عەبدولمەهدی كابینەی حكومەتەكەی بەنیوەیی دەباتە پەرلەمانی عێراق

عیراق

15/10/2018‌ 1153 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
رێككەوتنێكی سیاسی كراوە، بەوەی ئەگەر عادل عەبدولمەهدی راسپێراو بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق، لەوادەی دەستووری نەیتوانی حكومەتەكەی پێكبهێنێت، بەتەواونەكراوی‌و نیوەیی كابینەكەی بەرێتە بەردەم پەرلەمانی عێراق.

عادل عەبدولمەهدی، رۆژی 2ی ئەم مانگە لەلایەن بەرهەم ساڵح سەرۆك كۆماری عێراق راسپێرا، بۆ پێكهێنانی حكومەت‌و ماوەی مانگێكی لەبەردەمە بۆ پێكهێنانی كابینەكەی.

بەپێی رۆژنامەی عەرەبی جەدید، تائێستا هەنگاوی گەورە نەنراوە بۆ پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌، بۆیە عادل عەبدولمەهدی لەكێشەدایەو رەنگە نەتوانێت لەوادەی دیاریكراو كابینەكەی رابگەیەنێت.

هەر بەپێی رۆژنامەكە، رێككەوتنێكی سیاسی كراوە، بەوەی عادل عەبدومەهدی دەتوانێت نیوەی كابینەكەی تا وادەی دەستووری پێكبهێنێت‌و بیباتە بەردەم پەرلەمان بۆ ئەوەی متمانەی پەرلەمانتاران وەربگرێت.

هەروەها رێككەوتنەكە بەشێوەیەكە، كە عەبدولمەهدی تا وادەی دەستووری دیاریكراو ناوی 12 بۆ 13 وەزیر بۆ پۆستە وەزارییەكان دیاریكبات‌و پڕكردنەوەی وەزارەتەكانی تریش دوا بخات بۆ كاتێكی تر.

هـ ـ ح