چاوشئۆغڵو هەڵوێستی توركیا لەبارەی گەمارۆكانی سەر ئێران رادەگەیەنێت

جیهان

06/11/2018‌ 852 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
مەولود چاوشئۆغڵو وەزیری دەرەوەی توركیا رایگەیاند، بۆچوونی ئێمە وایە، كە سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران هیچ ئەنجامێك بەدەستناهێنێت.

چاوشئۆغڵۆ لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە دەستكردن بەجێبەجێكردنی سزاكان لە لایەن ئەمریكاوە لە دژی ئێران راشیگەیاند "پێمانوایە ناتواندرێت لەڕێگەی سزاكانەوە هیچ ئەنجامێك وەدەستبهێنرێت، باوەڕم وایە لەجیاتی سزاكان دیالۆگی واتادار و كۆبوونەوە پراتیكیتیرن. ئەمە هەڵوێستی بنەڕەتیی ئێمەیە".

ەزیری دەرەوەی توركیا تیشكی خستەسەر ئەوەی وڵاتەكەی دراوسێی ئێرانە و نەوت و گازی سرووشتی لێدەكڕێت و باسی لەوەشكرد بۆ وڵاتەكانی هاوشێوەی توركیا بەژاپۆنیشەوە، ئاسان نییە، كە بتوانن بە هۆی سزاكانەوە سەرچاوەكانی وزە، لەڕووی چەندێتییەوە زیادبكەن.

ئەو قسانەی مەولود چاوشئۆغڵو لەمیانی سەردانێكی هات بۆ ژاپۆن، كە باسی لەوەكرد پەناگیركردنی ئێران و دابڕینی كارێكی عەقڵانیی نییە، بەڵكو بەپێچەوانەوە مەترسیدارە و سزادانی گەلی ئێرانیش دادپەروەرانە نییە.

ئاماژەی بەوەشكرد ئەوان هیوایان وایە لەجیاتی سزاكان لە چوارچێوەی سازاندا چارەسەری گونجاو بدۆزرێتەوە و گوتی: "نەك تەنها وڵاتانی دراوسێ، بەڵكو ژمارەیەكی زۆر لە وڵاتان لە زۆر ناوچەی جیهانەوە، بە هۆی ئەم سزا تاكلایەنانەی ئەمریكاوە، كاریگەرییان دەكەوێتە سەر".

مەولود چاوشئۆغڵو هەروەها رایگەیاند، پەیوەندییەكانی توركیا و رووسیا لە ماوەی 2-3 ساڵی رابردوودا قووڵبووەتەوە و "ئەوەی لەدەستمان بێت ئەنجامی دەدەین بۆ بەرفراوانكردنی هاریكاریمان لە زۆر بواردا".

هـ ـ ح