عێراق بەرەو ویلایەتی فەقێ.. مەرجەعییەت عەبدولمەهدی سەپاندووە

عیراق

13/10/2018‌ 1280 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەر لەهەڵبژاردن هاوڕاییەك هەبوو لە نێو عێراقییەكاندا تا دەموچاوی نوێ بهێنرێنە نێو شانۆی سیاسی وڵاتەكەیان‌و عیزەت شابەندەریش لەو بارەوە دەڵێت: سەرخستنی بڕیارەكانی مەرجەعیەت بە مانای بوونی عێراقە بە ویلایەتی فەقێ.

خۆپیشاندانەكانی زۆرێك، لەشارەكانی عێراق پەیامی دانیشتوانی وڵاتەكە بووە بۆ نەبوونی، یان هەر هیچ نەبێت كەمی خزمەتگوزارییەكان و ڕۆچوونی گەندەڵی دارایی و سیاسی‌و بەڕێوەبردنیش بۆ زۆرێك لە جومگەكانی دەسەڵات لە عێراقدا.

لەئێستادا عادل عەبدولمەهدی ڕاسپێردراوە كابینەی حكومەتی چوار ساڵی داهاتوو پێكبهێنێت، بەگشتی عێراقییەكان وەها لە عەبدولمەهدی دەڕوانن، كە شییانێكی زۆری هەیە بتوانێت لەڕێی كابینەی نوێوە هەنگاوی گەورە بنێت و ڕەوشی ژیانی عێراقییەكان بەرەو باشتر بەرێت.

بەڵام ئایا لە ناو لایەنە شیعەكاندا وەك دۆسێیەكی سیاسی ئەو هاوڕاییە هەیە؟ عیزەت شابەندەر یەكێكە لەسیاسەتمەدارە دێرینەكانی شیعەكانی عێراق و دەڵێت: "عادل عەبدولمەهدی بە شێوازێكی نائاسایی هات و شێوازێكە لەگەڵ پرەنسیپەكانی دیموكراسیدا ناگونجێت و بەپێی ئەنجامەكانی هەڵبژاردنیش نییە و لەلایەن مەرجەعییەتی شیعەوە سەپێندراوە بەسەر هەموو هێزە سیاسییەكانی وڵاتەكەدا".

شابەندەر بۆ دەنگی ئەمریكا دەشڵێت: "باڵا دەستیی مەرجەعییەتی شیعەكان دەرنەكەوتبن، بەڵام دواتر لە كاتی پێكهێنان، یان دوای پێكهێنانی حكومەت بە ئاشكرایی دەردەكەون.

هەروەها دەڵێت: "عەبدولمەهدی لەلایەن گەورەترین فراكسیۆنی پەرلەمانەوە هەڵنەبژێردراوەو هاوبەندی سائیرون، كە موقتەدا سەدر ڕێبەرایەتی دەكات سواری ئەو شەپۆلی سەپاندنەی مەرجەعییەت بوون بەبێ ئەوەی گوێ بداتە لایەنەكانی تر و خواستی ئەو لایەنانەش بۆ بەشداربوونیان لەپرۆسەی سیاسی عێراقدا".

شابەندەر ئەوەش دەڵێت: "ئەمەش كاریگەریی دەبێت بەسەر بارودۆخی سیاسی چوار ساڵی داهاتووەوە و گفت و كێشەكانیش ئاڵۆزتر دەكات".

ڕاسپاردنی عادل عەبدولمەهدی، كە پێشتر ژمارەیەك پۆستی هەبووە لەحكومەتی عێراقدا لەسەر ئەو بنچینەیەیە، كە كەسایەتییەكی میانڕەوی شیعەیە و پەیوەندییەكی باشیشی هەیە لەگەڵ هەموو لایەنە سیاسییەكانی وڵاتەكەداو وەك باسیش دەكرێت توانایەكی تۆكمەی هەیە بۆ بەڕێوەبردن و بڕواشی بەوەیە حكومەت پێویستە حكومەتێكی تەكنۆكرات بێت.

هـ ـ ح