وەزارەتی دارایی هیچ رێكارێكی بۆ یەكلاییكردنەوەی موچە نەدراوەكان 2018 نەگرتووەتە بەر

کوردستان

30/10/2018‌ 644 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
وەزارەتی دارایی هیچ نووسراوێكی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نەكردووە بۆ یەكلایی كردنەوەی موچە نەدراوەكان لە ساڵی 2018دا.

سەرچاوەیەك لەیەكێك لە گەنجینەی سەر بە وەزارەتی دارایی بەژمارەی ئەمڕۆ سێ‌ شەممەی هەفتەنامەی (باس)ی راگەیاند، هیچ نوسراوێكیان سەبارەت بە پاشەكەوتكردنی موچەی چەند مانگێكی ئەمساڵ بۆ نەهاتووە و لەنێو وەزارەتی داراییش  گفتوگۆی لەسەر نەكراوە.

سەرچاوەكە راشیگەیاند "مانگانە لیستی موچە وەردەگرین بۆ نموونە ئەم مانگە لیستی مانگی 10 وەردەگرین، بەڵام وەزارەتی دارایی داوای لیستی موچەی  مانگی 8ی لەئێمە كردووە، لیستەكان ناردران و چاوەڕوانی بڕیاری خەرجكردن دەكەین".

ئەو سەرچاوە دووپاتیكردەوە ، ئەگەر موچەی هەرمانگێك نەدرێت ، یان پاشەكەوت بكرێت ئەوە دەبێت نوسراوی فەرمی بۆ دەربچێت.

لەساڵی 2015 دا بە نوسراوێك وەزارەتی دارایی  ئەوەی بۆ گشت وەزارەتەكان و گەنجینەكان و فەرمانگەكانی حكومەت  روونكرەوە موچە  نەدراوەكانی 9 و 10 و 11 و 12 وەكو قەرز لای حكومەت دەمێنێتەوە و قەیدی بۆ دەكرێت.

 بەپێی رێنماییەكانی  وەزارەتی  دارایی موچەی هەرمانگێك دابەش نەكرێت ئەوە دەبێت لەكاتی خەرجنەكردنی  قەیدی بۆ بكرێت و لە تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 12 دیاری بكرێت.

لە ساڵی  2016 موچەی  مانگەكانی 11 و 12 پاشەكەوت نەكرا، بەڵكو خرایە نێو ساڵی 2017، بەوتەی سەرچاوەكەی وەزارەتی دارایی، بۆیە پێشبینی دەكرێت موچەی مانگی 10 و 11و 12 یان بخرێتە ساڵی داهاتوو، یان بڕیارێكی بۆ دەربكرێت.

رۆژی ٣ی شوباتی ٢٠١٦ ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كورستان بڕیاری لەپاشەكەوتكردنی موچەی فەرمانبەران دا، كە پاشەكەوتكردنەكە لە ١٥% دەستیپێدەكرد تاوەكو ٧٥%، بەڵام لە ئاداری 2018دا حكومەت پاشەكەوتی موچەی بە رێژەیەكی زۆر كەم كردەوە.

مستەفا سەعید خەلیل، بەڕێوەبەری تەكنەلۆژیای بانكەكان  لەوەزارەتی دارایی بە (باس)ی راگەیاند هیچ نوسراوێك سەبارەت بە چارەنوسی موچەكانی ساڵی 2018 دەرنەچووەو رایگەیاند "هیچ نووسراوێك لە لایەن وەزارەتی  دارایی بۆ بانكەكان یان بۆ گەنجینەكان دەرنەچووە بۆ ئەوەی سێ مووچەی ساڵی 2018 پاشەكەوت بكرێت".

ئاماژەی بەوەشدا، هەر بڕیارێك بۆ چارەنووسی موچەی فەرمانبەران بدرێت ئەوە لە نێوان ئەنجوومەنی وەزیران و وەزارەتی دارایی  دەبێت.

هـ ـ ح