گرنگی جیۆپۆلەتیكی نەوت بۆ كورد

sharpress.net

1000 جار خوێندراوه‌ته‌وه

14/10/2018‌

شارپرێس:

شێركۆ كرمانج

 كێشەی ھەرە گەورەی ئینسانی كورد ئەوەیە كە لە دیدێكی نیشتیمانیی كوردستانیی پرسەكان و ترسەكان نەدەبینێت نەهەڵدەسەنگێنێت. نە دەسەڵات، پارتی و یەكێتی، نە ئۆپۆزسیۆن، كۆمەڵ و گۆڕان و یەكگرتو، نەبەشێكی زۆر لە ڕوناكبیرانی كورد، تا ئێستا نەیانتوانیەوە و نایانەوێت لە قالب‌و دیدگا تەسكە حیزبییەكانیان، كەسییەكان، دەرچن و پرسە ناوخۆیی‌و ھەڕەشە دەرەكییەكان لەبان حیزب و گوتارە سواوە سادەگۆییەكان ببینن. لێرە بە قسەكردن لەسەر گرنگی نەوت هەوڵدەدەم تیشك بخەمە سەر ئەم دەردە گەورەیەی كورد كە ئەگەر تێینەگات ناتوانێت لە پەراوێزی ڕووداوەكان دەربچێت‌و ببێتە ژمارەیەك لە هاوكێشە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەكان.

ئینسانی كورد لە گرنگی‌و سەنگی نەوت‌ لە هاوكێشە ناخۆییەكان‌و ئیقلیمییەكان‌و جیهانییەكان نەگەیشتوە. نەوت تەنیا دەبەستێتەوە بە تەماح‌و چاوچنۆكی كۆمەڵێك بەرپرس‌و دەسەڵاتدار. كورد نایەت نەوت وەك كەرەستەیەك‌و فاكتەرێك ببینێت‌و بەكاریبێنێت لە هاوكێشە ناوخۆییەكان‌و ئیقلیمییەكان‌و نێودەوڵەتیەكان.

كورد تا ئێستا دركی ئەوەی نەكردوە یان نازانێت كە عێراق كاتێك دەیەوێت دەست بەسەر نەوتی كوردستان دابگرێت تەنیا مەبەستی ئەوە نییە كە نەوتی كەركوك بدزێت، واتە ئەمە تەماحی چەند بەرپرسێكی عێراقی نییە، بەڵكو عێراق وەك دەوڵەت مەبەستیەتی كە پێگەی كورد لە هاوكێشە ناوخۆییەكان لاوازبكات‌و كورد ملكەچی داواو فەرمانەكانی خۆی بكات.

ئینسانی كورد نەوت‌و داهاتی نەوتی لە پرسی موچەو قەیرانی ئابوری بچوككردۆتەوە. خۆ ئەگەر ئەوەش پرسێك یان ڕەهەندێكی پرسەكە بێت ئەوە مانای ئەوە نییە كە دەبێت كورد بێت دەستەبەرداری نەوت بێت بۆ بەغدا تاوەكو موچەی بۆ دابینبكات بەڵكو دەبێت ئینسانی كورد یەخەی دەسەڵاتدارانی هەرێم بگرێت‌و یەخەیان دادڕێت تاوەكو موچە بۆ خەڵك زامنبكەن‌و مافەكانی بۆ بگێڕنەوە.

ئەو كەس‌و لایەنانەی كە دەیانەوێت نەوت ڕادەستی بەغدا بكەن، یان دانوسان لەسەر ئەم كاڵا گرنگە بكەن، بۆ ئەوەی لەبەردەستی دەسەڵاتدارانی هەرێمی دەربێنن، ئەوە ئەوان ڕاستناكەن كە تەنیا بۆ زامنكردنی موچە دەیانەوێت ئەو سەودایە بكەن،چونكە لەڕاستیدا مەبەستی ئەوان لاوازكردنی نەیارەكەیانە كە پارتی‌و یەكێتین. پارتی و یەكێتیش لە سەنگی نەوت گەیشتبان كەركوك و ناوچە نەوتییەكانیان ڕادەستی عێراق نەدەكردەوە.

بەداخەوە یەكێتیی و پارتی و لایەنە كوردییەكان بەگشتی لەوە نەگەیشتون یان دركی ئەوەیان نەكردوە كاتێك نەوت ڕادەستی بەغدا دەكەن ئەوە نەتەوەیەك بێهێز دەكەن‌و تەرازوی هێز بەلای نەیارانێك دەشكێننەوە كە هەر خودی خۆیان پێش دەسەڵات زەرەری تێدادەكەن. نەوت نابێ‌و ناكرێت، چاكتر بڵێم نەدەبوا، تەسلیم بەغدا بكرێتەوە، ئەوەی ئەم كارە دەكات، ئەم كارەی كرد، گەورەترین ناهەقی بەرابەر میللەتێك دەكات، یان كردی. ئەوەی داوای ئەمە دەكات كەمترین ئاگایی لە زانستی سیاسەت‌و سیاسەتی هێزو جیۆپۆلەتیكی نەوت نیە.

ئەو سادەگۆیانەی كە دەڵێن ململانێی بەغداو ھەولێر لەسەر نەوتە، شەڕەكە لەسەر نەوتە، ڕاستدەكەن بەڵام نەك بەو تێگەیشتنە سادەی ئەوان. كێ بێ ئەم ڕاستییە نەزانێت، خۆ ئەوە ئەمڕۆ نییە شەڕو ململانێی كوردو عێراق لەسەر نەوتە. گوندەكەی ئێمە، گابەرەكە، كە ڕاست كەوتۆتە نێوان سەر چاڵە نەوتەكانی بای حەسەن‌و ئاڤانە، دوو جار لە تەمەنی مندا سوتێنراوەو ڕوخێنراوە تەنیا لەبەرئەوەی دانیشتوانەكەی كوردبوون‌و لەو ناوچانە دەژیان.

ڕاستییەكە ئەو قسەیە نیە بەڵكو ئەوەیە كە ئەوە حكومەتی عێراقییە، جا لە بەرگی حەرەس قەومی بووبێت لە شەستەكان، لە بەرگی بەعس بووبێت لە حەفتاكان‌و هەشتاكان، لەبەرگی داعش بووبێت لەم سەدەیە یان لەبەرگی حەشدی شەعبی بێت دوێنێ‌و پێرێ، شەڕ بۆ نەوت دەكەن و گوندی كوردان دەسوتێنن. بەڵام وەك گوتم ئەوانیش تەنیا بۆ چاوچنۆكیان نییە بەڵكو بۆ لاوازكردنی پێگەی كوردە لە ناو عێراق‌و لە ناوچەكەو لە جیهان.

ئەگەر كورد بەرگری لە ئاڤانەو لە نەوت بكات ئەوە بەرگری لە حەق‌و خاك‌و نیشتیمان دەكات كەچی كاتێك حكومەتی عێراقی یان حەشدی شەعبی دێت ئەوە بۆ دزینی نەوت‌و زەوتكردنی مافەكانی تۆ لەو ناوچانە دێت‌و دەكوژێت‌و تاڵانیشدەكات. كەواتە كاتێك كورد شەڕ بۆ كەركوك دەكات شەڕ لە دژی چاوچنۆكی دەكات نەك لەبەر چاوچنۆكی.

عێراق بەگێڕانەوەی ئەو ناوچانە دەیەوێت باڵادەستی خۆی لە عێراق زامنبكات‌و كورد لاوازو پەراوێزبكات‌. عێراقییەكان زۆر باشتر لە كورد لە سەنگی نەوت گەیشتون. ئەوان سەدام حوسین‌و تاریق عەزیز فێریكردون كە كورد نەوتی كەركوكی هەبێت جیادەبێتەوە، نەوتی كەركوكی نەبێت هەتا دنیا ماوە بە ملكەچی و ڕەزیلی لە عێراق سەردەنێتەوە. ئەوەی یەك لاپەڕەی لە مێژووی كورد لە عێراق خوێندبێتەوە ئەم قسانەی سەدام‌و تاریقی دەیانجار بەرچاوكەوتوە.

گرنگی چاڵە نەوتەكانی كەركوك و ناوچە دەبڕاوەكان لە هاوكێشە ئیقلیمییەكان لە هەڵوێستی توركیاو ئێران دەردەكەوێت. ئەوەی بیەوێت لە گرنگی سەنگی نەوت بگات با بەدواداچوونێكی كرۆنۆلۆجی بۆ هەڵوێستی ئێران‌و توركیا بۆ پرسی سەربەخۆیی كوردستان لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا بكات. ئەوكات ئەوەی بەزەقی بۆ دەردەكەوێت كە ئێران‌و توركیا تەنیا كاتێك دژی ڕیفراندۆم‌و ڕاپرسی ڕاوەستانەوە كە بڕیاردرا ڕیفراندۆم ناوچە دابڕاوە دەوڵەمەند بە نەوتەكانیش بگرێتەوە. ئەم دوو وڵاتە كێشەیان لەگەڵ كوردستانێكی سەربەخۆ نییە كە ناوچە دابڕاوەكان نەگرێتەوە چونكە ئەوان دەزانن دەوڵەتێكی كوردی بێ ناوچە نەوتییەكان دەوڵەتێكی لاوازی كۆیلەی لێدەردەچێت.

كورد دەبێت لەوە تێبگات كە ئەوە پرس‌و سەنگی نەوتە توركیاو ئێرانی كردوە بە دژە سەربەخۆیی نەك بەس لەبەرئەوەی ئەوان دژی كوردن. كورد دەبێت لێرەوە جارێكی دیكە لە سەنگی نەوت بڕوانێتەوە، بزانێت كە گرنگی نەوت لەوەدایە كە وادەكات كورد سەربەخۆو سەروەرو ئازاد بێت. بێ نەوت كورد كۆیلەی ئێران‌و عێراق‌و توركیا دەبێت ئەگەر وڵاتیشی هەبێت. بۆیە دەبێت لەو دیدە حیزبییە تەسكانەوە دەربچێت‌و وێنە گەورەكە ببینێت.

بەهەمانشێوە، كورد دەبێت بزانێت كە ئەمریكاش كێشەی نەبوو لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بێ ناوچە دەوڵەمەند بە نەوتەكان، چەندینجاریش ئەمەیان ڕاشكاوانە ڕاگەیاند. ئەمریكا پێیوایە كە كورد بە گێڕانەوەی ناوچە دابڕاوەكان‌و نەوتەكەی ژێری دەبێت بە ژمارەیەك لە هاوكێشەكان‌و چیدی نایكات بە داشی دامە.

كورد دەبێت بزانێت كاتێك وڵاتێكی وەكو سعودیە پشتیوانی لە ئەمریكا مسۆگەر دەكات تەنیا پەیوەندی بەوەوە نییە كە دیبلۆماتە سعودیەكان لە دیبلۆماتە كوردیەكان عاقڵترو بەهێزترن بەڵكو لەبەرئەوەیە كە نەوتی سعودیە سەنگی خۆی هەیە لە هاوكێشە ئیقلیمی‌و نێودەوڵەتییەكان.

لەكۆتایی دەمەوێت ئەوە بڵێم كە ئەوەی من باسی دەكەم قسەكردن نییە لەسەر دنیا لە دیدیكی عاتیفی‌و ئەخلاقی. دیدی عاتیفی‌و ئەخلاقی ناتوانێت گۆڕانكارییەكانی دنیا شەنوكەو بكات.

من باس لە مافەكانی مرۆڤ‌ ناكەم، ئەمانە كێشەگەلێكن كە گرنگی خۆیان هەیە بەڵام كورد دەبێت ئەو پرسانە نەكاتە بەهانە بۆ باڵادەستكردنی نەیارەكانی بەڵكو لەناوخۆ چارەسەریان بكات.

من باس لەوە دەكەم كورد بۆئەوەی لە دنیاكەی خۆی‌و لە دنیاكەی دەوروبەری تێبگات دەبێت لە هاوكێشەی هێزو پۆلیتیكی هێز بگات لە پەیوەندییە نێوەدەوڵەتییەكان. كورد دەبێت لە جیوپۆلەتیكی نەوت بگات. دەبێت لە سەنگ‌و پێگەی نەوت بگات. دەبێت خۆی خاوەندارێتی نەوتەكەی بكات دەنا نە سەنگی دەبێت نە پێگە، نە بە ئازادی‌و سەربەخۆیی دەگات نە دەوڵەت.






ads

زۆرترین خوێندراوە

  • ڕۆژ
  • هەفتە
  • مانگ
ads
ads

ads
ads
Developed by Avesta Group and powered by Microsoft Azure

Copyright © 2015 Shar Press. all rights reserved