پێكهاتەی حكومەت وەك خۆی دەمێنێتەوە
پرۆژەی بچووكردنەوەی حكومەتی هەرێم لەپێكهێنانی كابینەی نوێ‌ جێبەجێناكرێت

کوردستان

13/11/2018‌ 6003 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
پرۆژەی بچووكردنەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەپێكهێنانی كابینەی نوێ‌ جێبەجێناكرێت‌و پێكهاتەی حكومەت وەك خۆی دەمێنێتەوە.

پرۆژەی بچووكردنەوەی حكومەت ماوەی ساڵێك دەبێت لەلایەن لیژنەی چاكسازی ئامادەكراوە، كە ئامانج لێی بچووكردنەوەی كابینەی حكومەتی هەرێم، ئەوەش بۆ نیوەی ئەو پێكهاتەی ئێستا كابینەی هەشتەم هەیەتی.

كابینەی هەشتەم، لە 21 وەزارەت پێكدێت، كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكات‌و وادەی ئەو كابینەیە بەرەو كۆتایی دەچێت‌و بڕیارە بەم نزیكانە كابینەی نوێ‌ بەسەرۆكایەتی هەمان سەرۆكی پێشوو پێكبهێنرێتەوە.

بەپێی زانیارییەكانی شارپرێس، لەپێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ بەسەرۆكایەتی نێچیرڤان بارزانی، پرۆژەی بچووكردنەوەی حكومەت جێبەجێناكرێت، ئەوەش بەهۆی ئەوەی جێبەجێكردنی پرۆژەكە پێویستی بەرەزامەندی پەرلەمانە.

لەو بارەوە، فرسەت سۆفی ئەندامی لیژنەی چاكسازی هەرێمی كوردستان بۆ شارپرێس وتی: راستە پرۆژەیەك ئامادەكراوە بۆ بچووكردنەوەی پێكهاتەی حكومەتی هەرێم، بەڵام پرۆژەكە پێویستی بە رەزامەندی پەرلەمان‌و دەركردنی چەند یاسایەكە.

فرسەت سۆفی وتیشی: بەهۆی ئەوەی خولی نوێی پەرلەمان بەتەواوی دەستبەكارنەبووە، بۆیە ناتوانرێت لەكاتی پێكهێنانی حكومەتی نوێ‌ ئەو پرۆژەیە وەك ئەوەی هەیە جێبەجێبكرێت.

هەر بەپێی زانیارییەكان پرۆژەكە بەشێوەیەكە، كە ئەو 21 وەزارەتەی ئێستا پێكهاتەی كابینەی هەشتەمیان پێكهێناوە، دەكرێنە 11 وەزارەت، ئەوەش لابردنی چەند وەزارەت‌و دەستەیەك‌و یەكخستنی چەند وەزارەتێكی تر.

زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە لەپرۆژە نوێیەكەدا  وەزارەتەكانی كارەبا و سامانە سروشتییەكان دەكرێنە یەك وەزارەت‌و كشتوكاڵ‌و سەرچاوە ئاوییەكان‌و دەستەی ژینگەش دەكرێنە یەك هەزارەت، هەروەها وەزارەتی پیشەسازی و گواستنەوەو گەیاندن دەكرێن بەیەك وەزارەت‌و وەزارەتی شەهیدان‌و خوێندنی باڵاش دەكرێتە دەستە لەئەنجوومەنی وەزیران.

ئەمە لەكاتێكدایە لەئێستادا باس لەوە دەكرێت، كە پێشنیازێك هەیە، بۆ ئەوەی لەكابینەی داهاتوو دوو جێگیر بۆ سەرۆك وەزیران دابنرێت، كە ئەوە رەنگە تاكە گۆڕانكاری پێكهاتەی حكومەتی نوێی هەرێمی كوردستان بێت.

هـ ـ ح 

بەپەلە