4 سەردانی ڕێكخەری گشتی نەیتوانیوە بیانگەڕێنێتەوە
قادری حاجی عەلی‌و عوسمانی حاجی مەحمود بە یەكجاری واز لەگۆڕان دەهێنن

کوردستان

24/10/2018‌ 14156 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
قادری حاجی عەلی و عوسمانی حاجی مەحمود دوو هەڵسووڕاوی دیاری بزووتنەوەی گۆڕان دوابڕیاریان داوە، كە نەگەڕێنەوە ناو ئەو بزووتنەوەیە، ئەوەش لەپاش شكستی چەند هەوڵێكی نێوەندگیری بۆ گەڕانەوەیان.

بەپێی ئەو زانیارییانەی، كە هەفتەنامەی ״ئاژانس״ لە چەند سەرچاوەیەكی بەرپرسی نێو بزووتنەوەی گۆڕانەوە دەستی كەوتووەو ئەمڕۆ چوار شەممە بڵاویكردووەتەوە، هەریەك لەعوسمانی حاجی مەحمود ئەندامی خانەی ڕاپەڕاندن‌و قادری حاجی عەلی بەرپرسی پێشووی لیژنەی هەڵبژاردنی بزووتنەوەی گۆڕان، دوا بڕیاران داوە بەوەی چیتر نەگەڕێنەوە بۆ ناو بزووتنەوەكە، لە پاش ئەوەی بەهۆی ناكۆكییان لەگەڵ بەرپرسانی باڵای گۆڕاندا ماوەی چەند مانگێكە چوونەتە ماڵەوە.

سەرچاوەیەكی نزیك لەعوسمانی حاجی مەحمود، كە نەیویست ناوی بڵاو بكرێتەوە بەهەفتەنامەكەی وت: "لە ماوەی ڕابردوودا عومەری سەید عەلی ڕێكخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان چەند جارێك سەردانی عوسمانی حاجی مەحمود و قادری حاجی عەلی كردووە، بەڵام ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە بۆ كاری سیاسی نێو بزووتنەوەكە".

سەرچاوەكە وتیشی: ״ئەو دوو هەڵسووڕاوەی گۆڕان دەستیان لەكاركێشاوەتەوە، لە ماڵەوە دانیشتوون، ئەوەی ئێمە لێمان بیستوون بەو شێوەیە دەمێننەوە و ناگەڕێنەوە".

بەپێی‌ زانیارییەكان لەدوایین كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانی گۆڕاندا، كە لە 18ی ئەم مانگەدا ئەنجام دراوە، لە بارەی گەڕانەوەی ئەو دوو هەڵسووڕاوەی گۆڕانەوە، پرسیار لەعومەری سەید عەلی كراوە و ناوبراو ئاماژەی بەوە داوە چوار جار سەردانی كردوون و ئامادە نەبوون بگەڕێنەوە گردی زەرگەتەو كار بكەنەوە، ئەوان چیتر ناگەڕێنەوە.

هـ ـ ح