دابەزینی نرخی نەوت وڵاتانی بەرهەمهێنی بەدەوری یەكدا كۆكردەوە

عیراق

12/11/2018‌ 572 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئەندامانی كۆمیتەی چاودێری بازاڕی نەوت، كە پێكهاتبوون لە بەرهەمهێنەرانی نەوتی رێكخراوی ئۆپێك‌و دەرەوەی رێكخراوەكە، لەئەبوزەبی پایتەختی ئیماراتدا كۆبوونەوە تا رێگە لەدابەزینی نرخی نەوت  بگرن‌و بیر لەمانگ‌و ساڵانی داهاتووی ئەم كەرتە بكەنەوە.

هەرچەنده بەهۆی ناڕەزایەتی بڕیاڕەكانی پێشووی ئەم كۆمیتەیە، ئێران یەكێكە لە بەرەمهێنەرانی نەوتە، بەشداری نەكردووە، بەڵام ئەم وڵاتەش پاش سزاكانی ئەمریكا نەوتی هەناردەكراوی لە 2 ملیۆن 800هەزار بەرمیلەوە بەنیوە گەیشتووە.

بەچاوخشاندنێكی گشتی ئامارەكان لەساڵی ڕابردوودا نرخی نەوت لەنرخەكانی 61 دۆلار بە 84 دۆلار گەیشت، بەڵام پاش‌ ئابڵۆقە و سزاكان لەسەر كەرتی نەوتی ئێران بەهۆی ئەمریكاوە، چاوەڕوان و پێشبینی ئەوە دەكرا ئەم نرخە لەمساڵدا بەرزبوونەوە بەخۆوە ببینێت، بەڵام ئاراستەیەكی پێچەوانەی گرتەوەو بەنزیكی 60 تا 70دۆلار دەگات و ئەم وڵاتانەی بۆ ئەم مەبەستە بەدەوری یەكدا كۆكردەوە، كە هەوڵی ئەوە دەدەن نرخەكەی جێگیر بكەن.

ئاژانسە هەواڵییەكان ئاماژە بەوە دەكەن، سعودییە و ڕوسیا لەئێستادا بۆشایی نەوتی ئێرانیشیان لە بازاڕەكاندا پڕكردووتەوەو لەم دانیشتنەدا ئەوانیش وەك هەنگاوێكی دەستپێشخەرانە ئەماژە بەوە دەكەن لەمانگەكانی داهاتوودا تا نزیكەی ملیونێك بەرمیلی ڕۆژانەی خۆیان بۆ بازاڕەكان كەمدەكەنەوە و وڵاتی عێراقیش، كە نزیكەی 5 ملیۆن بەرمیل نەۆتی ڕۆژانە لە ئێستادا هەناردە دەكات، بەڵێنی پابەندبوونی لەگەڵ سعودییەدا داوە، كە هاوكار دەبێت بۆ كەمكردنەوەی بەرهەم.

كۆبوونەوەی ئەمجارەی ئۆپێك بەپێی وتەی ئاژانسەكان دەستپێكێك بۆ كۆنفڕانسی گشتی بەرهەمهێنەرانی نەوت لەمانگەكانی داهاتوودا دەبێت.