رێڕەوی توركیا لەپێشینەیە بۆ هەناردەكردنی نەوتی كەركوك

عیراق

13/11/2018‌ 4400 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
بەهۆی ناكۆكییە چارەسەرنەكراوەكانی نێوان حكومەتەكانی بەغدا و هەولێر، ماوەی ساڵێكە ناتواندرێت نەوتی كەركوك هەناردەی بەندەری جەیهان بكرێت، ئەوەش بەپێی راپۆرتێكی ئاژانسی ئەنادۆڵ.

هەر بەپێی ئاژانسەكە، نەوتی كەركوك، كە ماوەی ساڵێكە بە هۆی ناكۆكی جۆراوجۆری نێوان حكوومەتەكانی بەغدا و هەولێر كە درێژەی هەیە هەناردەكردنی هەڵپەسێردراوە، دوای خستنەبواری جێبەجێكردنی سزاكانی ئەمریكا بەسەر ئێراندا زیاتر بووە جێگەی بایەخ.

حكومەتی ناوەندی عێراق جگە لە رێڕەوی توركیا جێگرەوەیەكی دیكە بەدیناكات ئەگەر نەوتی كەركووك بە بۆری هەناردە بكرێت.

ئەمریكا لە پێنجی تشرینی دووەمدا دووەمین قۆناغی سزاكانی سەر ئێرانی خستەبواری جێبەجێكردنەوە. پێش سزاكە ئێران رۆژانە زیاتر لە دوو ملیۆن بەرمیل نەوتی هەناردە دەكرد، بەڵام دوای سزاكە پێشبینی دەكرێت ئەو بڕە تا یەك ملیۆن بەرمیل دابەزیبێت.

ئاماژە بەوە دەكرێت كە حكوومەتی واشنتۆن نەوتی كەركووك بە جێگرەوە دەبینێت بۆ داخستنی ئەو كورتهێنانەی بە هۆی ئێرانەوە لە نەوتی خاودا لە بازاڕ دروست ببێت.

میدیای نێودەوڵەتی، هەروەها میدیای ناوخۆی عێراق بانگەشەی ئەوە دەكەن كە ئەمریكا گوشاری لە حكوومەتی بەغدا كردووە بۆ ئەوەی لە كورتترین ماوەدا نەوتی خاوی كەركووك بە بۆری هەناردەی توركیا بكرێت.

هەرچەندە ئەگەر بەرپرسانی عێراق ئەو جۆرە بانگەشانەش رەتبكەنەوە، بەڵام روونكردنەوەی وەزارەتی نەوتی عێراق پێش خستنەبواری جێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران كە گوزارشتبوو لە رەزامەندی و تیایدا باسی لەوە كرد پارێزگاری لە سەقامگیری هەناردەی نەوتی خاو دەكەن، ئەو روونكردنەوەیەش بووە جێی سەرنج.

بۆچی نەوتی كەركووك گرنگە؟
بەپێی زانیارییەكانی رێكخراوی وڵاتانی هەناردەكاری نەوت (ئۆپیك)، كە عێراقیش ئەندامە تیًیدا، لەو وڵاتەدا كە ژمارەی دانیشتوانەكەی نزیكەی 39 ملیۆن كەسە 150 ملیار بەرمیل یەدەگی نەوت هەیە.

كەركوك خاوەنی كۆنترین و دەوڵەمەندترین بیر نەوتە لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاستدا، بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان یەكەم بیرە نەوت لەو پارێزگایەدا لە ساڵی 1927 لە لایەن كۆمپانیای نەوتی توركی، كە ناوەكەی گۆڕدرا بۆ كۆمپانیای نەوتی عێراق دۆزراوەتەوە.

بەپێی داتاكانی ئیدارەی زانیاریی وزە، كە ناوەندەكەی لە ئەمریكایە، كەركوك خاوەنی نۆ ملیار بەرمیل یەدەگی نەوتە، كە دەكاتە رێژەی سەدا 18ی یەدەگی نەوتی عێراق.

بیرە نەوتەكانی هاڤانا، بای حەسەن، بابەگوڕگوڕ، خەبازییە و جەنبورە تا ئۆكتۆبەری 2017، رۆژانە 300 هەزار بەرمیل نەوتی لەرێگەی بۆریی نەوتی كەركوك جەیهانەوە هەرناردەدەكرد.

بۆچی هەناردەی نەوتی كەركووك وەستا؟ 
حوزەیرانی 2014 هێزەكانی پێشمەرگە لە چەند ناوچەیەكی كەركوك جێگیركران بە مەبەستی پاراستنی شارەكە لەرێكخراوی تیرۆرستیی داعش دوای ئەوەی هێزە عێراقییەكانی چۆڵیانكردبوون.

ماوەی نزیكەی سێ ساڵ كەركوك و بیرەنەوتەكانی لەژێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستاندا بوون، بەڵام دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان هەستا بەئەنجامدانی ریفراندۆمی سەربەخۆی بە شێوەیەكی نایاسایی، هێزە هاوبەشەكانی عێراق ئۆپەراسیۆنیان بۆ سەر كەركوك و ناوچە كێشە لەسەرەكانی دیكە ئەنجامدا.

دوای ئەوەی هێزەكانی حكوومەتی ناوەندی ناوچە كێشەلەسەرەكانیان كۆنترۆڵكرد، ناردنی نەوتی خاوی كەركوك بۆ بەندەری جەیهان لە رێگەی بۆرییەوە هەڵپەسێردرا.

بەربەستەكانی بەردەم هەناردەی نەوتی كەركوك
حكومەتی ناوەند نایەوێت لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە نەوتی باشوور هەناردە بكات و بۆ ئەمەش پێویستی بە هێڵی بۆری هەیە.

دوای ئەوەی هێڵی بۆریی نەوتی عێراق لە لایەن رێكخراوی تیرۆرستی داعشەوە تەقێنرایەوه، حكوومەتی بەغدا رایگەیاندبوو، كە هێڵێكی نوێ بنیات دەنێت. هەرچەندە ماوەی ساڵێك بەسەر ئەو راگەیەندراوەدا تێپەڕیوە، هێشتا هەنگاوێكی كرداری لەوبارەوە نەنراوە.

هەرچەندە هەرێمی كوردستانیش دووپاتیدەكاتەوە، كە ئامادەیە نەوتی كەركوك لە رێگەی بۆرییەكەی خۆیەوە هەناردە بكات، هیچ گرنگییەك بەمە نادرێت بۆ دانانی میكانیزمێكی گونجاو بۆ هەناردەكردنی نەوتەكە بەو رێگایە.

لەراگەیەندراوێكیدا، هەفتەی رابردوو هەولێر ئاشكرایكرد بۆ ئەوەی نەوتی كەركووك كە لەژێر كۆنترۆڵی حكوومەتی ناوەندییدایە هەناردە بكرێت، توانای گواستنەوەی بۆریی نەوتی هەرێمیان لە ٧٠٠ هەزارەوە بۆ یەك ملیۆن بەرمیل زیادكردووە.

هاوكات وتەبێژی وەزارەتی نەوتی عێراق، عاسم جیهاد لە مانگی ئایاری رابردوودا ئاماژەی بەوەكردبوو بە هۆی ناكۆكییەكانی نێوان حكوومەتی ناوەندیی و حكوومەتی هەرێمەوە نەوتەكە ناتواندرێت هەناردە بكرێت و راشیگەیاندبوو ئەگەر بێت و كێشەكان چارەسەربكرێن هەناردەی نەوت دووبارە دەستپێدەكاتەوە.

نەوتی كەركوك چۆن لەدوای سزاكانی ئەمریكا گرنگی پەیدا كرد؟
لەئەنجامی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان عێراق و ئێراندا لە تشرینی یەكەمی ٢٠١٧دا واژووكرا، رۆژانە ٣٠ هەزار بەرمیل نەوتی خاو لە رێگەی تەنكەرەوە بۆ ئێران هەناردە دەكرێت، حكوومەتی ئێران ئەو نەوتە لە پاڵاوگەكانی خۆیدا دەپاڵێوێت و دووبارە هەناردەی عێراقی دەكاتەوە.

عێراق لەپاڵ سووتەمەنییدا، گازی سرووشتییش بە مەبەستی كارپێكردنی وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا لە ئێرانەوە هەناردە دەكات، ئەمریكا دوای سەپاندنی گەمارۆكان بەسەر ئێراندا، عێراقی بۆ ماوەی ٤٥ رۆژ لە سزاكان بەخشیوە.

ئیدارەی واشنتۆن باس لەوەدەكات پلانی وایە كورتهێنانی نەوتی خاو لەبازاڕەكاندا، كە بە هۆی سزاكانی سەر ئێرانەوە درووست دەبێت لە رێگەی نەوتی كەركووكەوە پڕبكاتەوە.

وەزیری نەوتی عێراق، سەمیر غەزبان بەر لەجێبەجێكردنی سزاكانی سەر ئێران، وەك رەزامەندییەك لەبەرانبەر بڕیارەكەی ئەمریكادا، راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە و سەبارەت بەدرووستبوونی كورتهێنان لە نەوتی خاودا ئاماژەی بەوەكردووە لە قۆناغی داهاتوودا رۆڵێكی كاراتر دەگێڕن و بە مەبەستی پارێزگارییكردن لە سەقامگیریی بازاڕ بەردەوام دەبن لە هەناردەی نەوتی خاو.

عێراق بە مەبەستی پڕكردنەوەی بەشێك لەو كورتهێنانەی لە نەوتی خاودا بە هۆی سزاكانی سەر ئێرانەوە كە لە بازاڕەكاندا دروست دەبێت و هەروەها بۆ ئەوەی بگاتە ئامانجەكانی هەناردەكردنی نەوت لە ساڵی ٢٠١٩دا، پێویستی بەوەیە نەوتی كەركوك هەناردە بكات.

بەپەلە