بەرهەم ساڵح: ئەو یاسا و بڕیارە پەكخراوانە كارابكرێن كە پشتگیریی لامەركەزیی كارگێڕیی دەكەن

عیراق

15/10/2018‌ 1871 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق داوا دەكات ئەو یاسا پەكخراوانە كارا بكرێن، كە پشتگیریی لامەركەزیی و دەستكراویی دەسەڵات و بەشە بودجەی پارێزگاكان دەكەن.

نوسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆك كۆماری عێراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ دووشەممە لە میانەی  كۆبوونەوەیەكدا لەگەڵ شاندی پارێزگای زیقار بە سەرۆكایەتیی بەڕێز یەحیا محەمەد باقر ئەلناسریی پارێزگار بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆماری عێراق "داوای كاراكردنی ئەو قانون و بڕیارە پەكخراوانەی كرد كە پشتیگریی لامەركەزیی كارگێڕیی لەعێراق و دەستكرانەوەی دەسەڵاتی  بەشەبودجەی پارێزگاكان دەكەن"، هەروەها گرنگیی گەشەپێدانی گەشتوگوزار و گەشتیاریی شوێنەوارەكانی لە پارێزگای زیقار  و هەمو عێراق بەگشتیی دوپاتكردەوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە، بەرهەم ساڵح رایگەیاندووە، "بەبایەخەوە بەدواداچون دەكات بۆ كاركردنی جدیی لە پێناوی گەشەپێدانی پارێزگاكانی عێراق".

بەرهەم ساڵح ئاماژەی بەوەشكردووە، "پێویستە بەشێوەیەكی دادپەروەرانە سامانەكانی وڵات دابەشبكرێن بەسەر هەموو ناوچەكاندا، و گرنگی بدرێت بە گەشەپێدانیان لەرووی ئابوریی و ئەمنییەوە بێ جیاوازیی".

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "نەهێشتنی ئەو رێژە بەرزەی بێكاریی كە لە ناو  گەنجاندا هەیە پێویستی بە پرۆژەی ستراتیژییە هەیە، كە بە رەهەند و مەودای فراوانتر گەورە بكرێت، پاشان دەبێت لەڕوی جوگرافیی و ژمارەی دانیشتوان لێك بدرێتەوە و ئەژمار بكرێت".
ه.م