پارتی‌و یەكێتی لەبارەی پۆستی وەزارەتی دادی عێراق دەگەنە لێكتێگەیشتنێك

عیراق

15/11/2018‌ 3669 جار خوێندراوه‌ته‌وه

شارپرێس:
یەكێتی نیشتمانی لەكابینەكەی عەبدولمەهدی پۆستێكی وەزاری دەبێت‌و لەو بارەشەوە لێكتێگەیشتن لەنێوان ئەو حیزبەو پارتی دیموكرات هەیە.

جوان ئیحسان سەرۆكی لیستی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان لەئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، رایگەیاند، حیزبەكەی لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی پۆستێكی وەزاریی دەبێت‌و "پێشبینی دەكەین ئەو وەزارەتەش وەزارەتی داد بێت".

جوان ئیحسان بۆ ئاژانسی ئەنادۆڵ راشیگەیاند "لەماوەی رابردوودا بەشێكی كابینەكەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەهدی دەنگی لەسەر دراوە و بەشەكەی تریشی تا ئێستا ماوەتەوە و بە هۆی لێكنەگەیشتنی لایەنە عێراقییەكان تا ئێستا ماون و دەنگیان لەسەر نەدراوە و دواخراوە، بەتایبەت لەسەر دوو وەزارەتی سەرەكی ناوخۆ و بەرگری ناكۆكی هەیە".

سەرۆكی لیستی یەكێتی هەروەها رایگەیاند "تا ئێستا دیار نییە لە چ كۆبوونەوەیەكی داهاتووی ئەنجوومەنی نوینەران ئەم بابەتە دەخرێتە بەرنامەی كارەوە و تایبەت دەكرێت بەدەنگدان لەسەر ئەو وەزارەتانەی، كە ماون و وەزیرەكانیان دیاری نەكراوە".

جوان ئیحسان ئەوەشی راگەیاند "لەسەر ئەو پۆستە وەزارییانە دیار نییە لایەنە عێراقییەكان كەی دەگەنە رێككەوتن، هەروەها خودی عادل عەبدولمەهدی، كە سەرۆكایەتی كابینەكە دەكات لە رۆڵی نزیكردنەوەی لایەنەكاندایە".

كورد لەكابینەكەی عادل عەبدولمەهدی سێ‌ پۆستی وەزاری هەیە، تا ئێستا دوو پۆستیان بۆ پارتی دیموكراتی كوردستان یەكلابووەتەوە، كە پۆستی وەزیری دارایی و وەزیری ئاوەدانكردنەوەو نیشتەجێكردنە، هەرچی پۆستی وەزاری سێیەمە، كە تا ئێستا یەكلانەكراوەتەوە هەردوو لایەنی پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی وەرگرتنی ئەو پۆستە بە مافی خۆیان دەزانن.

سەرۆكی لیستی یەكێتی لە بارەی پشكی یەكێتی لەو پۆستە وەزارییانەی، كە رایگەیاند "ئەوەی پەیوەستە بە یەكێتی و پشكی یەكێتی لە كابینەكەی عادل عەبدولمەهدی، ئەوەیە یەك لە پۆستە وەزارییەكانمان دەبێت و پێشبینی دەكەین ئەو وەزارەتەش وەزارەتی داد بێت".

سەرۆكی لیستی یەكێتی ئاماژەی بەوەش كرد، پارتی و یەكێتی لەسەر ئەو پۆستە گفتوگۆ و دانوستانەكانیان لەگەڵ عادل عەبدولمەهدی خۆیدایە، كە سەرۆكی ئەم كابینەیەیە و ئەو لە كۆتایدا بڕیاری كۆتایی لەسەر ئەو پرسە دەدات‌و رایگەیاند "پێشبینی دەكەین لە كۆتایدا هەردوولا لێكتێگەیشتنیان هەبێت لەو بارەیەوە".

جوان ئیحسان باسی لەوەش كرد، ئەو گوشارە سیاسی و دەستێوەردانانەی ئێستا هەیە لەسەر سەرۆكوەزیران وا دەكات نیشانەی پرسیار دەخاتە سەر ئەوەی، كە ئایا پڕۆسەكە بە سەركوتوویی دەگاتە جێ‌ یان لە ناوەڕاستدا دەپچڕێت و شكست دەهێنێت، ئەگەر ئەم حكوومەتەی ئێستاش شكست بهێنێت ئەوا كارەسات دەبێت بۆ عێراقییەكان".

سەرۆكی لیستی یەكێتی هەروەها رایگەیاند "لەعێراقدا كۆمەڵێك كێشەی زۆر هەیە لە كێشەی دارایی و ئیداری و پێویستیان بە رێكخستنەوەی بەپەلە هەیە، هەروەها زۆر ناوچەی وەك مووسڵ هەیە كە داڕووخاوە و پێویستە كێشە سیاسییەكان بخرێتە لاوە و ئاوەدان بكرێتەوە، هەروەها كێشەی بەسرە و كێشەكانی نێوان هەرێم و ناوەند و چەندین كێشەی تر كە هی ئەوە نین كە سەركێشییان پێوە بكرێت".