، كە دووبارە پۆستەكە وەربگرێتەوە ، كە ناوبراو بەهێزترین بەربژاردە بوو بۆ ئەو پۆستە.

بۆیە شیعەكان ناچار بوون ، پیاوێكی دیكە جگە لە جەعفەری بۆ ئەو پۆستە دەست نیشان بكەن ، كە گەورەترین كوتلەی براوەی پەرلەمانیش لە لایەن شیعەكان لە دوای هەڵبژاردنەكە ، تەحالوفی شیعەكان بوو، كە ۱۲۸ كورسیان هەبوو، كۆتا بریاری شیعەكانیش ، دەستنیشان كردنی كاندیدێك بوو لە ناو كوتلەكەیان بۆ وەرگرتنی پۆستەكە.

ركابەرایەتی كەوتە نێوان عادل عەبدولمەهدی ، یەكەم پیاوی ئەنجومەنی باڵای شۆڕشی ئیسلامی لە عێراق لە پاش بنەماڵەی ئال حەكیم، كە ئەوسا ئەو حیزبە دووەم گەورەترین حیزبی شیعەكان بوو لە عێراق ، لەگەڵ نوری مالیكی ، كە ئەندامێكی باڵای سەركردایەتی حیزبی دەعوە بوو، كە سیاسەتی عەبدولمەهدی سیاسەتێكی میانڕەوانە بووە لەئاست كورد ، لێ سیاسەتەكانی نوری مالیكی هێشتا لەئاست كورد روون نەبوون.

لە ناو تەحالوفی شیعەكانیش ، پڕۆسەی دەنگدان لە نێوان هەردوو ركابەرەكە ، عەبدولمەهدی ‌و مالیكی پیادە كراو لە ئاكامدا مالیكی ٦٤ دەنگی هێناو عادلیش ٦۳ دەنگ ، ئەندامێكیشیان ئامادە نەبوو.

لەو ئەنجامەوە نوری مالیكی لە ركابەرەكەی بردەوەو بووە تاكە كاندیدی شیعەكان بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆك وەزیرانی عێراق ، پاشان بووە ئەو مالیكییەی، كە ناسراو دوو خوول ، پۆستەكەی بەرێوە برد.

ئێستا لە دوای دووازدە سێزدە ساڵ ، عادل عەبدولمەهدی وەك پیاوێكی ناسراوو سیاسەتمەدار، لەدوای رێنماییەكانی مەرجەعییەتی شیعەكان و هەڵوەستەكانی موقتەدا سەدر ، زیاتر بەناوی بێلایەنی نەك سەر بەو حیزب‌و ئەم حیزب ، راسپێردرا بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرەك وەزیران.

كورد پاش ئەوەندە ساڵەو ئەوەندە ئەزموونە ، دەبێت هۆشیارانەتر مامەڵە لەگەڵ ئەو پیاوە بكەین ، چونكە نە عێراق ئەمڕۆ عێراقەكەی ئەوسایە ، نە هەرێمی كوردستانیش هەمان هەرێمەكەی ئەوسایە لە رووی هەیمەنەو نفوزیەوە بەسەر بەغدادا كە ئەمە داخێكی نەبڕاوەی مێژووی كوردە.

بە دڵنییاییەوەش عادل ، هەمان عادل عبدالمهدییەكەی جاران نابێت ، بە هۆكاری ئەوەی لە دوای مالیكی و عەببادی ، سیاسەتەكانی حكومەتە شیعییەكانی بەغدا لە ئاست كوردستان بە تایبەتی لە رووی ئابووریەوە تا رادەیەكی زۆر بوونەتە سیاسەتی ستراتیژو نەگۆڕو ، لەمەودووا هەر سەرەك وەزیرانێك بەو پیاوەشەوە ، ناتوانن بە ئاسانی لێی دەربچن و تەنیا لە بازنەیەكی سنوورداردا نەبێت ، ئەگەرنا بۆ كورد هەمان تاس و حەمام دەبێت.

بە تایبەتی كە دەزانین ئەو پیاوە لە بەغدا پۆستی باڵای هەبووەو بە تەواوی دوور نەبووە لەو سیاسەتانەی بەغدا لە ئاست كوردستان پیادەی كردوون ....

لێرە بە دووا باش وایە كورد بەرنامەو سیاسەتەكانی لە بنەڕەتەوە دەستكاری بكات و هێندە لە ناوەخۆ سەرقاڵی ململانێ نەبێت و لە ئاست بەغداو دەرەوەش ، تەنیا تەماشاكار نەبێت و ، تەنیا بە دوای رووداو نەكەوێت.

بەڵكە دەبێت بە قورساییەكی تەواو بێتەوە گۆڕەپانەكەو هەوڵ بدات رووداو دروست بكات ...!!لە كۆتاییدا قسەیەكی مامۆستا عبدالله پەشێو ، بە یاد دەهێنمەوە كە لە پاییزی ساڵی ۱۹۹٤ كردی ووتی:

هەرێمی كوردستان دەعبایەكە ، خەریكە دەڕواو لە دەست دەردەچێ ، تەنیا كلكەكەی لە دەستمان ماوە ، حیزبەكان دەخیلتان بم تا كات ماوە كلكی بگرن و مەیەڵن بڕوا ، ئەگەرنا دەڕواو لە دەستمان دەچێ ........

هەمان قسەی مامۆستا عبدالله پەشێو ، ئەمڕۆ لە ئاست بەغداو ئەوجا بۆ ناوەخۆش ، بۆ حیزبەكان دووپات دەكەمەوە ......