هەناردەی نەوتی كەركوك بۆ ئێران راگیرا
ئامادەكاری دەكرێت نەوتی كەركوك رەوانەی توركیا بكرێت

عیراق

10/11/2018‌ 601 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
دوای ڕاگرتنی هەناردەكردنی نەوتی كەركوك بۆ ئێران، وەزارەتی نەوتی عێراق ئامادەكاری دەكات بۆ هەناردنە دەرەوەی نەوتی ئەو پارێزگایە بۆ توركیا لە ڕێگەی بۆریە نەوتییەكانی هەرێمی كوردستانەوە.

ئەحمەد عەسكەری، سەرۆكی لیژنەی وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بە دەنگی ئەمەریكای ڕاگەیاندووە، "حكومەتی عێراق ناردنی نەوتی كەركوكی بۆ ئێران ڕاگرتووە، ئێستا دەیەوێت نەوت بۆ توركیا بنێرێت".

ئاماژەی بەوەشكرد، "تەنها دەرەچە بۆ ناردنی نەوتی كەركوك بۆریە نەوتییەكانی هەرێمە، هەندێك زانیاری هەیە هەرێم و بەغدا دوو هەفتە لەمەوبەر لەسەر ئەو پرسە رێككەوتوون".

بەپێی زانیاریەكان، پێشتر لەرێگەی تانكەرەوە رۆژانە تا 30 هەزار بەرمیل نەوت نێردراوە بۆ ئێران، بەڵام ماوەی نزیكەی مانگێكە ناردنی نەوت بۆ ئەو وڵاتە راگیراوە.

سەرچاوەیەك لە وەزارەتی نەوتی عێراق كە داوایكردووە ناوی بڵاونەكرێتەوە، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "ئامادەكاری هونەری بۆ ناردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا تەواو بووە."

هەروەها وتیشی، "ئەگەر وەزارەتی نەوت بریار بدات، لە زووترین كاتدا دەتوانرێت دەست بەناردنی نەوتی كەركوك بۆ توركیا بكرێت، بەڵام هێشتا بریاری نەداوە".

نەوتی كەركوك تاوەكو پێش 16ی ئۆكتۆبەری ساڵی 2017 كە هێزە عێراقییەكان بەرەو كەركوك و ناوچە جێناكۆكەكان پێشڕەویان كرد، لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە هەناردەی توركیا دەكرا، بەڵام دوای ئەو بەروارەو كاتێك هێزە عێراقیەكان بەسەر پارێزگاكەدا باڵادەست بوون، نەوتەكەیان بۆ ئێران دەنارد.
ه.م