محەمەد بن سەلمان.. ئەو هاوبەشەی جێگەی پشتپێبەستن نییە

جیهان

04/11/2018‌ 1729 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس: تایبەت
وەرگێران: لوقمان حاجی قادر
رۆژنامەی نیویۆڕك تایمز لژێر ناونیشانی "ئەو هاوبەشەی جێگەی پشت پێبەستن نییە" ، وتارێكی "سۆزان ڕایس"ی ڕاوێژكاری ئاسایشی پێشوو (لە ئیدارەی ئۆباما)  بڵاوكردووەتەوە‌ و تیایدا نووسیوویەتی جێنشینی سعودیە زۆر دەمێكە بەكارە سەرشێتەكانی ڕووی دیزێوو دڕندەیی خۆی‌ ‌دەرخستووە.

ڕاوێژكارەكە دەشڵێت: "تەنگژەی ئەمەریكی سعودی كە تاوانە قێزەونەكەی خاشقچی خێراتری كرد ، پرسیارێكی زیندوو دەخاتە بەردەمی ئیدارەی تڕەمپەوە كە زۆر بە ڕون و ئاشكرای هەوڵی خۆلێبورادنی دەدات: ئایا دەكرێت ئەمریكا لەگەڵ جێنشینی سعودیە لە هاوكاری و هەماهەنگی خۆی بەردەوام بێت ؟  چونكە تێوەگلانی نیمچە دڵنیایی میر محمد لە كوشتنی خاشقچی لەوە دڵنیامان دەكاتەوە كه سەرشێت و‌ توندڕەووە و بێ ڕەووشتە ، لە هەمان كاتیشدا ڕوونی كردەووە كە میرە گەنجەكە مەترسیدارە و خاوەن متمانەداری نییە تاوەكو ببێتە هاوبەشێكی ئەمریكا".

نووسەر لەوتارەكەیدا هەروەها دەڵێت: "هەر چاودێرێكی زیرەك دەبێت سەرسام بێت بەوەی میر محمد كارێكی ئاوای ئەنجامداوە ، ئەو بە كوشتنە قێزەوونەكەی خاشقچی و بێچاوەڕوویی درۆ و دەلەسە زۆر و زەوەندەكانی بەرپرسانی سعودی  ئێمەی تووشی هێدمە (صدمە) كرد ، بێگومان زۆر لە ئەمریكی و سەرنووسەری‌ ڕۆژنامەی گرنگەكانی سەرمەست بوون بە بەڵێنە چاكسازییەكانی میر محمد و هەڵمەتە لێزانانەكەی سەبارەت بە سەركردایەتی خودی خۆی ، بەڵام ئەوانەی ئامادەن ڕووی پشتەوەی هەڵمەتی دەموچاو جوانكردنی میرە گەنجەكە وەك خۆی ببینن ، وەك ئەوەی كە هەیە ، ئەوان لە ڕێگەی كار و كردەووە شەڕانگێز و سەرشێتانەكانییەوە بە ڕاست‌ و دروستی كەسایەتی ئەو ئاشنان ".

ڕاوێژكارەكەی پێشوو دەشڵێت: " لە هەمووی خراپتر جەنگەكەی یەمەنە كە دەیەها هەزار كەسی كردنە قوربانی بە منداڵانیشەوە؛ ئەمەش لەبەر ئەوەیە كە سعودیەكان لەبەر لووتبەرزییان شێوازی بەرپرسانە بەكارناهێنن ، میر محمد لە سەرەتاوە سەركردایەتی ئەو هاوپەیمانییە دەكات كە سعودیە لە دژی حوسییەكان دەستی داوەتێ ، بۆیە هەمان ئەو بەرپرسیاریەتەی دەكەوێتە سەرشانی حوسییەكانی یەمەن كە ئێران پشتیوانیانە دەكەوێتە سەرشانی میر محمدیش ، ئەوان هەموویان بەرپرسن لە گەورەترین كارەساتی مرۆیی كە جیهان بەخۆییەوە بینییوە ، ئەمریكاش بێشەرمانە پشتیوانی ئەو جەنگە خوێناوییەی كردووه". 

ڕایس كە ڕاویژكاری ئۆباما بوو لە خولی دووەمی سەركایەتیدا دەڵێت هەر‌ چەندە ئیدارەی ئۆباما پشتیوانی ئەو جەنگە بوو بۆ بەرگریكردن لە سعودیە و ڕاگرتنی حوسییەكان ، بەڵام لە كۆتاییدا كاتێك جەنگەكە فراوان بوو و فرت و فێڵیشی تێكەوت ، سەوداو مامەڵەكانی چەكی لەگەڵ سعودیە كەم كردەووە.  

نووسەر دەڵێت: لە ناوخۆی سعودیەش میرە گەنجەكە چەندەها چالاكوانی كۆمەڵگای مەدەنی بەند كردوون ، بەناوبانگترین میرەكانیشی لە ناو میوانخانەی "ڕیتز كارلتۆن" دەستبەسەر كردوون و دواشی لێكردن لە بەرامبەر لێخۆشبوون و ئازادكردنیان دەست لە سامانەكانیان هەڵگرن ،  كێبڕكێكار و خزمە نزیكەكانی‌ بە میر محمد نایفی جێنشینی پێشووشەوە ناچار كردوون واز لە پۆستەكانسان بێنن ، هەڵمەتێكی چڕوپڕیشی لە هەموو كون و قوژبنێكی جیهاندا دژ بە  نەیاره سیاسییە‌كانی دەوڵەتی سعودی دەست پێكردووه. 

ڕایس دەشڵێت:" جێنشین سەرۆك وەزیرانی لوبنانیشی ڕفاند و دواتر ڕەتیكردووە كە ئەو كارەی كردبێت ، گەماوەرۆیەكی پڕ رق و كیناویشی دژ بە قەتەر سەپاند كە هاوپەیمانێكی دیكەی ئەمەریكایە ، هەوڵیدا ئەمریكا بخزێنێتە ناو ملاملانێ دژ بە ئێرانەوە ، كاتێكیش سەرۆك وەزیری كەنەدا دوو جریوەی لە سوشیال میدیا دژ بە سعودیە بڵاوكردنەوە ، یەكسەر پەیوەندییە دبلۆماسییەكانی لەگەڵ كەنەدا پچڕاند و 7000 قوتابی سعودی لە زانكۆكانی كەنەدا كشاندنەوە و گەشتە ئاسمان و پەیوەندییە بازرگانییەكانیشی كەمكردنەوە".

لەوەش زیاتری وت: "لەمەی سەرەوەوە بۆمان دەردەكەوێت كە ناكرێت میر محمد وەك هاوپەیمانێكی ئەقڵانی و خاوەن متمانەی ئەمریكا و هاوپەیمانەكانی‌ تەماشا بكرێت ، جا ئەگەر شكست بێنین لە سزادانی و تەنها و تەنهاش ئەوانەی دەوروپشتی بە ئامانج بگرین ، ئەوا ئەمە هانی دەدات كە بوێرانەتر كاری توندڕەوانەی دیكە ئەنجام بدات ، ئەگەر سزاشی بدەین كە هەر دەبێت بیكەین ، ئەوا شیمانەی ئەوە هەیە كە میر محمدی خۆبەزلزان پڕ لە دوژمنكاری كاری نابەرپرسانە بكات و سەربەخۆی خۆی ڕابنوێنێت و تۆڵەش لە هاوپەیمانه نزیكە ‌ڕۆژئاواییەكانی بكاتەوە ، دۆخەكە هەر چۆنێك بێت دەبێت ئیدارەی تڕەمپ شیمانەی ئەوە دابنێت كە میر محمد پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی سعودیە و ئەمریكا بەرە و هەڵدێران دەبات".

ڕاویژكارەكە دەشڵێت: "بەداخەوە شا سلێمان ئامادە نییە یاخود ناتوانێ جڵەوی كوڕە بەدڕەفتارەكەی بگرێت ، ئەوان ڕەخنەگرانیان دەمكوت كردن و كێبڕكێكارەكانیشیان پەراوێزخستن ، ئەوەش واتای ئەوەیە كەسێكی جێگرەوە نییە كە بتوانی بە ئارامی و بەرپرسانە سەركردایەتی دەوڵەتی سعودیە بكات".

ڕایس پێشی وایە، مادام ئەمریكا نەتوانی گۆرانكارییەك لە سەری هەڕەمەكەی سعودیە ئەنجام بدات ، ئەوا دەبێت واشنتۆن خۆی بۆ ئەوە ئامادە بكات كە سعودیەیەكی نائارام ببینێت كە سەختە جلەوگیری بكرێت ، ئەمەش مەترسییەكی مەزن بۆسەر بەرژەوەندییە ئابووری و ئەمنییەكانی ئەمریكا دروست دەكات".

ڕایس واشی دەبینێت، ئەمریكا هەڵە بوو كە پێی وا بوو میر محمد‌ پارێزەری بەرژەوەندییەكانیەتی ، ئێمە گەمژەشین ئەگەر لەو پەیوەنییانە بەردەوام بین ، دەبێت ئەمریكا كار بۆ ئەوە بكات ئەو مەترسییانە كەم‌ بكاتەوە ، نابێت پەیوەندییەكانمان لەگەڵ ڕیاز تێكوپێك بشكێنین ، بەڵام دەبێت  ڕوونیش بێت بۆ میر محمد كە پەیوەندییەكانمان وەك ئێستا نامێنن و گۆڕانیان بەسەردا دێت ئەگەر جێنشین بەردەوام بێت لە بەكارهێنانی ئەو هێزە لە ڕادەبەردەی دەستی داوەتێ ، دەبێت بە هاوبەشی هاوبەشەكانمان سیاسەتی پەراوێزخستنی میر محمد پەیڕەو بكەین و بنەماڵەی شاهانەش ناچار بكەین جێگرەوەیەك لە شوێنی ئەو دیاری بكات".

ڕایس داوای ئەوەش‌ دەكات ئەمریكا سەركردایەتی كۆششە نێودەوڵەتییەكان بكات كە بەشێوەیەكی بێلایەنانە لە كوشتنی خاشقچی بكۆڵنەوە و دەڵێت: " دەبێت ئیدراەی تڕەمپ تۆكمەتر و هەڵوێستیشی ڕوونتر بێت ، ئەوەش ڕوونە كە كوشتنی ئەو ڕۆژنامەنووسە ڕووی نەدەدا ئەگەر بە فرمان و ڕەزامەندی میر محمدی جێنشین نەبایە".

ڕایس داوا لە ئەمریكا دەكات كە: "هەموو پشتیوانییەكی سەربازی لە جەنگی یەمەندا بۆ سعودیە ڕابگرێت و فشاریش بخاتە سەر سعودیە بۆ یەكلاییكردنەوەیەكی ئەو دۆسییە بە دانووستان ، دەبێت هەموو سەوداو و مامەڵەكانی چەكی ئەمریكی بۆ سعودیە ڕابگیرێن و پێداچوونەوەیەكی گشتگیریش بكەین بۆ سەودا و مامەڵەكانی چەك فرۆشتن لە ئایندەدا بە ووڵاتی سعودیە ، دەبێت هەڵەكان ڕابگرین و ئیدارە بە هاوكاری كۆنگرێس جەخت لەسەر بەرژەوەندییەكانی ئەمریكا بكەینەوه".

نووسەر پێی وایە، ئەمریكا دەبێت واز لەوە بێنێت كە وەك نابینایەك بە دوای جێنشینی سعودییەوە بێت ، دەبێت بە گومانەوە‌ مامەڵەی لەگەڵدا بكەین ، بە تایبەتیش ئەوەی پەیوەستە بە فەرمانڕەواییكردنی بۆ وولاتی سعودیە".

ڕایس بەوە كۆتایی بە نووسینەكەی دێنێت كە دەڵیت: " دەبێت وا تەماشای پەیوەندی نێوان گارید كوشنەر و جێنشینی سعودیە بكرێت كە پەوەندییەكی ئاسایی نییە ، دەبێت شوێنی باڵوێزی ئەمریكا -كە ئێستا بە تاڵە - لە ڕیاز پڕ بكرێتەوە ، دەبێت لەگەڵ بەرپرسە دیارەكانی سعودیە مامەڵە بكەین ، دەبێت ئەو پەیوەندییە خۆشەی نێوان تڕەمپ و جێنشین بوەستێندرێت ، دەبێت سیاسەتەكانی خۆمان لەگەڵ ڕیاز لەسەر بنەمای بەرژەوەندی دوولایەنە لەگەڵ ڕیازدا دابڕێژینەوه".

بەپەلە