پارێزگاری كەركوك و نوێنەرانی كورد لەسەر زەویە كشتوكاڵییەكان رێكنەكەوتن

عیراق

14/11/2018‌ 979 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
كۆبونەوەیەكی نێوان راكان جبوری پارێزگاری كەركوك و ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەن بێئەنجام كۆتایی هات، كە تایبەت بوو بە كێشەی زەویە كشتوكاڵیەكانی باشوری كەركوكی نێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكان.

دوێنێ سێشەممە، پارێزگاری كەركوك بە وەكالەت لەگەڵ چەند ئەندامێكی كوردی ئەنجومەنی پارێزگادا كۆبویەوە، بەڵام بەهۆی سوربوونی هەردوولایان لەسەر داواكاریەكانیان، كۆبونەوەكە بێ ئەنجام بوو.

كاكەرەش سدیق، سەرۆكی لیژنەی مادەی 140 و ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاند، "پارێزگاری كەركوك دەیویست بەپێی یاسای 117 ی ساڵی 1970 ی تایبەت بە ئیسڵاحی زراعی مامەڵە لەگەڵ دۆسیەی جوتیارە كوردەكان دا بكرێت".

بەپێی یاسای ژمارە 117، زەوی لەژمارەیەك ئاغا وەرگیراوەتەوە لەسنوری كەركوك ، دواتر زەویەكان دراونەتە ژمارەیەك جوتیار لە سەرجەم پێكهاتە جیاوازەكان.

ئەوكات رژێمی بەعس ویستویەتی كێشەی زەوی و زاری جوتیارە كوردە تەرحیلكراوەكانی ساڵی 1975 بخاتە چوارچێوەی ئەم یاساوە، لە كاتێكدا كوردەكان بەزۆر لەسەر موڵكەكانیان دەركرابوون و تەرحیلكرابوون.

كاكەرەش سدیق وتی، "جوتیارە كوردەكان كاتی خۆی بەزۆر دەركراون، بۆیە دەبێت مافیان بۆ بگێردرێتەوە، بۆیە ئێمە بەداواكاریەكانی پارێزگاری كەركوك رازی نەبووین."

دوای كۆبونەوەكەی دوێنێ سێشەمە، پارێزگاری كەركوك روونكردنەوەیەكی بڵاوكردەوە، تێیدا هاتبوو "لەكۆبونەوەكەدا جەخت لەسەر پابەند بوون بەیاساو رێنماییەكان كراوەتەوە."

كۆبونەوەكەی نێوان پارێزگار و ئەندامە كوردەكان، لەكاتێكدایە ماوەیەكە ناكۆكی قوڵ و تەنانەت پێكدادانیش لەنێوان جوتیارە كورد و عەرەبەكانی باشوری كەركوكدا روویداوە.

جوتیارە كوردەكان كە ساڵی 1975 لە باشوری كەركوك تەرحیلكراون، خۆیان بە خاوەنی زەویەكان دەزانن و جەخت لەسەر دەركردنیان بە زۆر دەكەنەوە، جوتیارە عەرەبەكانیش كە لەساڵی 2003 ەوە ناوچەكەیان جێهێشتوە و دوای 16 ی ئۆكتۆبەر گەڕاونەتەوە، دەڵێن"زەویەكان هی ئێمەیە."

كاكە رەش سدیق راشیگەیاند، "راكان جبوری سور بوو لە سەر داواكاری عەرەبەكان و ئێمەش بەتوندی رەتمانكردەوە، بۆیە كۆبونەوەكە دواخرا."

سەرهەڵدانەوەی ناكۆكی لەنێوان كورد و عەرەب لەسەر زەویە كشتوكاڵیەكانی كەركوك، لەكاتێكدایە بەشێك لە جوتیارە عەرەبەكان لەچوارچێوەی مادەی 140 دا قەرەبوكراونەتەوە لەبەرانبەر جێهێشتنی ناوچەكە، بەڵام ئێستا جارێكی تر گەڕاونەتەوە.
ه.م