ئاسایشی گەرمیان دەستگیرکردنی دوو ئەندامی داعشی ڕاگەیاند

کوردستان

14/11/2018‌ 476 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
ئاسایشی گەرمیان دەستگیركردنی 2 ئەندامی داعش ڕاگەیاند و ئەوەشی وتوە "دادگای تاوانەكانی كەركوك – گەرمیان سزای بەندكردنی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە".

ئەمرۆ چوارشەممە بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ڕایگەیاندووە "لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەکانی هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان سەبارەت بە پاراستنی سەرو گیانی هاوڵاتیان و پاراستنی سنوورەکە لە تیرۆر و تیرۆریستان و دەستگیرکردنی تاوانباران و ڕوو بە ڕووکردنەوەیان بە دادگا".

بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان ئاماژەی بەوەشداوە "پاش کۆکردنەوەی زانیاری وورد و تەواو لە لایەن هێزەکانی بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی گەرمیان توانرا لە ڕۆژانی 23و26/1/2018 دوو تاوانبار بە ناوەکانی(محمد محمد خورشید رحیم لە دایک بووی1996)و(شاخەوان محمد خورشید رحیم لە دایک بووی1984)کە دانیشتووی گوندی(گۆڕە شەلە)ی ناحیەی قۆرەتوون بە تۆمەتی پەیوەندیان بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشەوە و هاوکاری کردنی ئەو گروپە لە سنووری قەزای کەلار و ناحیەی پێباز بە پێی ماددەی(2)ی دەستگیربکرێن و هەروەها توانراویشە ئۆتۆمبیلێک و چەند چەکێک و کۆمەڵێک تەقەمەنی و(TNT)یان پێوە بگیرێت".

ئاسایشی گەرمیان ئەوەشی وتوە "پاش ئەوەی دۆسێکەیان خرایە بەردەم بەرێز دادوەری لێکۆڵینەوەو خستنە ڕووی بەڵگەکان و دانپیادانانی تاونبارانی ناوبراو کە سەر بە رێکخراوی تیرۆریستی داعشن, سەرەنجام رۆژی 13/11/2018 لە لایەن سەرۆکایەتی دادگای تاوانەکانی کەرکووک/گەرمیان بە پێی ماددەی(156)ی س بۆ هەر یەکەیان سزای هەتا هەتایان بە سەردا بسەپێنرێت".

هـ ـ ر