چەند پێشنیازێك بۆ پرسی خانەنشینی پەرلەمانتاران دەخرێتەڕوو

کوردستان

05/11/2018‌ 589 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ڕێكخراوی گوتار بۆ گەشەپێدان چەند پێشنیازێك بۆ پەرلەمانتاران لەبارەی خانەنشینیان دەخاتەڕوو، كە خۆی لەچەند خاڵێك دەبینێتەوە.

ڕێكخراوی گوتار بۆ گەشەپێدان لەرێگەی پەیامێكەوە، پێشنیازەكانی خستووەتە روو، كە ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەتی:
بۆ بەڕێزان/گشت پارلەمانتاری خانەنشینكراو
بۆ بەڕێزان/ گشت وەزیر و خانەنشینی پلەباڵاكان
بابەت / بانگەواز
دوای ڕێز و سڵاو
بەڕێزان وەك دەزانن بابەتی خانەنشینكردنی ئێوە بەو بڕە پارەیە دەنگدانەوەیەكی زۆری لەناو خەڵكدا دروستكردووە، بۆیە هەندێكتان پێتان وایە غەدرتان لێ دەكرێ و زۆربەشتان پێتان وایە كە ئەمە بە یاسا ڕێكخراوە و تاوانی ئێوەی تێدا نیە. 

ئێمە پێمان باشە ئێوە بگەڕێنەوە سەر وەزیفەی پێشوی خۆتان و هەم سەروەری بۆ خۆتان و بۆ ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش تۆمار دەكەن، ئەگەر نەكرا و دەسەڵات كارئاسانی بۆ نەكردن ئەوا ئێمە چارەسەرێكی گونجاو ڕادەگەیەنین. 

لەم بارەیەوە ئێمە وەك كۆمەڵێك هاوڕێ و هاوڵاتی ئەم هەرێمە دوور لە ئینتیمای هیچ پارتێكی سیاسی گەیشتینە ئەم چارەسەرەی لای خوارەوە:
هەر پارلەمانتار، وەزیر، ڕاوێژكار، بەڕێوەبەرێكی گشتی، هەر خانەنشینكراوێكی پلە باڵاكان، چارەكێك لە خانەنشینیەكەی بۆخۆی هەڵگرێت و ئەوەی تری بەسەرپەرشتی چەند كەسایەتی و ڕێكخراو بە پڕكردنەوەی )تعاهد( لە دادنوس، بڕی پارەكە بدات بە ماڵ و خەڵكی كەم دەرامەت. بۆ نمونە پارلەمانتارێك شەش ملیۆن خانەنشینی وەردەگرێت، دوو ملیۆن بۆخۆی هەڵگرێت و چوار ملیۆن بگەڕێنێتەوە و ئەمەش لانی كەم دەبێتە موچەیەكی 500 هەزاری بۆ هەر ماڵێكی كەمدەرامەت و هەشت تا دە ماڵی هەژار سودمەند دەبن لەم پارەیە. 

ئێمە پێمان وایە لەدەرەوەی دەسەڵات ئەمە ڕێگە چارەیەكی باشە و ناوی ئێوەش بە درەوشاوەیی دەمێنێتەوە كە توانیوتانە دەستان هەبێت لە باشتركردنی ژیانی چەندین ماڵی كەمدرامەت و چەندین منداڵی خوێندكاری هەژار. ئێمەش لەڕێی لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە ناوی هەژار و كەمدرامەتەكان لە شار و شارۆچكەكان تۆمار دەكەین و مانگانە یەكێك لەو خێزانە هەژارانە بڕە پارەكە وەردەگرێت. ئەم بانگەوازە سەرجەم پارلەمانتار و بەرپرسانی خولەكانی پێشوش دەگرێتەوە و بڕی پارەكە ئەوەندە زۆرە دڵنیاین كەلێنێكی گەورە پڕ دەكاتەوە بۆ هەژاران و كەم دەرامەتان.

ئەم بانگەوازە بۆ ماوەیەكی دیاریكراوە و لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا لەگەڵ ئەو بەرپرسە خانەنشینكراوانە ناوەكانیان ڕادەگەیەنین و وەك ( كەریمی عەلەكە یان وەك حاتەمی تەی) ئەم سەردەمە ناویان دەبەین. 

بەڕێزان ، تكایە پێمان مەڵێن ئێمە لەڕێگەی حزبی خۆمان یان لەڕێگەی ڕێكخراوی خێرخوازی خۆمانەوە یارمەتی خەڵكی هەژار دەدەین. 

فەرموو لەمڕۆوە با دەست پێ بكەین و تكایە پەیوەندیمان پێوە بكەن. 
(ڕێكخراوی گوتار بۆ گەشەپێدان)، كە ڕێكخراوێكی ناحكومیە خۆبەخشانە بەم ئەركە هەڵدەسێت و كارئاسانی تەواو دەكات لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ دەستنیشانكردنی ماڵە هەژارەكان. 

بەدەنگەوەهاتنتان نیشانەی دڵسۆزیتانە
نوێنەری گروپ
عەزیز ڕەئووف
ژمارەی تەلەفۆن و WhatsApp & Viber: 009647701563115

بەپەلە