توركمانەكان بە پاكێجێكەوە دانوستان لەگەڵ شاندی پارتی دەكەن

کوردستان

13/11/2018‌ 555 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
حزبە توركمانییەكانی هەرێمی كوردستان پاكێجێك ئامادە دەكەن بۆ ئەوەی بەشداری لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بكەن، سەركردەی حزبێكی توركمانیش دەڵێت، داوای دوو جێگری سەرۆكی پەرلەمان و سەرۆكی حكوومەتمان كردووه.

محەمەد ئیلیخان، سەرۆكی پارتی گەشەپێدانی توركمان بە ماڵپەری فەرمی پارتی وتووە، "توركمانەكان بۆ گفتوگۆ لەگەڵ پارتی پاكێجێكیان ئامادە كردووە و بڕیارە بیدەنە شاندی دانوسانی پارتی دیموكراتی كوردستان، پاكێجەكەش خۆی لە وەرگرتنی هەردوو جێگری سەرۆك وەزیران و جێگری سەرۆكی پەرلەمان و یەكێك لە وەزارتە خزمەتگوزارییەكان له ‌ناو حكوومەت و دەستەكان".

ئاماژەی بەوەشكرد، توركمانەكان پێیان وایە ئەم جارە دەبێت پێكهاتەكان ڕۆڵی بەهێزیان لە ناو حكومەتی هەرێمی كوردستاندا هەبێت.

 محەمەد ئیلیخان راشیگەیاند، "لە ‌خولی ڕابردوودا حكوومەت لەسەر بنەمای بنكە فراوان سەركەوتوو نەبوو، بۆیە بۆ ئەم خولەی كابینەی حكوومەت، حكوومەتی زۆرینەمان پێ باشە، چونكە ئەزمونی ڕابردوو سەلماندی كە كابینەی بنكەفراوان ناسەقامیگریی سیاسی دروست دەكات و حكوومەتی بنكەفراوان پێچەوانەی سیستەمی دیموكراتییە، بەو هۆیەشەوە لە خولی ڕابردووی حكوومەتدا پێكهاتەكانی كوردستان بە لاوازی بەشدارییان لە حكوومەتدا كرد".
ه.م